ترەمپ کاتەکانی هاوینە و زستانە یەک دەخات

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا، خواستی خۆی بۆ هەڵوەشاندنەوەی کاتی هاوینە و زستانە دەربڕی.

دۆناڵد ترەمپ، لە پۆستێکیدا لە پلاتفۆڕمی “Truth Social” ڕایگەیاند “کاتێک پۆستی سەرۆکایەتی وەردەگرێتەوە، پارتەکەی هەوڵ دەدات کۆتایی بە کاتی هاوینە و زستانە بهێنێت.”

ترەمپ نووسیویەتی: “پارتی کۆمارییەکان هەموو هەوڵێکیان دەدا بۆ هەڵوەشاندنەوەی کاتەکانی هاوینە، چونکە کاتەکانی هاوینە ناڕەحەتە و بارێکی زۆر قورسە لەسەر میللەتەکەمان.”

بۆ یەکەمجار کاتەکانی هاوینە، وەک نەریتێک، لە کاتی جەنگی جیهانی دووەم لە ساڵی 1942 دانرا. هەروەها یاسادانەران پێشنیاریان کردووە گۆڕانی کات هەڵبگیرێت و ڕزگاریان بێت، دیارترین هەوڵی ئەم دواییەش پرۆژە یاسایەکی دوولایەنەی دیموکرات و کۆمارییەکان بووە کە ئێستا ڕاگیراوە، بە ناوی “یاسای پاراستنی تیشکی خۆر” کە پێشنیازی کردووە کاتی هاوینە بە هەمیشەیی بکرێت.

ئەم پڕۆژە یاسایە لەلایەن سیناتۆری فلۆریدا مارکۆ ڕۆبیۆ پاڵپشتی کراوە، کە لەلایەن ترەمپەوە بۆ پۆستی وەزیری دەرەوە هەڵبژێردراوە.