٧ گەورەنووسەرى ئەدەبیی ئەرمەنستان بناسن

پێشینەى ئەدەبیاتى مۆدێڕنى ئەرمەنستان، کە پێشتر ڕێکارێک بوو بۆ بردنەپێشەوەى ئامانجگەلى نیشمانپەروەرانە، بۆ سەدەى هەژدەیەم دەگەڕێتەوە. سەردەمێک کە وەک ژیانەوەى ئەدەبیی ئەو وڵاتە دەناسرێت و کتێبگەلى جیاواز و باشیش چاپ بوون. هەرچەندە ژیانەوەى ئەم ئەدەبیاتەش قەرزاربارى ئەو نووسەرانە بوو کە لە دەرەوەى سنوورەکانى ئەرمەنستان دەژیان.

ئەدەبیاتى ئەرمەنستان، دابەش ببووە سەر ئەدەبیاتى ئەرمەنستانى ڕۆژئاوا کە لە ژێر دەسەڵاتى ئیمپراتۆریەتى عوسمانى بوو و ئەدەبیاتى ئەرمەنستانى ڕۆژهەڵات کە سەرەتا لە لایەن فارسەکان و دواتریش لە لایەن یەکیەتى سۆڤیەتەوە بەڕێوە دەبرا. لەبەر ئەوەى ئەدەبیاتى ئەم وڵاتە زیاتر ئەدەبیاتێکى شۆڕشگێڕانە و دژى دەسەڵاتە زاڵ و داگیرکەران بووە، بەمەش نزیکایەتییەک و هاوشێوبوونێکى لەگەڵ ئەدەبیاتى کوردى پێوە دیارە بۆیە لێرەدا حەوت نووسەرى دیارى ئەو وڵاتە کە لە بوارى ئەدەبیاتدا درەوشاونەتەوە و لە دونیا ناسێنراون، دەناسێنین:

یەکەم: خاچاتوور ئەبۆڤیان ـ Khachatur Abovian (١٨٠٥ ـ ١٨٤٨)
خاچاتوور ئەبۆڤیان، نووسەرێکى دیار و نیشتمانى ئەرمەنستانە کە بە شێوەیەکى نادیارانە بێ سەروشوێن و هەرگیز ئاسەوارێک لە تەرمەکەى نەدۆزرایەوە. ئەبۆڤیان، مامۆستا و شاعیر و لایەنگرى مۆدێڕنیزاسیۆن بوو لە وڵاتەکەى و وەک باوکى ئەدەبیاتى نوێى ئەرمەنستانیش بەنێوبانگە. ڕۆمانەکەى “برینەکانى ئەرمەنستان” وەک بەنێوبانگترین کتێبی ئەدەبی ئەو وڵاتەى لێ هاتووە. ئەم ڕۆمانەى لە ساڵى ١٩٨٤١ى زایینى نووسى و پاش مەرگى واتە لە ساڵى ١٨٥٨ چاپ بوو، یەکەم ڕۆمان بوو کە بە زمانى ئەرمەنى مۆدێڕن چاپ دەبوو و سوودى لە زمانى ئەرمەنى ڕۆژهەڵاتى بە شێوەزارى ئەیرەوانى لەبرى زمانى ئەرمەنى کلاسیک وەرگرتبوو. ئەبۆڤیان، لە ڕووى فکرى و فەرهەنگییەوە کەسایەتییەکى زۆر پێشڕەو و پێشکەوتووى هەبوو کە هەرگیز بەرهەمەکانى لە ژیانیدا ڕێگەى چاپبوونیان پێ نەدرا. ئەم نووسەرە گەورەیە نە تەنیا لە بوارى ئەدەبیات بەڵکو لە بوارى مێژووى ئەرمەنستانیش کەسایەتییەکى گرنگ و ناسراوە.

