پرشنگ توانا/ سوید
11/12/1952 – 11/12/2024
ئەگەرچی ئافرەتانی کورد لەبەر هەندێ کلتووری نامۆی خزێنراوی نێو کۆمەڵگای کوردی نەیتوانیبوو وەک پێویست ڕۆڵی سیاسی و جەماوەری لەنێو کۆمەڵگای کوردیدا بگێڕن، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێ کە ئافرەتی کورد هیچ ڕۆڵێکیان لەنێو کۆمەڵگای کوردیدا نەبینیبێ، ئافرەتی کورد لە گوندەکاندا شان بە شانی پیاوان لە کێڵگە و کاری ئاژەڵداریدا کاریان کردوە، لەوانەش گرنگتر ئەگەر لاپەڕەکانی مێژوو هەڵدەینەوە، گەلێ ئافرەتی بەتوانا و لێهاتوو توانیویانە ڕۆڵی بەرچاو لە وریاکردنەوە و هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگای کوردیدا بە گشتی و ئافرەتانی کورد بەتایبەتی ببینن، وەک خانزادی میری سۆران و قەدەمخێر و حەپسەخانی نەقیب و لەیلا قاسم و مەستوورە کوردستانی و عادیلە خان و شاخاتوونی بەتلیس و زۆر لە ئافرەتانی تر. لە 28 ی حوزەیرانی 1930 و 94 ساڵ لەمەوبەر، یەکەمین کۆمەڵەی ژنان بە ناوی (کۆمەڵەی ئافرەتانی کورد) بە سەرۆکایەتی حەپسەخانی نەقیب دامەزراوە. بێگومان دروستکردنی کۆمەڵەیەک لەلایەن ژنێکەوە بۆ داکۆکیکردن لە ماف و داواکانی ژنان لە ناوەڕاستی نیوەی یەکەمی سەدەی ڕابردوودا، نموونەیەکی کەم وێنەیە لەسەر ئاستی ئەوکاتی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا. لە شۆڕشە مەزنەکەی ئەیلوولیشدا هەر ئافرەتێکی کورد پێشمەرگەیەک بووە و بە شێوازێکی جوودا خزمەتی بە بزاڤی ڕزگاری گەلەکەی کردوە، جا هەر لەو ڕوانگەیەوە و لە
سۆنگەی خەمخۆری و بایەخدان بە چینی ئافرەتان، یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان لە 11/12/1952 بە ڕێنمایی و ڕاسپاردەی ژەنەراڵ مستەفا بارزانی لە شاری سلێمانی بەشێوەیەکی نهێنی دامەزرا، بەڵام لەبەر بارودۆخی سیاسی ئەوکاتە نەتوانرا كۆنگرە ببەسترێ و بە هەڵبژاردن سكرتێر و دەستەی کارگێر دیاری بكرێ.
ئەو ئافرەتانەی كە لەوێ ئامادەبوون بریتی بوون لەو خاتوونە بەڕێزانە: (درەخشان جەلال حەفید، سورەیای مەلای گەورە، ناجیە خانی مستەفا فەندی موفتی، ناجیە خانی میرزا غەفوور، ناهیدەخانی میرزا غەفوور، ئافتاو كەریم و مەدیحە محەمەد كەریم) و چەند ئافرەتێکی تر. هەروەها ناهیدەی شێخ سەلام و زەكیە ئیسماعیل حەقی ئاگادار كرابوون بەڵام لەبەر بارودۆخی نالەباری نەیانتوانیبوو ئامادە بن.
یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان لە میانەی خەباتی72 ساڵەی نەپچڕاوەی خۆیدا، توانیویەتی ڕۆڵێکی گرنگ و بەرچاو لەنێو کۆمەڵەگەی کوردیدا بگێڕێ، ئەمڕۆ ئافرەتان لە سایەی ئەو ئەزموونە و قەوارە سیاسیەی هەرێمی کوردستان، تاڕادەیەکی باش توانیویانە بگەنە ناوەندی بریاری سیاسی و ئیداری، ئەگەرچی تاوەکو ئێستاش پیاوسالاری و توندوتیژی دژ بەئافرەتان بەردەوامی هەیە، بەڵام بەراورد بە پێشوو پێشکەوتنێکی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە بەوەی ئافرەتانی ئەمڕۆ گەلێ وشیارتر و بەئاگادارترن، دەمێنێتەوە ئەوەی کە ئافرەتی کورد تا چ ڕادەیەک بڕوای بەخۆی هەیە و تاچڕادەیەکیش دەتوانێ بێدەنگی بشکێنێ و خۆڕاگرانە بەرەوڕووی ئەو دیاردە دزێوانە بوەستێتەوە.
ئەمڕۆ لە کاتێکدا کە یادی 72 ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان پیرۆز دەکەین، کوردستان بە بارودۆخێکی دژوار و ناسکدا تێدەپەڕی، مەبەستیش تەنیا هەڵوەشاندنەوەی ئەو قەوارە سیاسی و یاساییەی کە بە خوێنی هەزاران شەهیدی سەربەرزی گەلەکەمان هاتۆتە بەرهەم، هەر لەبەر ئەوە پێویستە کورد بەرامبەر بە کێشە چارەنووسگۆڕ، یەکدەنگ و یەکهەڵوێست بن و دوای هەڵبژاردن ڕێز لە دەنگی دەنگدەران بگرن و بەپێی ڕێژەی دەنگەکان، لەسەر پەرلەمان و پێکهاتەی حکوومەتی کوردستان ڕێک بکەون.