سیستمی سەردەمییانەی جیهانی

عارف ڕوشدی
ماوەیەکی زۆرە دەیان سەنتەری فیکری و لێکۆڵینەوە، سەرقاڵی داڕشتنەوەی سیستمێکی سەردەمییانەی جیهانیین، وەک وەڵامگۆی شکستهێنانی سیستمی بەرکاری ئێستا کە نەیتوانیوە هیچکام لەو گرفتە (سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییانەی) جیهان بەدەستیانەوە دەناڵێنێت، چارەسەر بکات.

سیستمی سەردەمییانەی جیهانیی لە گەڵاڵەبووندایە و وەک سەرەتایەکی کرداری، دەستپێکەکەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕەنگیداوەتەوە و خۆی دەنوێنێت، پرۆژەکانی سیستمی سەردەم، وامەزندە دەکرێت لە چوارچێوەی دووبارە دامەزراندنەوەی وڵاتاندا بێت، ئەویش بە ڕەچاوکردنی بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتیمانیی گەلان و نەهێشتنی جیاکاری و فەرامۆشکردن، دواتریش بەپێی گرێبەستێکی هاوسەنگ و نوێی جیهانی، پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان ڕێکدەخرێنەوە.
لەم ئاراستەیەدا، بزووتنەوەی کوردایەتی بەرەو ئامانجەکانی خۆی هەنگاو دەنێت و بەشێکیش دەبێت لەم دەستپێکەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستی پێکردووە، بۆیە پێویستە هەندێ لایەنی سیاسیی کورد، بەخۆدا بچنەوە و پاڵپشتی خەباتی پیرۆزی کوردایەتی بن.