پاڵپشتیی نێودەوڵەتی بۆ کوردانی ڕۆژئاوا هەیە و ئەوەندە بەسە کورد یەکگرتوو بێت

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

 

ئەو دەرفەتەی ئێستا بۆ کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕەخساوە نموونەی لە مێژوودا زۆر کەم بووە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و سەرۆک و نوێنەرانی زۆربەی وڵاتان لە تێڕوانینیان بۆ دۆخی سووریا زۆر بە ئەرێنی باسی کورد دەکەن و داوای پاڵپشتیکردن و پاراستنی تەواوی مافەکانیان لە داهاتووی سووریادا دەکەن و بە فاکتەرێکی گرنگی سەقامگیری ناوچەیی و جیهانی ناودەبەن.

رووداوەکانی ئەم دواییەی سووریا و ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد جارێکی تر کوردی وەک فاکتەرێکی گرنگی سیاسیی و ئەمنیی زەق کردووەتەوە، ئەگەر ژمارەیەک لە وڵاتانی سوێندخواردوو و نەیاری کوردی لێ دەربکەین، ئەوانەی تر قسەی باش لەبارەی کوردەوە دەکەن و بە کاراکتەرێکی گرنگی دادەنێن و پێیان وایە دەبێت ڕۆڵێکی زۆر کارای پێ بدرێت.

کورد لەو پارچەیەی کوردستان کە لەدوای ساڵی ٢٠١١ ئەو دەرفەتەی بۆ ڕەخسا دەسەڵاتێکی خۆبەڕێوەبەری هەبێت، لە دوای سەرهەڵدانی داعش پێگەی خۆی زیاتر چەسپاند و بوو بە یەکێک لە گرنگترین هاوپەیمانە مەیدانییەکانی جەنگی دژی داعش و وڵاتانی ڕۆژئاوا هاوشێوەی هەمان ڕۆڵی کورد لە باشووری کوردستان، پشتیان پێی بەست.
ئەو دەسەڵاتە کوردییەی ڕۆژئاوا بێبەری نییە لەو کێشەیەی گۆیا بە باڵای کوردەوە دورواوە و لایەنە سیاسییەکانی ئەم پارچەیە لە ڕابردوودا بەسەر دووباڵدا دابەش بوون و گفتوگۆ و ڕێککەوتنەکان هەرگیز نەیانتوانیوە ئەوان لەسەر یەک شت کۆ بکاتەوە و کێشەکانیان بە هەڵواسراوی ماوەتەوە.
ئێستا دۆخێک لە سووریا هاتووەتە کایەوە کە هەمووان بیر لە داهاتووی وڵاتەکە دەکەنەوە و کورد کە خاوەنی دەوڵەتی خۆی نییە و لە ئێستادا نیازی دامەزراندنی دەوڵەتیشی نییە، چاوەڕوانی ئەوەی لێ دەکرێت هاوشێوەی باشووری کوردستان هەنگاوێک لەو خەونە نزیک بکەوێتەوە و بەشێک لە مافەکانی خۆی لە دیمەشق بچەسپێنێت و لە دابەشکاریی میراتی دەسەڵاتی ڕووخاو، پشکی خۆی وەربگرێت.
لایەنەکانی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردستانی سووریا و پەیەدە و لایەنە سیاسییەکانی تری ڕۆژئاوای کوردستان لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە دەستپێشخەریی ئەمەریکا و فەڕەنسا جۆرێک لێکنزیکبوونەوەیان لەگەڵ یەکتردا هەبووە کە مایەی ئومێدن و گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان چاوەڕوانیی ئەوەیان هەیە کورد لەم پارچەیەی کوردستان بە یەک دەنگ و بە یەک گوتاری نیشتمانی بەشداری لە دانوستانەکاندا بکەن و ئەو ڕێچکەیە بگرنە بەر کە لەم دۆخە نوێیە سیاسییەدا پێویستە بۆ کورد بگیرێتە بەر.
دۆخەکە پێویستی بەوە هەیە کورد لە پشتی کوردەوە بێت، چونکە لە دەرەوەی کورد ئەو گەل و وڵاتانەی کە هاوسۆز و هاوخەمی کوردن زۆرن و پاڵپشتییە نێودەوڵەتییەکە هەر چەندە زۆر بێ، کاریگەری نابێت تا ئەو کاتەی کورد خۆی یەک گوتاری هاوبەشی نەبێت.
لە ڕووداوەکانی سووریادا، ئەمەریکا و فڕەنسا و بەریتانیا و ئەڵمانیا و زۆربەی وڵاتانی زلهێزی ڕۆژئاوا ڕوانگەیان بەرانبەر بە کورد دیارە و جگە لەوی کە بە گەلێکی دۆست و ئازادیخواز و میانڕەوی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ناوی دەبەن لە هەمان کاتدا بە هاوپەیمانێکی سەرەکیی خۆیان لە جەنگی دژی تیرۆر هەژماری دەکەن و پێیان وایە ئەرکێکی ئەخلاقیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە لەو دۆخەدا کورد بە تەنیا جێنەهێڵێت.
پاڵپشتیی گەیشتووەتە ئەو ئاستەی نوێنەرێکی پەرلەمانی یۆنان داوای دامەزراندنی دەوڵەت بۆ کورد بکات و بە پێویستی بزانێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە ئەرکی خۆی هەستێت و دەوڵەت بۆ کورد دابمەزرێنێت.
هەر لە ڕۆژانی ڕابردوودا پەرلەمانی هۆڵەندا پڕۆژە بڕیارێکیان لە بەرژەوەندیی ڕۆژئاوای کوردستان پەسند کرد. لە بڕیارەکەدا داوا لە حکوومەتی هۆڵەندا کراوە لەسەر ئاستی پێوەندیی نێوان دوو دەوڵەت دا، داوا لە تورکیا بکات هێرشی سەر ڕۆژئاوای کوردستان بوەستێنێت و مافەکانی کورد لە سووریای داهاتوودا دەستەبەر بکرێن و پێداگری لەوەش کرا، کورد، ئێزدی و کریستیانەکانی سووریا لە توندڕەوی و تیرۆریزم بپارێزرێن و لە پاراستنی کورددا ڕۆڵ بگێڕن.
ئەمەریکا هەر زوو هەڵوێستی خۆی لەبارەی کورد ڕاگەیاند و پاڵپشتیی لە مافەکانی کرد و بە پێویستی زانی کورد لە چوارجێوەی سووریادا بە مافەکانی بگات چونکە گرنگترین هاوپەیمانی بووە لە جەنگی داعش و لە داهاتووشدا پێویستی بە درێژەدان بەو هاوپەیمانێتییە هەیە. وڵاتانی ئەوروپا ڕوانگەی زۆر ڕوونتر و باشتریان بەرانبەر بە کورد هەیە لە لێدوان و بۆچوونی ڕێبەرانیان هەست بەو خەمخۆرییەیان دەکرێت. گرووپی حەوتیش لە بەیاننامەیەکدا پاڵپشتی خۆی بۆ سووریایەکی نوێ دەربڕیوە کە تێیدا مافی کەمینە و سەرجەم پێکهاتەکان گەرەنتی بکرێت.
بە گشتی ڕێژەی هاوسۆزی و پاڵپشتی بۆ کورد زۆر بەرزە و ئەوەی مافەکان دەچەسپێنێت تەنیا هاوسۆزی نییە بەڵکوو ئامادەبوونی کوردە لە دانوستانەکان بە یەک دەنگ و یەک گوتاری بەهێز بۆ ئەوەی ئەو دەرفەتە مێژووییە لە قازانجی خۆیدا بقۆزێتەوە.