داوا لە هاووڵاتییانی سلێمانی دەکرێت لیرەی سووری نەکڕن

گوتەبێژی بازاڕی دراوی سلێمانی داوا لە هاووڵاتییان دەکات لیرەی سووری بە نیازی قازانج کردن نەکڕن، چونکە زیانی زۆر دەکەن، دەشڵێت: دەنگۆی داخستنی بازاڕی دراوی سلێمانی دوورە لە ڕاستی، ڕۆژێک بۆ چاککردنەوەی کامێراکان بازاڕەکەمان نەکردەوە.

یەکشەممە 15ـی کانوونی یەکەمی 2024، جەبار گۆران، گوتەبێژی بازاڕی دراوی سلێمانی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا ئاشکرایکرد کە، هاووڵاتییان بە ئومێدی قازانج دێن لیرەی سووری بە ڕێژەیەکی زۆر دەکڕن، بازرگانەکانی بواری دراویش لە سلێمانی، بە هیچ جۆرێک خۆیان لیرەی سووری ناکڕن، بۆیە داوای لە هاووڵاتییان کرد، خۆیان لە کڕینی دراوی لیرەی سووری بپارێزن چونکە ڕیسکی زۆرە، دەڵێت: لە زانستی ئابووری و بازرگانیدا هەر مامەڵەیەک ڕیسکەکەی لەسەدا 10 زیاتر بوو، دەچێتە بواری مەترسییەوە بەجۆرێک لە جۆرەکان وەکو قومار سەیر دەکرێت، گوتی: ڕیسکی مامەڵەکردن بە دراوی سووری ڕێژەکەی سەدا 80 بۆ سەدا 100 ـە، بە نموونە ئەوەی دوێنێ ملیۆنێک لیرەی سووری بە 710 هەزار دیناری عێراقی کڕیبێت، ئەمڕۆ بەلای کەمەوە سەدا 40ـی سەرمایەکەی خۆی لەدەستداوە، واتا ئەگەر دوێنێ بە بەهای 10 هەزار دۆلار لیرەی سووری کڕیبێت، ئێستا چوار هەزار دۆلار زیان دەکات.

گوتەبێژی بازاڕی دراوی سلێمانی داوای لە هاووڵاتییان کردبە هەموو جۆرێک خۆیان لە مامەڵەکردن بە دراوی سووری بپارێزن، ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر سنوورەکان بکرێنەوە، ئەگەری هەیە بەهای لیرەی سووری بۆ نیوەی بەهای ئێستای داببەزێت، ئەگەریشی هەیە لەو لیرە سوورییەی کە لەنێو نایلۆنێکدا کەپس کراوە، دراوی ساختە هەبێت، دەشڵێت: ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن بازاڕی دراوی سلێمانی بەهۆی لیرەی سوورییەوە داخراوە، هیچ بنەما و ڕاستییەکی نییە.