١١٠ ساڵ بەسەر لە سێدارەدرانی شێخ عەبدولسەلام بارزانی تێدەپەڕێت

زیاتر لە سەدەیەک لەمەوپێش شێخ عەبدولسەلام بارزانی لەلایەن دەوڵەتی عوسمانی لە مووسڵ لە سێدارە درا، دوای ١١٠ ساڵ لە شەھیدبوونی شێخ عەبدولسەلام کاریگەریی بیروبۆچوونەکانی لە کوردستان ھەر ماون و ڕێبازەکەی بەزیندوویی ماوەتەوە.

شێخ عەبدولسەلام شێخ محەممەد بارزانی، زانا و کەسایەتییە دیارەکانی کوردستانی لەسەر مافە نیشتمانی و نەتەوەییەکان کۆکردەوە، لە ساڵی ١٩٠٧ داواکارییەکانی گەلی کوردستانی بەشێوەی نووسراو لە کۆمەڵێک خاڵدا ئاراستەی سوڵتان عەبدولحەمید، سوڵتانی عوسمانی و زلھێزەکانی ئەوکات کرد، ھەربۆیەش عەبدولسەلامی بارزانی بە دانەری ڕێبازی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان ئەژمار دەکرێت.
داخوازییەکانیش بریتی بوون لەوەی خوێندن بە زمانی دایک بێت، ئەو باجەی لە کوردستان کۆدەکرێتەوە بۆ چاککردنەوەی ڕێگەوبان و کردنەوەی قوتابخانەکان بێت.
سوڵتانی عوسمانی ئەو داواکارییانەی بە دەرچوون لە فەرمان و داواکاریی جیابوونەوە لە قەڵەمدا، بۆیە فەرمانی ھێرشی بۆ سەر بارزان دەرکرد، شێخ عەبدولسەلام خۆی و ھێزەکەی ٢ مانگ بەرگریان کرد، بەڵام بەھۆی نابەرابەری ھێز بەناچاری ساڵێک لە ناوچەی بارزان دووردەکەوێتەوە و ڕوودەکاتە کوردستانی ئێران، لەوماوەیەدا، سوپای عوسمانیش زۆربەی شوێنەکانی ناوچەی بارزانی سوتاند و ژن و منداڵیان بەدیل گرت، کە مەلا مستەفای بارزانی ئەو کات تەمەنی ٤ ساڵ بوو لەگەڵ دایکیدا دەستگیرکران و لە زیندانی مووسڵ زیندانی کران.
شۆڕش بەردەوام دەبێت و ھەر لەو ساڵەدا شێخ عەبدولسەلام ھێرشیکردە سەر سوپای عوسمانی و لە ئەنجامدا سوپا تێکشکێندرا و ناچاربوو لە ناوچەی بارزان پاشەکشە بکات.
‌سوڵتانی عوسمانی بۆ گرتنی عەبدولسەلام بارزانی خەڵاتێکی گرانبەھای تەرخان کرد، لە ساڵی ١٩١٣ دووبارە والی عوسمانی ھێزێکی زۆری لە مووسڵەوە نارد بۆ ئەوەی عەبدولسەلام بارزانی لە ناوچەی بارزان دەستگیر بکەن، پاشان شێخ عەبدولسەلام جارێکی دیکە ڕوویکردەوە ڕۆژھەڵاتی کوردستان.
سەرۆک بارزانی لە کتێبی بۆ مێژوودا دەنووسێت لە ساڵی ١٩١٤ شێخ سەردانی تبلیس دەکات و چاوی بە نێردراوی قەیسەری ڕووس دەکەوێت، تەنانەت “سێرگی لاڤرۆڤ”، وەزیری دەرەوەی ئێستای ڕووسیا بە سەرۆک بارزانی گوتووە، کە شێخ عەبدولسەلام چاوی بە قەیسەری ڕووسیاش کەوتووە، باس و خواستیش دروستکردنی دەوڵەتێک بووە بۆ کوردان.
کەرەم سەرحەد، توێژەرێکی مێژوویی باکووری کوردستانە، زیاتر لە چل ساڵە لەناو دیکیۆمێنتەکانی سەردەمی عوسمانی بەدوای زانیاری لەسەر شێخ عەبدولسەلام بارزانیدا دەگەڕێت، دەڵێت، ئەو داواکارییانەی لە بریڤکێ بە واژووی شێخ عەبدولسەلام ڕادەستی عوسمانییەکان کرا، ھەمووی بۆ سەربەخۆیی ئیداری و سیاسیی کوردستان بووە.
بەگوتەی کەرەم سەرحەد، ھەر ئەو جموجۆڵانە لەپێناوی دۆزینەوەی پشتیوان بۆ دەوڵەتی کوردستان وادەکات، کە دەوڵەتی عوسمانی شێخ عەبدولسەلام لە سێدارە بدەن.
ئەگەرچی شێخ عەبدولسەلام بارزانی شەھیدکرا، بەڵام ھەر زوو لەسەر ھەمان ڕێباز و بەھەمان گوڕووتین شێخ ئەحمەد و دواتر مەلا مستەفا بارزانی و ئێستا سەرۆک بارزانی نەیانھێشت خەباتەکە ھەتا گەیشتن بە دوا ئامانج، کە سەربەخۆییە دابمرکێت.
شێخ عەبدولسەلام جگە لەوەی تێکۆشانێکی زۆری بۆ سەربەخۆی کوردستان کرد، ھاوکات چاکسازییەکی گەورەی کۆمەڵایەتیشی کرد، بەکرداریش کاری بۆ دەکرد.
ئەگەرچی بە کزی دەبیستێ، بەڵام بیرەوەرییەکان زۆر بەڕوونی لەبیرماون، مام میقداد زیاب، دوای زیاتر لە ٨٠ ساڵ بەو وێنانەوە دەژیت، کە باوکی لە شێخ عەبدولسەلام بارزانی بۆی درووستکردووە، ئەو دەڵێت، لە شێخ عەبدولسەلامدا شکۆی ھەموو بوونەوەرێک پارێزراو بوو.
بەگوتەی مام میقداد زیاتر لە یەک سەدە لەمەوپێش پێشێلکارانی مافی ئافرەتان لەلایەن شێخ عەبدولسەلامەوە سزا دەدران، لە کوردستانەکەی شێخ عەبدولسەلامدا، ئاژەڵەکانیش پارێزراوبوون، ئەو نەریتەی تاکو ئێستاش لە دەڤەری بارزان پارێزراوە.
ئەو چاکسازیی و دادپەروەرییە کۆمەڵایەتییانەی شێخ عەبدولسەلام بارزانی باوەڕی پێی ھەبوون، بۆ ھەموو کوردستان بوون، چونکە ئەو باوەڕی قووڵی بە دامەزراندنی کیانێکی سەربەخۆ بۆ کوردستان ھەبوو.