هەر پڕۆژەیەک جێبەجێ بکرێت بە دەیان هەلی کار دەڕەخسێنێت، ئەمساڵ لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ١١ پڕۆژەی وەبەرهێنان بەگوژمەی ٣٥ ملیۆن دۆلار دروست کراون، ئەو پڕۆژانە هەلی کاریان بۆ ٣٤٠٠ کەس ڕەخساندووە.
جگەرخۆین تەها عەبدی، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنان لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بۆ ڕۆژنامەی “هەولێر” دەڵێت: لە ساڵی ٢٠٢٤ مۆڵەت بە ٧ پڕۆژەی وەبەرهێنان بەگوژمەی ٢٧ ملیۆن دۆلار دراوە و، لە ماوەیەکی نزیکدا ٤ پڕۆژەی دیکەش مۆڵەتیان بە گوژمەی ٧ ملیۆن دۆلار پێ دەدرێت، ئەو پڕۆژانە و پڕۆژەکانی دیکەش لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەرفەتی کاریان بۆ زیاتر لە ٣٤٠٠ کەس ڕەخساندووە.
لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا کە زاخۆ بۆتە ئیدارەی سەربەخۆ ١٩ پڕۆژەی وەبەرهێنان دروست کراون، ئەو پڕۆژانە چوار هەزار هەلی کاریان ڕەخساندووە بەگوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە ١٧٢ کە لە ٢٠ی مانگی ٩ی ساڵی ٢٠٢٢ دەرکراوە پێویستە ڕێژەی دەستی کاری ناوخۆ کەمتر نەبێت لە ٧٠%، لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ڕێژەی دەستی کاری ناوخۆ دەگاتە ٩١%.