سێشەممە, كانونی یه‌كه‌م 17, 2024

به‌ بڕیاری سەرۆکی حکوومەت ڕشتانه‌ كار له‌ پڕۆژه‌ی ستراتیژی ئاوی ئاكرێ ده‌كرێت

 

چواس خالید – هەولێر

به‌ بڕیاری مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری ستراتیژی ئاوی ئاكرێ کە یەکێکە لە پرۆژە ستراتیژییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕشتانە کاری تێدا دەکرێت پرۆژەکە له‌ یه‌ك كاتژمێردا توانای دابینكردنی سێ هه‌زار مه‌تر سێجا ئاوی پاكی هه‌یه‌ و تا ئێستا ٥٤%ی كاره‌كانی ته‌واو بووه‌.

حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕشتانه‌ كاری كردووه‌ له‌ دابینكردنی ئاوی خواردنه‌وه‌ بۆ ته‌واوی دانیشتوانی هه‌رێمی كوردستان، له‌و باره‌وه‌ چه‌ندان به‌ندا و پۆند و پڕۆژه‌ی گه‌وره‌ی دابینكردنی ئاو و به‌ستنی تۆڕی ئاوی خواردنه‌وه‌ی له‌ شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێ كردووه‌.
یه‌كێك له‌و پڕۆژانه‌، پڕۆژه‌ی ستراتیژی ئاوی ئاكرێیه‌، كه‌ له‌سه‌ر بڕیاری مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ست به‌ بنیاتنانی كرایه‌وه‌، ئێستاش سه‌رۆكی حكوومه‌ت به‌رده‌وام به‌دواداچوون بۆ ته‌واوكردنی پڕۆژه‌كه‌ ده‌كات.
پڕۆژه‌ی ستراتیژی ئاوی ئاكرێ، یه‌كێكه‌ له‌ پڕۆژه‌ ستراتیژییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ سێكته‌ری ئاوی خواردنه‌وه‌ و گرفتی كه‌مئاوی بۆ دانیشتوانی شاری ئاكرێ و زیادتر له‌ بیست گوند و کۆمه‌ڵگه‌ی ده‌وروبه‌ری چاره‌سه‌ر ده‌كات.
پڕۆژه‌كه‌ به‌ گوژمه‌ی سه‌د و نۆ ملیار دیناری عێراقی جێبه‌جێ ده‌كرێت، كه‌ له‌ یه‌ك كاتژمێردا توانای به‌رهه‌مهێنانی سێ هه‌زار مه‌تر سێجا ئاوی پاكی خواردنه‌وه‌ی هه‌یه‌، ئه‌و ڕێژه‌یه‌ش له‌ بڕی پێویستی ئاوی دانیشتوانی ئاكرێ و ده‌وروبه‌ری زیادتره‌.
مه‌ودای كاری پڕۆژه‌كه‌ به‌ خێرایی بڕاوه‌ و كاره‌كان به‌ باشی به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، به‌تایبه‌ت هێڵه‌كانی گواستنه‌وه‌ی سه‌ره‌كی و ناوشاری ئاكرێ و به‌گوته‌ی ئه‌ندازیار ئاری ئه‌حمه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ئاو و ئاوه‌ڕۆ له‌ وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار، زیادتر له‌ ٥٤%ی كاره‌كانی ته‌واو بووه‌.
پڕۆژه‌ی ستراتیژی ئاوی ئاكرێ، كه‌ له‌سه‌ر فه‌رمانی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێ ده‌كرێت، له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ئاو و ئاوه‌ڕۆوه‌ سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێت.
ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر زانیویه‌تی، دوای ته‌واو بوونی پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاریی ئاوی ئاكرێ، كاری جددی بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ و گۆڕینی تۆڕی ئاوی ئاكرێ ده‌كرێت و ئه‌ویش ده‌چێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.
جیا له‌و پڕۆژه‌یه‌ی ده‌سته‌به‌ركردنی ئاوی خواردنه‌وه‌ بۆ دانیشتوانی سنووری شاری ئاكرێ، له‌ ٨ی ئه‌یلوولی ٢٠٢٤، مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ردی بناغه‌ی پڕۆژه‌ی فریاگوزاریی خێرای گه‌یاندنی ئاوی خواردنه‌وه‌ی بۆ شاری هه‌ولێر دانا و ده‌ست به‌ ڕۆنان و جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كه‌ كرا، له‌و كاته‌وه‌ ڕشتانه‌ كار له‌و پڕۆژه‌یه‌شدا ده‌كرێت به‌ جۆرێك، ئێستا سێ شه‌فت و به‌ هه‌زاران كاركه‌ر و ئامێره‌وه‌ كار له‌ بنیاتنانی ده‌كرێت، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ر له‌ واده‌ی دیاریكراو ته‌واو بكرێت و بخرێته‌ خزمه‌ت دانیشتوانی شاری هه‌ولێر.
پڕۆژه‌ی فریاگوزاریی خێرای گه‌یاندنی ئاوی خواردنه‌وه‌ی بۆ شاری هه‌ولێر، به‌ گوژمه‌ی نزیكه‌ی چوار سه‌د و هه‌شتا ملیۆن دۆلار جێبه‌جێ ده‌كرێت، ماوه‌ی ته‌واوبوونی پێنج سه‌د و په‌نجا ڕۆژه‌، كه‌ به‌ته‌واوبوونی ١٠٠% گرفتی كه‌مئاوی له‌ شاری هه‌ولێر چاره‌سه‌ر ده‌كات.
پڕۆژه‌كه‌ به‌ چوار هێڵی سه‌ره‌كی له‌ نێوان گه‌ڕه‌كه‌كانی شه‌قامی ١٢٠ مه‌تری و ١٥٠ مه‌تری جێبه‌جێ ده‌كرێت، له‌ هه‌ریه‌ك له‌ گه‌ڕه‌كه‌كانی داره‌توو، بنه‌سڵاوه‌، كه‌سنه‌زان، پیرزین، شاوێس، به‌حركه‌، عه‌نكاوه‌ و سێبیران و هتد…، لێی سودمه‌ند ده‌بن.
ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ پشتی به‌ ئاوی زێی گه‌وره‌ به‌ستووه‌ و دوای پاككردنه‌وه‌ و پاڵاوتنی ئاوه‌كه‌ و فلته‌ركردن و كلۆركردنی به‌ ستانداری ڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهانیی (WHO)، و عێراقی ده‌گه‌یه‌ندرێته‌ دانیشتوانی شاری هه‌ولێر.
ساڵانێكه‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هاوشێوه‌ی كه‌رته‌كانی پیشه‌سازی و كشتوكاڵ و گه‌شتیاری، ڕشتانه‌ كار له‌ سێكته‌ری ئاودا ده‌كات و مه‌به‌ستیه‌تی هاووڵاتیانی له‌ ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی ئه‌گه‌ری كه‌م ئاوی و وشكه‌ساڵی ئه‌رخه‌یان بكات.