دووەم: هوڤهانس توومانیان ـ Hovhannes Tumanyan (١٨٦٩ ـ ١٩٢٣)
هوڤهانس توومانیان، شاعیر و نووسەر و وەرگێڕ و چالاکى ئەدەبی و یەکێکە لە ڕووخسارە گرنگە فەرهەنگییەکانى ئەرمەنستان. شیعر و چوارینە و تەسنیف و ڕۆمان و ئەفسانە و وتارى ڕەخنەیی و ڕۆژنامەنووسى، بەشێک بوون لە کارەکانى. بەرهەمەکانى زیاتر ڕیالیستى بوون کە زیاتر سەرەنجیان خستبووە سەر ژیانى ڕۆژانەى خەڵکى سەردەمەى خۆى. هوڤهانس توومانیان لە گوندە مێژووییەکەى دسق لە ناوچەى لۆر لەدایک بووە و لە لاویەتى چووەتە تفلیس کە ناوەندى فەرهەنگى ئەرمەنستانى ڕۆژهەڵات بوو و لە ژێر دەسەڵاتى ئیمپراتۆریەتى ڕوسیە بوو. بە خێرایی شیعرە سادە و دڵنشینەکانى لە نێو خەڵکى ئەرمەنى ناسێنران و فیلم و ئەنیمەیشنى زۆریان لەسەر دروست کرا. دوو ئۆپێراشى هەیە بە ناوەکانى ئانووش (١٩١٢) کە ئارمن تیگرانیان و ئالماس (١٩٣٠) کە ئەلێکساندر ئیسپندیاریان کاریان لەسەرى کردووە.

سێیەم: سیلڤا کاپووتیکیان ـ Silva Kaputikyan (١٩١٩ ـ ٢٠٠٦)
سیلڤا کاپووتیکیان، شاعیر و چالاکى سیاسیی ئەرمەنییە و یەکێک لە بەنێوبانگترین نووسەرە ئەرمەنییەکانى سەدەى بیستەمە و وەک “شاعیرى دیارى ئەرمەنستان” و “خاتوونى گەورەى شیعرى ئەرمەنى لە سەدەى بیستەم” ناسراوە. ئەگەرچى ئەندامى حیزبی کۆمۆنیست بوو، بەڵام چالاک و برگریکارە دیارەکانى ئامانجە نیشتمانییەکانى ئەرمەنستان بوو. یەکەم کۆمەڵە شیعرى سیلڤا، لە نێوەڕاستەکانى دەیەى ١٩٤٠ى زایینى چاپ بوو و لە دەیەى ١٩٥٠ى زایینى وەک کەسایەتییەکى گرنگى ئەدەبی لە ئەرمەنستانى ڕۆژهەڵات ناوى بڵاو بووەوە. سیلڤا سەرەڕاى ئەرمەنى، زمانى ڕووسیشى دەزانى و زۆرێک لە بەرهەمەکانى وەرگێڕدراونەتە سەر زمانەکانى دیکە. تا کۆتاییەکانى دەسەڵاتداریەتى سۆڤیەت، ئەو بەردەوام ئاگادار و سەرقاڵى پرسى سیاسى و کۆمەڵایەتی بوو.
چوارەم: ئاڤتیک ئیسحاکیان ـ Avetik Sahak Isahakyan (١٨٧٥ ـ ١٩٥٧)
ئاڤتیک ئیسحاکیان، شاعیر و نووسەر و چالاکى کۆمەڵایەتى دیارى خەڵکى ئەرمەنستان بوو. ئیسحاکیان، پاش ئازادبوونى لە زیندانى سۆڤیەت لە ساڵى ١٨٩٧، یەکەم کۆمەڵە شیعرى خۆى بە ناوى “ئاواز و برینەکان” چاپ کرد، بەڵام بە زوویی دووبارە و لەبەر چالاکییەکانى دژ بە تێزارى ڕوسیە دەستبەسەر و بۆ ئوودسا دوور خرایەوە. قەسیدە هەڵنەر و سۆزدار و مێلۆدارەکانى بوونەتە هۆى خۆشەویستییەکى زۆر لە نێو خەڵکى ئەرمەنستان. باشترین بەرهەمەکانى ئیسحاکیان لێوڕێژن لە واتاگەلى غەمناک و وردبینانە لەسەر چارەنووسى مرۆڤ و نادادپەروەرى نێو ژیان. بەرهەمانى ئەم نووسەرە بە هۆى خۆشەویستى بۆ زێد و نیشتمانەکەى خوێنەر و لایەنگرى زۆریان هەیە و وەرگێڕدراونەتە سەر زمانگەلێکى زۆر و گۆرانیبێژ و هونەرمەندەکان سوود لە شیعرەکانى وەردەگرن بۆ گۆرانی.

