مەشخەڵ كەوڵۆسی
لەئێستادا ناوچەكە بە گۆڕانكاری خێرا و قووڵ و دراماتیكی زۆر سەیردا تێدەپەڕێت. ئەوەی لەماوەی پەنجا ساڵی ڕابردوودا بنیاتنرا، بەماوەی كەمتر لە دە ڕۆژ كۆتایی پێهێنرا. سیستەمێكی ئەمنی نوێ لە فۆرمەلە بووندایە و، سەرجەم پێكهاتەكانی ناوچەكە دەگرێتەوە.
ئەوەی لێرەدا جێگەی سەرسامییەكی قووڵە، ئەوەیە پێكهاتەكانی ناوچەكەش وەك كورد مەكشوفن و هیچكام لە پێكهاتەكانی خاوەنی چەتری پارێزەر نین. بۆ ڕوون بوونەوەی مەبەست دەڵێم: ئەگەر كورد دەوڵەتێك نیە بەڕاستەقینە پشتیوانی لێبكات، ئەوەتا دەبینین بەهەموو دەوڵەتانی عەرەبیش، ناتوانن پشتیوانی لە سوننەكان بكەن، بەهەمان شێوە ئێرانییەكانیش پشتیوانییان لە بەشار و عەلەوییەكان نەكرد.
هەموو پێكهاتەكان مەكشوفن و، هیچكامیان خاوەنی پشتیوانی ڕاستەقینە نین و، لەو ڕووەوە نادڵنیاییەكی گەورە بەرۆكی هەمووانی گرتووە. هاوپەیمانێتییەكان لەئان و ساتدا دەگۆڕێن و، هیچ هێڵێكی ستراتیژی نیە، لایەنەكان پێكەوە كۆبكاتەوە و، شوناسێك ببەخشێت بە جەمسەر بەندییەكان. بۆیە دەینین: لەمسەرەو بۆ ئەوسەر، لەماوەی كەمتر لە شەو و ڕۆژێكدا، هەڵوێستەكان دەگۆڕێن.
ناوچەكە بەتەواوی هەڵدەوەشێتەوەو، هەمووان لەسەر زەمینەی سفر دەوەستن. لەقۆناغی نزیكی داهاتووشدا، ئەو شەپۆلە ڕوولە عێراقیش دەكات و، وڵاتێكی وەكو توركیا كە خۆی بەداینەمۆی لادانی ئەسەد دادەنێت، ڕەنگە بە سەختی بتوانێت خۆی لەو بابەتە ڕزگار بكات، ئەگەر پێشوەختە لەگەڵ كامپی ئیسرائیلی و ئەمریكیدا دۆخی خۆی یەكلایی نەكردبێتەوە.
دەمەوێت بڵێم: سەرجەم پێكهاتەكانی ناوچەكە لەسەر یەك زەمینەی یەكسان ڕاوەستاون، پشتیوانییان نیە و، زەمینەی پشتیوانی سفرە بۆ هەموو لایەنەكان، نەك تەنها بۆ كورد. بۆیە لەئێستادا كوردیش وەكو سەرجەم پێكهاتەكان دەتوانێت ڕۆڵی میحوەری بگێڕێت.
لەئێستادا كە ناوچەكە بەقۆناغێكی زۆر هەستیاردا تێدەپەڕێت، لەكاتێكدا لەگوتاری ئەمریكاییەكان و دەوڵەتانی تریشدا، جەختی زۆر دەكرێتەوە لەپاراستنی پێكهاتەكان، ئەوا تێدەگەین زەمینەیەك هەیە بۆ ئەوەی وەبەرهێنانی لەسەر بكرێت.
كورد لەم زەمینەیەدا ئەگەر لە سەرجەم لایەنەكان بەهێزترنەبێت، بێگومان لەهەموویان لاوازتر نیە. بۆیە بەبڕوای من، ئەگەر كورد دەستوبرد بكات و ئەم هەنگاوانە بنێت، گۆڕینی نەخشەی ناوچەكە لە بەرژەوەندی خۆی دەشكێنێتەوە:
یەكەم: دروستكردنی ئەنجومەنێك لەشێوەی ژووری ئۆپەراسیۆن لە هەولێر بۆ مامەڵەكردنی چركەبەچركە لەگەڵ دۆخەكەدا.
دووەم: ناردنی پەیام بۆ سەرجەم لایەنەكان، دەوڵەتەكان و پێكهاتەكان كە كورد لەم قۆناغەدا چی دەوێت و، پێویستە ئەوان چۆن بەرخورد لەگەڵ كورد بكەن.
سێیەم: كورد هەوڵبدات كۆنگرەیەك بۆ گەلانی ناوچەكە، بەتایبەتی بۆ كەمایەتییەكان ڕابگەیەنێت و، میساقێك بۆ مافی كەمایەتییەكان بنوسرێتەوە، با ناو بنرێت میساقی هەولێر. كەمایەتییەكان چییان دەوێت لەم گۆڕانە؟ بنەماكانی مافی چارەنوس و دروستكردنی دەوڵەت بۆ ئەم پێكهاتانە، لەو میساقەدا بنوسرێنەوەو، دواجار ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەكان بكرێت و، بكرێتە بناغەی گفتوگۆ لەگەڵ دەوڵەتان و لایەنەكان.
كورد هەوڵبدات هەماهەنگییەك لەنێوان كەمایەتییەكان دروستبكات و، داخوازییەكان بگەیەنێت و خۆی وەكو لایەنی سپۆنسەری كەمایەتییەكان بناسێنێت. هەولێر لەم سۆنگەیەوە زنجیرەیەك چالاكی گەورە و، نوسینەوەی خیتابێكی مێژوویی بەخۆوە ببینێت. ئەوەش كەمترین هەڵوێستێكە كەلەم قۆناغەدا كورد پێی هەستێت، بێگومان گوێچكەی بیستەری دەەبێت و، سەرجەم لایەنەكان لە هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی دەرچەی دەرچوون لە قەیرانە كوشندەكانی ناوچەكە.
دواجار: نابێت كورد هێڵی سوری لەسەر هیچ لایەنێك هەبێت، پێویستە دەست بۆ سەرجەم كارتەكان ببات، هیچ ڕێگرییەك نەبێت بۆ هاوكاری لەگەڵ هێزەكانی ناوچەكە، جگەلە لەبەرژەوەندی كوردستان. ئەمجارەیان لۆژیكی بەرژەوەندی بكاتە پێوەر، نەك لۆژیكی برایەتی گەلان و دین و، بابەتی لاوەكی دیكە، كەتەنها لای كورد كڕیاری هەیە.