وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاشکرای کرد، کە وڵاتەکەی ڕێز لە مافی کوردی سووریا دەگرێت. جەختی لەوە کردەوە، تورکیا مەبەستێتی کوردی سووریا لە پەکەکە جیا بکرێتەوە.
ئەمڕۆ شەممە 14ـی کانوونی یەکەمی 2024، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە میانەی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی لە شاری عەقەبەی ئوردن، لەبارەی ڕەوشی سووریا ڕایگەیاند: گەلی سووریا شایستەی ژیانێکی پڕ لە ئازادی و خۆشگوزەرانین.
هاوکات جەختی لەوە کردەوە، کە پێویستە لە سووریا حکوومەتێکی گشتگیر پێکبهێنرێت کە سەرجەم پێکهاتەکانی سووریا لەخۆ بگرێت و مافی هیچ لایەک فەرامۆش نەکرێت.
فیدان ئاشکرای کرد، تورکیا ڕووبەڕووی “هەڕەشەی تیرۆریستی” دەبێتەوە لەسەر سنوورەکانی لەگەڵ عێراق و سووریا . ناوبراو گوتیشی: لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا پەکەکە هەوڵی ئاژاوەگێڕی لە سووریا داوە، هەروەها هەوڵی دووبارە خۆڕێکخستەوەی خۆیان لە چوارچێوەی هەسەدە دەدەن.
وەزیری دەرەوەی تورکیا، جەختی لەوە کردەوە، کە وڵاتەکەی ڕێز لە مافی کوردی سووریا دەگرێت و دەیەوێت کوردی سووریا لە پەکەکە جیا بکرێتەوە.