ئیسرائیل بە نیازە هێرشێکی گەورە بۆ سەر حووسییەکان بکات

دەستەی پەخشی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئیسرائیل لە چەند هەفتەی داهاتوودا وەڵامی هێرشی حووسییەکانی یەمەن دەداتەوە.

دەستەکە ئاماژەی بەوەش دا ” ئیسرائیل ئامادەکاریی بۆ دەست پێ کردنی هێرش بۆ سەر یەمەن دەکات و کۆدەنگییەکی تەواو لە دامەزراوە ئەمنییەکان لەسەر ئەم بابەتە هەیە.”

باسی لەوەش کرد، ئیسرائیل تێبینی کردووە کە بەردەوام حووسییەکان بەرپرسیارێتی بەردەوامی هێرشەکان لە ئەستۆ دەگرن.

لە تشرینی دووەمی 2023وە حووسییەکانی یەمەن لە دەریای سووردا هێرش دەکەنە سەر کەشتییە بازرگانییە ئیسرائیلییەکان یان ئەوانەی بەرەو ئیسرائیل دەڕۆن، وەک پشتیوانی لە غەززە و پشتیوانی لە گەلی فەڵەستین.

لە بەرامبەریشدا، ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی هێزێکی سەربازییان پێکهێنا بۆ چۆنییەتی مامەڵە کردن لەگەڵ هێرشی بەردەوامی حووسییەکان، چەندان جار بە فڕۆکە هێرشیان کردووەتە سەر ناوچە جیاجیاکانی یەمەن.