کەیفی مستەفا عەلی، بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەواری ھەرێم، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد، لە ھەرێمی کوردستان ٣٠ تیم لە دەیان وڵاتی بیانی کاری شوێنەواری دەکەن. دەشڵێ: سەرووی شەش ھەزار پێگەی شوێنەواری لە ھەرێمی کوردستان ھەن، ئەمە لە کاتێکدایە ٤٥%ی ڕووپێوی شوێنەواری کراوە و ٥٥%ی خاکی کوردستان ماوە، ئەگەر تەواوی خاکی ھەرێم ڕووپێوی بکرێت ژمارەی پێگەی شوێنە شوێنەوارییەکان دەگاتە سەرووی دە ھەزار شوێنەوار.
حکوومەتی ھەرێم گرنگی زۆری بە شوێنەوار داوە
بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەواری ھەرێم، گوتی: حکوومەتی ھەرێم ئەوەی پێویست بێت کردوویەتی بۆ ئەوەی شوێنەوارەکان پارێزراو بن و لەناو نەچن، بۆ ئەو مەبەستە ھەنگاوی پێویست نراوە، بەڵام بواری شوێنەوار و ژێرخانی شوێنەوار و کەلەپووری ھەرێمی کوردستان بەدرێژای مێژوو تێکشکێنراوە ئەوەش پێویست دەکات زیاتر چاودێری بکرێت، چونکە ئیدارەی شوێنەوار لە ھەرێمی کوردستان ئیدارەیەکی نوێیە بەرامبەر بە ھەندێک لە ئیدارە کۆنەکان، بەڵام لەگەڵ ئەوەش کاری زۆر باش کراوە، ھەنگاوی زۆر باشیش نراوە، چ لە دەرکردنی یاسای شوێنەوار بگرە تا دەگاتە ڕێنمایی شوێنەوار، ھەتا زۆر شوێنی شوێنەواری نۆژەن کراونەتەوە، تەنیا لە چوار ساڵی ڕابردوودا ٤٨ شوێنی شوێنەواری نۆژەنکراونەتەوە کە بە درێژای مێژووی شوێنەواری کوردستان کاری وا نەکراوە، دڵنیاین لە کابینەی داھاتوودا زیاتر گرنگی بە شوێنەوار دەدرێت، حکوومەتیش بۆ ئەو مەبەستە بەرنامەیەکی زۆر باشی داناوە بۆ ئەوەی لە داھاتوودا زیاتر گرنگی بە شوێنەوار بدات.
پێگە شوێنەوارییەکانی هەرێمی کوردستان
بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەواری ھەرێم، گوتیشی: ئێستا لە ھەرێمی کوردستان شەش ھەزار پێگەی شوێنەواری ھەن، ئەمە لە کاتێکدایە ٤٥% ڕووپێوی شوێنەواری کراوە و ٥٥% خاکی کوردستان ماوە، ئەوەش ئەو ناوچانەن کە کێشەیان لەسەرە، یان ناوچەی سنوورین، ھەندێک جار بەھۆکاری سیاسی، یان بەھۆکاری بوونی ھەندێک گرووپ کە ھۆکارن پشکنین بۆ ئەو شوێنانە نەکرێت، ئەگەر تەواوی خاکی ھەرێمی کوردستان ڕووپێوی بکرێت ژمارەی پێگەی شوێنە شوێنەوارییەکان دەگاتە سەرووی دە ھەزار شوێنەوار، لە ھەمان کاتدا لەوانەیە بەڵگەی شوێنەواری گرنگتر دەستمان بکەوێت ئەوەش بسەلمێنێت کە کوردستان شوێنێکی گرنگی میزۆپۆتامیا و زاگرۆسە کە سەرەتای شارستانییەت لە ھەرێمی کوردستان دەستی پێ کردووە.
٣٠ تیمی بیانی کار دەکەن
کەیفی مستەفا عەلی، بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەواری ھەرێم، دەشڵێ: ساڵانە لە مانگی ٥ تا مانگی ٩ زیاتر لە ٣٠ تیمی بیانی لە بواری پشکنین و ھەڵکۆڵینی شوێنەواری، لە ھەندێک شوێن بابەتی نۆژەنکردنەوە و سیانەکردنەوەی بینا شوێنەوارییەکان و پێگەی شوێنەوارییەکان کار دەکەن، کارکردنی ئەوانەش بەگوێرەی یاسای شوێنەواری ھەرێمی کوردستانە، کە دەبێت کۆمەڵێک مەرج و دیکۆمێنت ھەبن، بۆ ئەوەی بتوانین مۆڵەتیان پێ بدەین و کار بکەن جا لە ھەر بوارێک بێت، ھەروەھا بەڕێوەبەرایەتییەکانی شوێنەوار لە ھەرێمی کوردستان ئەو شوێنانەی کە پێویستییان بە چارەکردنی خێرا ھەیە، لە چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوە کار دەکەن، ھەروەھا ئەو شوێنانەی دەکەونە بەر پڕۆژەیەک جا بە ھەر ھۆکارێک کە مەترسییان لەسەر بێت، تیمەکانی خۆمان ئەو کارە دەکەن.
