سەرژمێری و پرسی نەتەوەیی

شێرکۆ حەبیب
دوای بە کۆتا هاتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، قۆناغەکانی سەرژمێری هاووڵاتیان لە سەرتاپای عێراق دەستی پێکرد، قوناغی یەکەم زانیاری دەربارەی ئەوەی هەر خێزانێک لە چەند کەس پیکهاتووە و قوناغی دووەم نووسینی ناوەکان بە گوێرەی بەڵگەنامەکان، بەڵام ئەوەی ڕایانگەیاند کەوا قۆناغی سێیەم گرنگترە و چەندین پرسیارە دەبێ وەڵام بدرێتەوە، هەر ئەو هۆکارەش بوو وای کرد کە دوای بەشداریکردنم لە هەڵبژاردنی پەرلەمان بمێنمەوە لە کوردستان کە هەر بۆ ئەو مەبەستەش گەرابوومەوە، بۆ ئەوەی بەشداربم لە سەرژمێری بۆ ئەوەی چەند کەسێک وەک کورد خۆمان تۆمار بکەین، بەڵام دواتر وا دەرکەوت ئەوە دوور بوو لە خواستی من، وەک دەڵێن ئاش لە خەیاڵێک و ئاشەوان لە خەیالێک، ساتێک دوو گەنج دوای سەعات نۆی شەو هاتن بەمەبەستی وەرگرتنی وەڵام بۆ پرسیارەکان، لە ڕاستی تووشی شۆک بووم بۆ هەندێ پرسیار، چ جۆرە ئاوێک دەخۆیەوە، چ کارەبایەکت هەیە، هەندێ پرسیاری تر لەو بابەتە، ساتێک کۆتایی هات، گوتم؛ پرسیار نەما؟ گوتیان؛ نەخێر! لێیانم پرسی، پرسیاری ئاینتان لێکردم، بەڵام پرسیاری نەتەوەتان نەکرد، لە وەڵامدا گوتیان ئەو پرسیارە نەهاتووە.
لەراستی تووشی نیگەرانی بووم ئێمە بە عێراقی هەژمار کراوین، دوور لە ئینتمای نەتەوەیی بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەر کوردم و شانازی پێوە دەکەم، ئیستا دوای ئەو سەرژمێریە ئێمە تەنیا عێراقین بێ کورد بوون، واتە تەنیا عێراقی و عێراقیش بەو پێیەی برا عەرەبەکان بە بەشێک لە نەتەوەی عەرەبی هەژماری دەکەن کە ئەوە دژی ئیرادەی ئێمەیە، ئێمە دەڵێین عێراق بەشێکە لە چوارچیوەی جوگرافیای وڵاتانی عەرەب نەک بەشێک لە نەتەوەی عەرەب، تەنیا بەشە عەرەبیەکەی بەشێکە لە نەتەوەی عەرەب، بەڵام منی کورد بەشێک نیم، ئەوە وایکرد لە عێراق تەنیا یەک نەتەوە و یەک پێکهاتە هەبێ کە ئەویش عێراقیە، ساتێک کورد داوای مافی خۆی بکات ئەگەر لە چوارچێوەی دەستوری عێراقیش بێ هەزار و یەک رێگر دروست دەبێ کەوا وەک هاووڵاتی عێراقی مافی دابینکراوە و هەموومان عێراقین و عێراقیش بەشێکە لە نەتەوەی عەرەب واتە کورد بوون شتێک نییە لە عێراقی نوێ هەبێ، ئەگەر لە ئایندەیەکی نزیک ئەوە کاریگەری لەسەر کورد نەبێ ئەوە لە ماوەی دە ساڵی ئایندە زۆر بەروونی دیاردەی نەبوونی ئینتمای نەتەوەیی نامێنێ تەنیا ئینتما بۆ وڵاتێک ئەگەر مافەکانیشت دابین نەکات و لێشت زەوت بکات، هەڵەیەکی دیکە یا دژایەتیەکی دیکەی دژی کورد لەم سەرژمێریە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم کە بەگوێرەی برگەی ١٤٠ ی دەستووری هەمیشەی مامەڵەی لەگەڵ نەکرا.
لە هەموو وڵاتانی جیهان ئەوەی وەک عێراق لەپێکهاتەی نەتەوەیی و ئاینی جیاواز پێکهاتووە هەر نەتەوەیەک بەشانازی باس لە ئینتمای نەتەوەیی خۆی دەکات و ئەو وڵاتیش بە کەلتور وپێکهاتەی جیاواز جوانتر دەکات، بەڵام ئەوەی ئێمە لە عێراق زیاتر بەدی دەکەین دژایەتی کورد و نەتەوەکانی ترە، ئەمەش شێوازێکی دیکەی هزر و بیری شۆڤێنیە دژی کورد.