کارکردن لە پڕۆژەی ئاوی ئاکرێ و دەوروبەری بەردەوامە

کار و پڕۆژەکانی خزمەتگوزاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوامن، پڕۆژەی ئاوی ئاکرێ، یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی حکوومەتی ھەرێم لە سێکتەری ئاوی خواردنەوە و گرفتی کەمئاوی بۆ دانیشتووانی شاری ئاکرێ و زیاتر لە ٢٠ گوند و کۆمەڵگەی دەوروبەری چارە دەکات.

لە ئاکرێ و ٢٨٩ گوندی دەوروبەر بۆ دابینکردنی ئاو پشت بە ئاوی ژێر زەوی دەبەسترێت، ئەو پڕۆژەیەی کە لەسەر زێی گەورە جێبەجێ دەکرێت، دەتوانێت تا ٢٥ ساڵ ڕۆژانە ٤٢٠ لیتر ئاو بۆ ھەر تاکێک دابین بکات، بەمەش چیدی دانیشتووانی ئەو گوندانەی کێشەی ئاویان ھەیە، پێویستیان بەوە نابێت ماوەیەکی زۆر ببڕن بۆ دابینکردنی ئاو.
پڕۆژەی ئاوی ئاکرێ لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت و لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆوە سەرپەرشتیی دەکرێت.
گوژمەی پڕۆژەکەش زیاتر ١٠٩ ملیار دینارە، ھەروەھا لە یەک کاتژمێردا توانای بەرھەمھێنانی ٣ ھەزار مەتر سێجا ئاوی خواردنەوەی ھەیە، شاری ئاکرێ و ٢٠ گوند و کۆمەڵگەکانی دەوروبەری لێی سوودمەند دەبن.
ئەندازیار ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی ئاوی ئاکرێ، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ناوەڕۆکی پڕۆژەکە ئاشکرا دەکات و دەڵێت: پاش ھاتنی سەرۆکی حکوومەت بۆ سنوورەکە خێراتر کار لەسەر پڕۆژەی ستراتیژی ئاوی ئاکرێ دەکرێت، ئێستا لە سێ شوێنی جیاواز کار لە پڕۆژەکە دەکرێت، لە سەنتەری قەزا لوولەی سەرەکی بۆ خەزانەکان ڕادەکێشرێت، ھەروەھا لە وێستگەیەکی دیکە کار دەکرێت ئەویش دانانی ھێلی سەرەکی گواستنەوەی ئاوە لەسەر زێی گەورە بۆ ناو سەنتەری شاری ئاکرێ.