هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

دووڕیان

به‌رزان هه‌ستیار

دواجار ئه‌نووسم…
مردن بۆ گوڵی ئومێده‌ ساخته‌کان و

سه‌رشۆڕییش بۆ دره‌خته‌کانی خۆشباوه‌ڕیی

مردن به‌و هه‌یبه‌ته‌ی خۆیه‌وه‌
له‌ هه‌موو شتێ بێقیمه‌تتره‌،…

که‌س نییه‌ ده‌ستی نه‌که‌وێ!

سواری گای هار ئه‌بم،…
به‌ پشتی کیسه‌ڵ سه‌فه‌ر ئه‌که‌م، بۆ دوور..دوور

ژیان ئه‌بێ وا بێ، وا !

شۆڕه‌ژنێک پێی وتم،…
تۆ و مردن دارمێوێکن،…
به‌سه‌ر یه‌ک که‌پرا شۆڕبوونه‌ته‌وه‌
وتم بۆ؟؟؟

وتی چووزانم، ده‌به‌نگ!!

ژیان له‌ شتێکی سه‌یر ئه‌چێ،

شته‌ سه‌یره‌کان کتومت ئه‌ڵێی ژیانن!!

ئه‌مه‌وێ له‌ شتێک بدوێم،…
به‌ تاڵێک له‌ قژی مردن و

ته‌ڵێک له‌ وه‌نه‌وشه‌ی ژیان هه‌ڵواسرابێ!

له‌ کرده‌وه‌یه‌کی خۆکوژییدا،…
دڵم له‌ سارایه‌کدا خۆی ته‌قانده‌وه‌ و

سه‌دان “بێده‌نگیی” بوونه‌ قوربانیی!

له‌ کورته‌ی هه‌واڵه‌کانا…
درێژترین سه‌فه‌ریان،…

به‌ ناو زێرابه‌کانی مردنا پێکردم

له‌ملاوه‌ سڵاوێک له‌ ژیان و
له‌ولاوه‌، نیوه‌ڕۆیه‌ک خۆم ئه‌که‌م به‌ ماڵی مردنا،

هه‌ردووکیان به ‌جاسووسم تێئه‌گه‌ن

سه‌د فرسه‌خ له‌ مردن دوور ئه‌که‌ومه‌وه‌ و
بێئه‌وه‌ی پێم بڵێ،..

(نوقته) ‌یه‌ک، ئه‌مهێنێته‌وه‌ سه‌ری دێڕ

تاقه‌تی هیچیشم نه‌بێ…

سه‌ره‌ته‌قێیه‌ک له‌گه‌ڵ ژیانا هه‌ر ئه‌که‌م

حه‌زم له‌ گۆرانییه‌کی بێده‌نگه‌،…

مه‌رگێکی چه‌نه‌باز ڕاوبنێ

به‌و کڵپه‌ی پێکه‌نینه…‌
ئاو دائه‌گیرسێ و

مردن ئه‌کوژێته‌وه‌

له‌ کوێ فریای ئه‌و هه‌موو پلانه..

بۆ ئه‌م ئاشووبه‌ی ژیان ئه‌که‌وم!!

مردنێک له‌ ناخما هه‌ناسه‌ ئه‌دا،
مردنێک به‌ ڕه‌نگی ئاو!!
ته‌مووزی 2012
ئه‌ڵمانیا- کۆلن