شاندێکی حکوومەتی هەرێم بەشداری کۆنفرانسی فیدراسیۆنی ڕێگەوبانی نێودەوڵەتی دەکات

لە ڕۆژانی ١٠ تا ١٣ی ئەم مانگە، فیدراسیۆنی ڕێگەوبانی نێودەوڵەتی” IRF”کۆنفراسی ساڵانەی خۆی بۆ ڕێگەوبان لە ویلایەتی  فلۆریدا لە شاری ئۆرلاندۆ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕێکخست و شاندێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش بەشداری لەو کۆنفرانسەدا کرد.

لەم کۆنفرانسەدا کە نوێنەری سەدان دەوڵەت و کۆمپانیا گەورەکانی کەرتی گشتی و تایبەت بە ڕێگەوبان ساڵانە بەشداری تیدا دەکەن، بۆ کۆنفرانسی ئەمساڵ د.ئاگرین عەبدوڵڵا، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشەجێکردن بۆ کاروباری ڕێگەوبان لە چوارچێوەی شاندێکی باڵای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەشداری ئەم کۆنفراسە دەکات، بایەخی ئەم کۆنفراسە لەوەدایە کە فیدراسیۆنی ڕێگەوبانی نێودەوڵەتی ڕێکخراوێکی قازانج نەویستە و لە ساڵی ١٩٨٤ ھەتا ئێستا بەشێوەیەکی خۆبەخشانە لەسەرانسەری جیھان کاردەکات بۆ ڕێکخستنی ژێرخانی ڕێگەوبان بە لەبەر چاوگرتنی دیزاینی ستاندەر و ڕەچاوکردنی سەلامەتی بۆ ھاووڵاتییان و پێکەوە گرێدانەوەی ناوچە جیاوازەکانی وڵات بە یەکترییەوە، ھەتا ئێستا فیدراسیۆنی ڕێگەوبانی نێودەوڵەتی ھاریکاری لەگەڵ ھەردوو کەرتی گشتی و تایبەتی ١١٨ دەوڵەت کردووە.
بەشداری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەم کۆنفراسە گرنگە، دەرخەری بایەخی کارنامەی حکوومەتە بۆ بونیادنانەوەی ژیرخانێکی پتەوی ڕێگەوبانەکانی کوردستان بە ئاستی ستاندەری جیھانی بۆ سەلامەتی ھاووڵاتییان و پێکەوە بەستنەوەی تەواوی ناوچە جیاوازەکانی کوردستان بەیەکتری و ھەروەھا بەستنەوەی ھەرێم بە وڵاتان.
لەم چوارچێوەیەدا بەرنامەی د.ئاگرین عەبدوڵڵا، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشەجیکردن بۆ کاروباری ڕێگەوبان لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەو ئاراستەیە کە ھەم سوود لەو پێشکەوتنە تەکنەلۆژیایانەی ئێستا بۆ بونیادنانی ژێرخانی ڕێگەوبانەکانی کوردستان وەربگرین، ھەمیش لینکێکی پتەوی ھاریکاری لە نێوان ھەردوو کەرتی گشتی و تایبەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ فیدراسیۆنی ڕێگەوبانی نێودەوڵەتی دروست بکات.