مووچەی ١١ هەزار کەس ڕاگیراوە، کە زیاتر لە مووچەیەکیان وەردەگرت

بەرپرسی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجومەنی وەزیران، رایگەیاند، راپۆرتی سێیەمی چاکسازی ئامادەیە و لە ماوەیەکی نزیکدا رەوانەی پەرلەمان دەکرێت. دەشڵێ، هەموو ئەوانەی دوو مووچەیان زیاتر وەردەگرن مووچەکانیان بڕاوە و کەس نەماوە لە مووچەیەک زیاتر وەربگرێت.

یاسای چاکسازی لە 16ی 1ی2020 بە دەنگی 89 پەرلەمانتار پەسەند کرا، دواتر نێردرایە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش لە رۆژی3ی 2ی 2020 پەسەندی کرد، پاشان ئەنجوومەنی وەزیران لە مانگی 4 راسپاردەی بۆ جێبەجێکردنی یاساکە دەرکرد و لە مانگی 7 ساڵی 2020 کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە ملیۆنێک و 255 هەزار مووچەخۆر هەنە و مانگانە حکوومەت نزیکەی 900 ملیار دیناری پێویستە بۆ دابینکردنی مووچە و دەرماڵەکانیان، لەو ژمارەیە 60% فەرمانبەرن و ئەوانی دیکەش خانەنشین و خاوەن پێداویستی تایبەت و کەسوکاری شەهیدانن.
سەعید هەرکی، جێگری سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی کوردستان، بۆ هەولێر دەڵێ: “بە ئەلیکترۆنیکردنی رۆتینیاتی حکوومەت کارێکی زۆر باشە و کاریشی بۆ کراوە، چونکە ئێستا کاتی ئەوە نەماوە مامەڵەکان بە کاغەز بگەیەنی، زۆرجار دەبینی مامەڵەی هاووڵاتییەک ون دەبێت، ئەوەش کێشە دروست دەکات، بەڵام ئەگەر مامەڵەکان بە ئەلیکترۆنی بکرێن، ئەو کێشانە دروست نابن، بۆیە هەبوونی سیستەمی ئەلیکترۆنی زۆر پێویستە.
جێگری سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی کوردستان، دەشڵێ: “بایۆمەتری تەواو بووە، بەڵام ئێستا جارێکی دیکە تەئکید دەکرێتەوە، ئەگەر کێشەیەک هەبێت با ئەو کێشەیەش چارەسەر بکرێت، کە تا ئێستا مووچەی 11 هەزار کەس راگیراوە کە زیاتر لە مووچەیەکیان وەردەگرت.
د. عەبدولحەکیم خەسرۆ، بەرپرسی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجومەنی وەزیران، بۆ هەولێر روونی کردەوە: “بڕیار بوو پێش سەری ساڵ راپۆرتی سێیەمی چاکسازی رەوانەی پەرلەمان بکرێت، بەڵام هەفتەیەک بووە پشوو، ئەوەش کاریگەریی هەبوو لەسەر کارەکانی ئێمە، هەرچەندە راپۆرتەکە ئامادەیە، بەڵام هەندێک داتا و ژمارە پێویست بوون، ئەوانیش لە ماوەیەکی نزیکدا تەواو دەکرێن، بەوەش راپۆرتی سێیەمی چاکسازی رەوانەی پەرلەمان دەکرێت”.
بەرپرسی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجومەنی وەزیران، ئاشکراشی کرد: “راپۆرتی سێیەم، راپۆرتێکی تێروتەسەلە، سندووقی خانەنشینی دامەزرا، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە ماددەیەک جێبەجێ کرا، ئەوانەی دوو مووچە وەردەگرن تەواو بووە و کەوتۆتە بواری جێبەجێ کردنەوە و، کەس نەماوە کە دوو مووچە وەربگرێت، ئەوانی دیکەش کارەکانی خۆیان دەکەن،یەکەی پاسەوانی پێک هێنرا، لەسەر وەزارەتی ناوخۆیە ئیجرائاتەکان وەربگرێت، بۆیە ئەو شوێنانەی کە پێویست بوو کاریان لەسەر بکەین کارمان لەسەر کردووە، هەندێک رۆتینیاتی ئیداری ماون ئەوەش دەمێنێتەوە لەسەر لایەنی پەیوەندیدار و پەیوەندیی بە ئێمەوە نییە، چونکە لیژنەی باڵای چاکسازی دەیەوێ ئەویاسایە بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەوەی دیکە وەزارەتەکان جێبەجێ دەکەن، بۆیە چاکسازی قۆناغی باشی بڕیوە”.

ھەواڵی زیاتر