ترازووی هاوسەنگ نەک لاسەنگ عیراقی بانێک و دوو هەوا

هۆمەر دزەیی

عەرەبی عیراق داوا لە کورد دەکەن ئەمانیش وەکوو عەرەبەکان خۆیان بە عیراقی بزانن و بناسێنن و وەکوو ئەوانیش پابەندی هەڵوێستی حکومەتی بەغدا بن لە سیاسەتی دەرەوەی. ئەمە جوانە و هەقی خۆیانە کە لە وڵاتێکی فیدەڕاڵدا هەر دەبێ وا بێ. بەڵام دیارە نازانن یان دەزانن و خۆیان لە گێلی دەدەن کە بە پێی دەستوری عیراقی ( العراق دولة اتحادية ) ئەو سیاسەتە دەرەوەییەش تەبای سیاسەتی ناوەوەیی دەبێ بۆ هەردوولا یەکسان بێ. کە عەرەب داوا لە کورد بکات بەرگری لە کێشەی فەلەستین و دژایەتی ئیسرائیل بکات دەبێ کوردیش چاوەڕێی ئەوە بێ عەرەبی عیراق بەرگری لە پرسی رەوای کورد لە تورکیا و ئێران و سوریا بکات و دژایەتی ئەو سێ حکومەتانە بکات کە هەموو دونیا دەزانێ مافی نەتەوەیی کوردیان پێشێل کردووە. کە عیراق یارمەتی دارایی بۆ شەڕکەرانی فەلەستینی بنێرێت دەبێ بە هەمان ئەندازە یارمەتی دارایی بۆ خەباتکارانی کوردی نا عیراقیش بنێرێت، پارەی عیراق هی عەرەب و کوردە. چۆن تۆ کێشەی عەرەبی دەرەوەت هەیە منیش کێشەی کوردی دەرەوەم هەیە. جا تەنها بە لەبەرچاوگرتنی ئەم واقیعە بەم شێوەیە دەتوانین بڵێین ئەو یەکسانییە لە سیاسەتی دەرەوەدا هەردوولا دەگرێتەوە.
بەڵام رۆژێک لە رۆژان نەماندی و نەمانبیست بەغدا خەمخۆری کوردە ناعیراقییەکان بووبێت چونکە نەبوونی مافی نەتەوەیی کوردانی ئەو کوردستانانە و تەنانەت چەوساندنەوەشیانی بە کێشەی خۆی دانەناوە. سیاسەتی ئەمڕۆی بەغدا و هی لە مێژینیشی هەر ئەوە بووە کە نابێ عیراق ئەو سێ دەوڵەتە دراوسێیەی کە هەر یەکە بەشێکی کوردستانی تێ کەوتووە لە خۆی بتۆرێنێت. ئا لێرەدا پرسیارێک سەری قوت دەکاتەوە بۆچی هەر کورد دەبێ پابەندی بەندەکانی دەستوری عیراقی بێت و بەرگری لە کێشەی فەلەستین و هەر کێشەیەکی تری عەرەبی ناعیراقی بکات و لە پێناودا زلهێزە خاوەن بڕیارەکان لە خۆی بکاتە دوژمن ، کەچی عەرەبی عیراق قوڕقەپی بکات بەرامبەر بە باری نالەباری کوردانی ناعیراقی؟
جا کوردی عیراق داوا لە بەغدا دەکەن ئەم ترازووە لاسەنگە پێویستە هاوسەنگ بکرێتەوە ، داوا دەکەن نابێ عیراق بانێک و دوو هەوا بێ.