زەنگی سەرخستنی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق لە پیرمام لێ درا

ستارتی سەرخستنی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق و هەڵبژاردنی سەرۆک و جێگرەکانی پەرلەمان لە پیرمامەمەوە لێدرا و دەستنیشانکردنی سەرۆک کۆماریش کە پشکی کوردە هەر بە رەزامەندیی سەرۆک بارزانی دەبێت و دوای ئەمەش رێکارەکانی دامەزراندنی حکوومەتی داهاتووی عێراق دەست پێ دەکات کە بە پێچەوانەی رابردوو ئەرکی زۆر قورستر دەبێت.

بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق کە ساڵی ٢٠٢٠ بڕیاری لەسەر درابوو لە ژێر گوشاری خۆپێشاندانەکانی پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراقدا بوو و ئەوان لە حكوومەت ناڕازی بوون و بۆیەش پێیان باش بوو بە هەڵبژاردن دۆخێکی نوێ بهێننە کایەوە.
وەک ئاشکرایە لە ١٠ی مانگی تشرینییەکەمی ئەمساڵ لە عێراق هەڵبژاردن بەرێوە چوو و هەرچەندە رێژەی بەشداری خەڵک لە هەڵبژاردن زۆر نزم بوو و بە ساردترین هەڵبژاردن لە دوای رزگاری عێراق هەژمار دەکرا، بەڵام لە هەمان کاتدا هەڵبژاردنێکی زۆر باش و بێگەرد بوو و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق بۆیەکەم جار توانیی بە کەمترین حاڵەتی تۆمارکردنی ساختەکاری هەڵبژاردنەکە سەربخات.
دوای مانگ و نیوێک لە هەڵبژاردن سەرەڕای ئەوەی کە هەندێک لایەنی دۆڕاو رەخنەی توندیان لە دەرەنجامەکانی هەڵبژاردن هەبوو بەڵام دادگای باڵای فیدراڵی دەرەنجامەکانی پەسند کرد. هەربۆیەش رێکارەکانی کۆبوونەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی سەرۆک و جێگرەکانی پەرلەمان دەستی پێ کرد.
پێش شەوەی پەرلەمان کۆ ببێتەوە دانیشتن و کۆبوونەوە و دانوستانی نێوان لایەنە سیاسییەکان زیاتر بوون و رۆژ هەبوو چەندین شاند و نوێنەرایەتی حزب و هاوپەیمانەکان سەردانی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی پیرمامیان دەکرد بۆ ئەوەی کاندیدەکانی سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکانی دەستنیشان بکرێن.
وەک پێشتریش چاوەڕوانکراو بوو بە دەستپێشخەری سەرۆک بارزانی کۆتایی بە ناکۆکییەکانی سوننە هێنرا و دواتر لایەنەکانی سوننەکان لەسەر ناوی محەمەد حەلبووسی سەرۆکی هاوپەیمانیی تەقەددوم ساغ بوونەوە و بەمەش گرێکوێرەی کۆبوونەوەی پەرلەمان کرایەوە و عێراقی لە بۆشایییاسایی رزگار کرد.
لە نۆی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ پەرلەمانی عێراق کۆ بووەوە و سەرەڕای ئەوەی کە بەشێک لە لایەنەکانی شیعە و تەنانەت هەندێک لایەنی کوردستانیش دژی کۆبوونەوەکە بوون، کۆبوونەوەی پەرلەمان تەنیا یەک جار ئەویش بۆ ماوەی چەند سەعاتێک دوا خرا و دواتر بە شێوەیەکی ئاسایی بەڕێوە چوو.
دوای هەڵبژاردنی محەمەد حەلبووسی سەرۆکی پەرلەمان، هەریەک لە حاکم زاملی و دکتور شاخەوان عەبدوڵا بە جێگرانی یەکەم و دووەمی سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردران و ستارتی دامەزراندنی حکوومەت بەو کۆبوونەوەیە لێ درا.
بە پێییاسا کاتی ئەوە هاتووە سەرۆک کۆمار دەستنیشان بکرێت کە پۆستێکە هەر لە دوای دامەزراندنی عێراق بۆ کورد بووە و ئەمجارەش لە لایەن کوردەوە دیاری دەکرێت. پێویستە بگوترێت دەستنیشانکردنی ئەو پۆستەش تا لە پیرمام پەسند نەکرێت لە پەرلەمانی عێراقیش پەسند ناکرێت و یەک هێزی سیاسی ناتوانێت بە تەنیا لەسەر پۆستەکە قەرار بدات.
پێشبینی دەکرێت ئەو قۆناغەش تێپەرێت و نۆرەی گرنگترین قۆناغ دێت کە پێکهێنانی حکوومەت و راسپاردنی کەسێکە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق و دامەزراندنی کابینەی نوێ.
ئەگەر سەرۆک وەزیران کەسێکی تر بێتیان دووبارە متمانە بە مستەفا کازمی بدرێت ئەوا ئەرکەکەی لەگەڵ جاران جیاواز دەبێت چونکە ئەگەر ویست و داخوازی خۆپێشاندەران جێبەجێ نەکات و بە کەمکردنەوەی گەندەڵی و گەیاندنی خزمەتگوزاریی زیاتر کار نەکات ئەوا چارەنووسی خۆی و حکوومەتەکەشی هەمان چارەنووسی حکوومەتەکانی پێشوو دەبێت و دۆخی عێراق ئاڵۆزتر دەبێت.
کاتی ئەوە هاتووە عێراق لە ژێر رکێفی هەندێک هێزی بێگانە بهێنرێتە دەرەوە و پێش بە چالاکیی میلیشیاکان و گرووپە توندئاژۆکان بگیرێت و داهات و دەستکەوتەکانی عێراق بۆ سەرجەم بەش و پێهکاتەکانی خۆی بێت و خۆشگوزەرانی زیاتر بۆ دانیشتووانەکەی دابین بکرێت.
ئەوەی ئەم حکوومەتەی داهاتووی عێراق لە ئەوانی تر جیا دەکاتەوە ئەوەیە بەشێکی زۆر لەو لایەنانەی کە دەستیان لە پاشخستنی عێراقدا هەبووە ئەگەر بەشداریی دەسەڵاتیشیان پێ بکرێت رۆڵی جارانیان نابێت و عێراق بەرەو ئاراستەیەکی باشتر دەڕوات و بە پێچەوانەی حکوومەتەکانی پێشوو کە شیعە و سوننە و کورد رۆڵیان لە پێکهێنانیدا هەبوو ئەمجارەیان براوەکانی شیعە و سوننە و کورد رۆڵی سەرەکییان دەبێت.

ھەواڵی زیاتر