زارین گۆرانیەکی حەسەن زیرەک دەڵێتەوە

شیڤان شێرزاد – هەولێر

 

کچە هونەرمەندی باکووری کوردستان “زارین ئەنجۆ”، کە ئێستا لە هەولێری پایتەخت نیشتەجێیه و بەشدارە لە شەوە ئاهەنگەکاندا و گۆرانیەکی فۆلکۆر بەشێوەی ڤیدیۆ کلیپ بڵاودەکاتەوە.

گۆرانیەکە بەناونیشانی “مەستم مەستم”ـە و لە پێشووتردا هونەرمەندی گەورە “حەسەن زیرەک” گوتوویەتی و ئێستا زارین بە ستایلێکی نوێ و بە هاوکاری هونەرمەند “ئەڤشین شوکری لە یوتیوبی خۆی دا بڵاوی کردووەتەوە و دیمەنەکانی ئەو بەرهەمەش لە بەردەم قەڵای هەولێر و باغی شاردا تۆمار کراون.
“زارین ئەنجۆ” سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی کلیپە نوێیەکەی بە “هەولێر”ـی ڕاگەیاند: گۆرانی “مەستم” یەکێکە لەو بەرهەمانەی کە میلۆدی و وشەکانی بە تەواوی کوردییە و هەر لە منداڵیەوه عەشقی ئەو گۆرانیه بووم و بە دوای دەرفەتێک دەگەڕام، کە بتوانم بە ستایلێکی نوێ تۆماری بکەم و جارێکی تر بیخەمە بەر گوێی عاشقانی گۆرانی کوردی، بۆیە لەگەڵ ستافێکی پڕۆفیشاڵ لە کاری هونەری ئەو بەرهەمەم تۆمار کرد و لە نێو جەرگەی هەولێر و قەڵای شکۆداری کوردان دیمەنەکانم وێنەگرت و ئێستاش لە تیکتۆک و یوتیوب و تەواوی سۆشیال میدیادا بڵاوم کردووەتەوە و دەبێتە دوا بەرهەمی من لە ساڵی ٢٠٢٤ـدا، هەروەها دەمەوێت لێرەوە ڕایبگەیەنم، کە ئێستا ئامادەکاری دەکەم بۆ بەشداریکردن لە ئاهەنگی سەری ساڵی نوێ لە هەولێر و تۆمار کردنی گۆرانیەک بۆ ساڵی ٢٠٢٥، کە دەبێتە بەرهەمێکی بەپێز و وەک بۆمبێک لە نێو جەماوەرەکەم دەتەقێتەوە.