ھاووڵاتییان ھاوکارن لە پاراستنی شوێنەوارەکان
کەیفی مستەفا عەلی، بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەواری ھەرێم، جەختی لەوەشکردەوە: بە ڕاستی ھاووڵاتییان ئێستا زۆر باشتر لە ڕابردوو ھاوکارن و پارێزگاری لە شوێنەوارەکان دەکەن، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە پاراستنی شوێنەوار ئەرکی ھەموو لایەکە، چونکە بابەتی پارێزگاری کردن لە شوێنەوار و کەلەپوور، بابەتی پارێزگاری کردنە لە شوناس و پێناس و ھەروەھا ئەمنی نیشتمانی، ئەوەش وای کردووە ئێستا وشیاری شوێنەواری تا ڕادەیەک باشتر بێت لە ڕابردوو، بەڵام ھێشتا پێویستی بەوە ھەیە کە ھاووڵاتییان زیاتر ھاوکار و پشتیوان بن، ھاووڵاتییان ھیچ کارێک ناکەن تا سەردانی ئیدارەکانی شوێنەوار نەکەن بەپێی ئەو نەخشەی لایانە ئەگەر زانیان زیان بە شوێنێکی شوێنەواری دەکەوێت، ڕێکاری پێویست دەگیرێتەبەر یان پڕۆژەکە ڕادەگیرێت تاکو پارێزگاری لە شوێنە شوێنەوارییەکە دەکرێت.
زێدەڕۆیی دەکرێتە سەر شوێنەوارەکان
بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەواری ھەرێم، ئەوەشی گوت: زێدەڕۆی کراوەتە سەر شوێنەوارەکان، زێدەڕۆیەکان ھەڵگیراون، یان ڕاگیراون، ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانە گیراوەتەبەر کە زێدەڕۆیان کردووە، یان ئەو کەسانەی بازرگانیان بە شوێنەوارەکان کردووە و زیانیان بە شوێنەوارەکان گەیاندووە بەشێوەی یاسای ئەو کەسانەی زێدەڕۆیان کردووە دراونەتە دادگە و بەپێی یاسای شوێنەوار مامەڵەیان لەگەڵ کراوە.
پێویستە زیاتر ھۆشیاری بڵاوبکرێتەوە
کەیفی مستەفا عەلی، بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەواری ھەرێم، زیاتر دەڵێ: پێویستە لە شوێنە گشتییەکانی وەکو قوتابخانە و نەخۆشخانە، زیاتر ھۆشیاری بڵاو بکرێتەوە و باسی شارستانیەتی خۆمان بکەن، بۆ ئەوەی پارێزگاری لە پێگە شوێنەوارییەکان بکرێت، کە سزای دەستکاریکردنی شوێنی شوێنەواری، زۆر قورسە.
بەرنامە و پلانی داھاتوو
کەیفی مستەفا عەلی، بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەواری ھەرێم، ڕوونیشیکردەوە: ئەوەی لە پلانی ئێمەدایە وەکو شوێنەوار دروستکردنی مۆزەخانەی پێشکەوتووە کە بە ستاندارتی جیھانی لە شێوەی مۆزەخانە بەناوبانگەکان دروست بکەین، ھەروەھا کردنەوەی مۆزەخانەی کەلەپووری کە ڕێگە بە کەرتی تایبەت و ئەو کەسانەی ئارەزوویان بابەتی کەلەپوورییە دەدرێت، لە ھەمان کاتدا نۆژەنکردنەوەی چەند پێگەی شوێنەواری و چاککردنیان بۆ ئەوەی بکرێن بە شوێنی گەشتیاری، خاڵی سێیەمیش ئەوەیە کە چەند پێگەیەکی شوێنەواری بکرێنە مۆزەخانە، بۆ ئەوەی گەشتیاری ناوخۆیی، ھەمیش گەشتیاری بیانی سەردانی ئەو شوێنانە بکەن، لەگەڵ تۆمارکردنی ئەو شوێنەی کە شیاوی ئەوەن لە لیستی کەلەپووری جیھانی تۆمار بکرێن، ئەوانە ھەموو پلانی ئایندەمانە و لە ڕابردووش کاری لەسەر کراوە.