پێنجەم: هۆڤهانس شیراز ـ Hovhannes Shiraz (١٩١٤ ـ ١٩٨٤)
هۆڤهانس شیراز، بەر لە هەر شتێک بە گاڵتە و زمانشیرینییەکەى بەنێوبانگبوو. لە ساڵى ١٩٦٣ى زایینى جان ئیشتاین بێک نووسەرى نێودار چووە شووقەکەى لە ئیرەوان و دواتر نامەیەکى بۆ نووسى: “.. کاتێک پیاوەکان پێکەوە پێ دەکەنن، زیاتر لێک نزیک دەبنەوە. من بیرمە کە لە ئیرەوان پێکەوە زۆر پێکەنین.”
شیراز شاعیرێکى دژە حکومەتى بوو کە لە نێو خەڵکى ئەرمەنستان و لە کاتى دەسەڵاتداریەتى سۆڤیەت، خۆشەویستییەکى زۆرى بۆ خۆى کۆ کردبووەوە و هەموو تەمەنیشى دژى دەسەڵاتە گەندەڵەکەى سۆڤیەت خەباتى کرد. کاتێک کە لە ساڵى ١٩٧٤ى زایینى، سوورن ئاقابابیان، ڕەخنەگرى نێودار، هەواڵى پێدانى نیشان و سیمبولى لنینى دایە شیراز، ئەو لە وەڵامدا گوتى: “.. ئەوان (مەبەستى سۆڤیەت) لە بەرامبەر ئەو خەڵاتە چییان لە من دەوێت؟ بێدەنگى منیان دەوێت؟!”.
شیراز خاوەنى نزیکەى ٤٠ دەفتەرى شیعرى و وەرگێڕانە. وشە دەوڵەمەند و ستایلە هەستیارەکەى تێکەڵ بە قسە و مەتەڵەک و گفتوگۆى خەڵکى ئاساییە و هەر ئەمەش شیعرەکانى کردوونەتە باشترین دەستکەوت و بەرهەمى ئەدەبی ئەرمەنستان. ڕەخنەگرێکى زۆر، بەرهەمەکانى وەک شاکارێک تەماشا دەکەن و بە قسەى پارویر سواک، “شیعرى نوێى ئەرمەنستان لە شیرازەوە هەڵقوڵاوە”.

شەشەم: شووشانیک کوورگینیان ـ Shushanik Kurghinian (١٨٧٦ ـ ١٩٢٧)
شووشانیک کوورگینیان، شەشەمین نووسەرى دیارى ئەرمەنییە کە بەرهەمەکانى وەرگێڕدراونەتە سەر ١٧ زمانى جیاوازى دونیا. لە مێژووى ئەدەبیاتى ئەرمەنستان بۆ پەرەپێدانى شیعرى سۆسیالیستى و فیمینیستى، ئاماژە بە ناوى دەکرێت. شووشانیک کوورگینیان لە ئەرمەنستان وەک “دەنگە بێدەنگەکان” نێوبانگى دەرکردووە و خۆشى وەک شاعیرێکى “قووڵى سیاسى” سەیرى خۆى دەکرد. یەکەمین شیعرى لە ساڵى ١٨٩٩ى زایینى و لە بڵاوکراوەى تراز بڵاو بووەوە و لە ساڵى ١٩٠٠ى زایینى یەکەمین کورتە چیرۆکى لە گۆڤارى ئاق بیور بڵاو بووەوە.
شووشانیک کوورگینیان پاش دامەزراندنى یەکەمین گرووپى سیاسى ژنانى هنچاکى لە ئەلێکساندرۆپل، بۆ هەڵاتن لە دەست ڕژێمى تێزار بۆ شارى ڕۆستوف ڕاى کرد. یەکەمین بەرگە شیعرى بە ناوى “سپێدەدەم” لە ساڵى ١٩٠٧ى زایینى چاپ بوو. پاش ئینقیلابی ڕوسیە، لە ساڵى ١٩٢١ى زایینى گەڕایەوە ئەرمەنستانى ڕۆژهەڵات و تا کاتى مەرگى هەر لەوێ مایەوە.

حەوتەم: سیپان شیراز ـ Sipan Shiraz (١٩٦٧ ـ ١٩٩٧)
سیپان شیراز، شاعیر و پەیکەرتاش و نیگارکێشى ئەرمەنستانییە و کوڕى شاعیرى ئەرمەنى هۆڤهانس شیرازى هاوسەرى دووەمى شووشانیکە. لە ئەنیستیتۆى هونەرى ئیرەوان خوێندى. شیراز لە ماوەى تەمەنە کورتەکەى ٧ کتێبی چاپ و بڵاو کردەوە. ئەندامى ناوەندى نووسەرانى ئەرمەنستان بوو و لە ڕادیۆ ئیرەوانیش کارى دەکرد. شیراز لە گۆڕستانى ناوەندى پانتئۆنى ئیرەوان بەخاک سپێردراوە.

ھەواڵی زیاتر