وەفا و پێزانینی هێزی پێشمەرگە و گەلی کوردیان بە ڕاوێژکارانی هێزەکانی هاوپەیمانان گەیاند

لە ڕێوڕەسمێک بە ئامادەبوونی تۆمماسۆ سانسۆنی کونسوڵی گشتی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان، فەریق روکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە و ژمارەیەك لە فه‌رمانده‌ و ئەفسەرانی باڵای هێزی پێشمەرگە و تیمێکی ڕاوێژکارانی سەربازی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان، لە بارەگای فەرماندەیی هێزەكانی ئیتاڵیا لە هەولێر، ڕێوڕەسمی ئاڵوگۆڕ و رادەستكردنی ئەركی فەرماندەی هێزەکانی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان لە (کۆڵۆنێڵ سیرۆ فۆرتی) بۆ (کۆڵۆنێڵ ئەنتۆنیلۆ ئاندریۆتۆلا) بەڕێوەچوو.

لەو ڕێوڕەسمەدا، کۆڵۆنێڵ سیرۆ فۆرتی فەرماندەی پێشووی هێزەکانی ئیتاڵیا بە بۆنەی کۆتایی هاتنی ئەرکەکەی لە وتەیەکدا گوتی: دەمەوێت سوپاسی پێشمەرگە و ئەندامانی هێزی هاوپەیمانان بکەم کە کاری هاوبەشمان بەیەکەوە کرد و هەموو ئەو دەسکەوتانە بە کارکردنی دڵسۆزانە و پیشەییانە لەلایەن یەکە سەربازییەکانی وڵاتانی هاوپەیمان بەدیهاتوون و دڵخۆشم کە بەهەماهەنگی و هاوکاریکردن لەگەڵ هاوپەیمانان کارمان بۆ ڕێکخستنی هێزی پێشمەرگە کردووە.
پاشان کۆڵۆنێڵ ئەنتۆنیلۆ ئاندریۆتۆلا، فەرماندەی تازەی هێزەکانی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان لە وتەیەکدا رایگەیاند: “شانازیەکی گەورەیە بۆ من کەوا ئەمڕۆ فەرماندەیی هێزەکانی ئیتاڵیا لە کوردستان دەکەم و هەموو هەوڵێک دەدەم بۆ بەردەستخستنی تواناکان بۆ بنیاتنانی توانای هێزە هاوبەشەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکان و بە دەستهێنانی ئامانجە هاوبەشەکانمان.
لەکۆتاییدا، سەرۆکی ئەرکان و ئەفسەرانی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە، پیرۆزباییان لە فەرماندەی تازەی هێزەکانی ئیتاڵیا کرد و هیوای سەرکەوتنیشیان بۆ فەرماندەی پێشوو خواست و هەروەها وەفا و پێزانینی هێزی پێشمەرگە و گەلی کوردیان بە تەواوی راوێژکارانی ئامادەبووی هێزەکانی هاوپەیمانان گەیاند کە ڕۆڵێکی گاریگەرییان هەیە لە هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیەتی نێوودەوڵەتی دژی داعش.