گۆهدار شکری ئاکرەیی
گومانی تیانیە هێزێکی فرەوان و شاراوە لەناو دەروونی هەریەک لە ئێمەی مرۆڤ بوونی هەیە، ئەم هێزەش لە رێگای کاریگەرییەکانیەوە هەستی پێ دەکەین لە بوونەوەرەکانی تر جیامان دەکاتەوە. وە هەر کاتێ ئەم هێزە بەدروستی بیخەینە بواری کردارەوە، بەشێوەیەکی زۆر کاریگەر خزمەت بەمرۆڤایەتی دەکات و ڕێ لە پێشێلکردنی بەهای مرۆڤایەتی دەگرێت.! وە بەپێچەوانەوە ئەم هێزە ڕەهایە بە نادروستی بەکاری بهێنی ژیان پێی دەشێوێ و ژیانێک لەشێوەی هەرەمەکی بەدی دێ. ئەم هێزەش بەزمانی دەروونناسان پێی دەڵێن ( ویژدان)کە لەلای هەموو مرۆڤێک شتێکی ناسراوە و نامۆنیە . بێگومان لەبنەرەتدا هەموو مرۆڤێک خاوەن دەروونی خۆیەتی و هەلگری ئەم هێزەیە واتا ویژدان، بەڵام لەکەسێکەوە بۆ کەسێکی ترجیاوازیەکی زۆری تیا بەدی دەکرێت لە دەربڕینی. کەچی لەبنەرەتدا مەرجە ئەمە بزانین زۆر لە دەرونناسانی ئەم بوارە بۆمان پشت راستی دەکەنەوە،لە سەرەتای تەمەنی هیچ مرۆڤێک ئەم هێزە ڕەهایە بەشێوەی ئەرێنی یا نەرێنی لە چارەنووسی دیار نەکراوە، بەلکوو سەرچاوەی ئەم هێزە لە هەنگاوەکانی سەرەتای ژیانی هەرتاکێک زۆر بە هەستیاری و خێرایی درووست دەبێ و هەموو گۆڕانکاری و رووداوەکان کاریگەری راستەو خۆی لەسەر ناخ و دەروونی دەنێتەوە، واتا پەیوەندی راستەو خۆی بەکاریگەرییە ئەرێنی ونەرێنیە کۆمەلایەتییەکانی ئەو کەسە هەیە لەو پەروەردە دروست و نا دروستەی تاکەکە خۆی تیادەبینێتەوە لە نێوان ژینگەیەکی تاچەند دروست و نا دروست و پڕ لە ململانێ و رق و تەبایی. کە ئەمانە هەمووی پاڵنەری سەرەکین بۆ شێواندنی ئەم هێزە، تاوەکوو کاریگەری راستەوخۆی بنێتەوە لەسەر تاکەکە و تاچەند ئاڵۆزانە وقوڵتر لەپێویست لە ژیان بڕوانێ یا بەشێوەیەکی ساکارو سادە لەگەڵ هێزەکە گەشە بکات و شارەزایی و ئاگایی هەبێ بەرامبەر بەچۆنیەتی ژیان و پەیرەوی هەست و سۆزی بەکوێرانە ئەنجام نەدات، وە بەر لە ئەنجامدانی هەرکارێک شیکاری بکاو بیر و ڕا وەربگرێ تا چەند ئەو هەستە سوودبەخشە یان زیان بەخشە، دەرنجام ئەم کەسایەتییانە تا لە ژیاندان حەزیان لێنیە بەهیچ شێوەیەک کەسێک ببێتە قوربانی هەستی ناخۆشی، لەهەمان کاتدا خۆی بە بەختەوەر دەزانێ کاتێ بەرامبەرەکەی بگاتە ئەو شتەی کەئاوات خوازە لەژیانیدا، چوونکە هێزی ویژدان مایەی یارمەتیدەری مرۆڤایەتییە و بە بەختەوەرانە بژیت،کەچی ئەوانەی فەرامۆشی ویژدان دەکەن،خاوەن هەستێکی لاوازو خۆ ویست و ترسنۆکن . رۆژ بەدوای رۆژ هەستەکانی لاواز تردەبن و بەهیچ شێوەیەک هەستەکانی ئازاری نادات، بەپێچەوانەوە چێژ لە ئازاردانی مرۆڤ وەردەگرێ و چێژ وەرگرتن دەبەستێتەوە بەئازاردانی خەلک. هەردەم هەرەشەی مرۆڤایەتی دەکات هەرئەوەندە کەسێک خۆی بەدەستیەوە بدات لەناوی دەبات،بەڵام بەرامبەر بەکەسایەتییەکی خۆراگرو بەهێز گەورەترین لاوازی بۆی دەنوێنێ لە ترسی مەرگ و لە ناوچوونی و مەرامە نادرووستەکانی . دەبێ ئەوەش بزانین خۆرزگارکردنی ئەم کەسایەتیانە زۆر بەزەحمەتە ئەگەر زۆر حەزی لێ بێ کاتیە ناتوانێ زاڵ بێ بەسەر ئەم هێزە دەرونیە نادروستەی کە هەموو ناخ و دەروونی داگیر کردووە و کاریگەری نەڕێنی بەسەر کەسایەتییەکەدا بە جێهێشتووە، بە هیچ شێوەیەک ناتوانێ وەک کەسێکی ئاسایی خاوەن ویژدان رەفتار بکا،شتێکی ڕوون ئاشکرایە،ئەوەی لەبنەڕەتدا مڕۆڤ وگیانەوەر لێک جیا دەکاتەوە ویژدان وهەست و ڕێزە. کەواتە لە کۆتایی دەتوانین ئەوە بڵین ویژدان بەگشتی تاکە هێزێکە بۆئەوەی مرۆڤ بە بەختەوەری بژیت. ڕێز لە مڕۆڤایەتی بنێت،بە مڕۆڤ هەژمار بکرێت.