ڕائیب جادر – هەولێر
کاوە ئازیزی، سیاسەتمەداری ڕۆژئاوای کوردستان و مامۆستای زانکۆ، لەم دیدارەدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: ئێستا سووریایەکی دیکە دەبینین، ئەم قۆناغە بۆ کورد نوێیە، ئەوە نەما لایەنێک تەنیا بڵێ من تەمسیلی کورد دەکەم، پێویستە ھەموو لایەنە کوردییەکان پێکەوە چارەیەک بدۆزنەوە، بۆ ئەوەی بۆ لایەنەکانی دیکە دیار بکەن کە چییان دەوێت.
ڕۆژی یەک شەممە پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی لە بارەی دۆخی سووریا بڵاوکردەوە و دەڵێت، ڕێز لە بژاردە و ئیرادەی گەلانی سووریا دەگرین. پارتی، دەڵێت، ھیوادارین قۆناخی داھاتوو، قۆناخی خۆشی و ئارامی و کۆتاییھاتنی ئاڵۆزییەکان و، سەرەتایەکی نوێ بێت لە پێکەوەژیان و یەکترقبووڵکردنی گشت پێکھاتەکانی ئەو وڵاتە، ھەروەھا ژینگەیەکی لەبار و دەرفەتی گونجاوی سەردەمیانە بڕەخسێت بۆ ژیانێکی شایستە بە گەلانی سووریا لە ھەموو ڕوویەکەوە.
ھەزاران پەنابەری ڕۆژئاوای کوردستان لە ھەولێر بەبۆنەی کۆتاییھاتنی دەستەڵاتی بەشار ئەسەد، لەبەردەم قەڵای ھەولێر خۆشیان دەربڕی، پەنابەران جگە لە ئاڵای سووریا، ئاڵای ھەرێمی کوردستانیشیان بەرزکردووەتەوە، سوژدەی سوپاسگوزاریشیان برد، ئەوەش لە خۆشی کۆتاییھاتنی ٥٣ ساڵەی حوکمی بەعس لە وڵاتەکەیان و ڕووخانی دەستەڵاتی بەشار ئەسەد، درووشمی وەک “سووریا ئازاد بوو و بەشار ئەسەد ڕووخا”ـیان گوتەوە.
٢٦٤١٩٨ پەنابەری ڕۆژئاوا لە ھەرێمی کوردستان ھەن
لەدوای شەڕ و گرژییەکانی ساڵی ٢٠١١ لە سووریا، ژمارەیەکی زۆری ھاووڵاتییانی سووریا ئاوارەی وڵاتان بوون، بەتایبەتی دوای سەرھەڵدان و ھاتنی ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش لە ساڵی ٢٠١٤، حکوومەتی ھەرێم، بۆ نیشتەجێکردنیان، ژمارەیەک کەمپی لە ھەرسێ پارێزگای ھەولێر و دھۆک و سلێمانی دروست کرد، لە پاریزگای ھەولێر ئەم کەمپانە دروست کران، دارەشەکران، قوشتەپە، باسرمە، لە پارێزگای دھۆک ئەم کەمپانە دروست کران، ئاکرێ، دومیز١، دومیز٢، گەویلان، لە پارێزگای سلێمانی کەمپی، عەربەت- باریکە، لە ھەرێمی کوردستان ٢٦٤١٩٨ پەنابەری سووریا ھەن، دابەشبوونی پەنابەرانی سووریا لە ھەرێمی کوردستان بەمشێوەیە، لە پارێزگای ھەولێر ١٤٢٧٣٥ پەنابەر ھەیە، لە پارێزگای دھۆک ٨٤٥١٦ پەنابەر ھەیە و لە پارێزگای سلێمانی ٣٦٩٤٧ پەنابەر ھەن، سەبارەت بەوانەی لەنێو کەمپەکان و دەرەوەی کەمپەکانن لە ھەرسێ پارێزگای ھەولێر و دھۆک و سلێمانی بەمشێوەیە، ٩٠٩٥٨ پەنابەر لەنێو کەمپەکانن، ١٧٣٢٤٠ پەنابەر لە دەرەوەی کەمپەکانن.
ڕۆژی یەک شەممە، ٨-١٢-٢٠٢٤، ھێزە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، توانییان دیمەشقی پایتەختی سووریا کۆنترۆڵ بکەن، بەشار ئەسەدیش ناچار بە ھەڵاتن بکەن، کە ماوەی ٢٤ ساڵ بوو دەستەڵاتی وڵاتەکەی بەدەستەوە بوو.
پێویستە بەرەیەکی کوردستانی دروست بکەن
کاوە ئازیزی، سیاسەتمەداری ڕۆژئاوای کوردستان، دەڵێت، چەند کەوتنی ڕژێمی بەعس بۆ ھەرێمی کوردستان گرنگ بوو، ئەوەندە کەوتنی ڕژێمی بەعس لە سووریا بۆ کوردانی ڕۆژئاوا گرنگە، ئەم قۆناغە بۆ کورد نوێیە، ئەوە نەما لایەنێک تەنیا بڵێ من تەمسیلی کورد دەکەم، بۆیە دەبێت کورد بە ھەستیاریەوە مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەکە بکات، ئەو گرژیی و ئاڵۆزییانەی کە لە نێوان ئەنەکەسە و پەیەدە ھەن، دەبێت بەلاوە بنرێن و دەست لەناو دەست و بەرەیەکی کوردستانی دروست بکەن، ئەوەش بە ئامادەبوونی لایەنی سێیەم، بۆ ئەوەی ڕێککەوتنەکە سەر بگرێت و وەکو ئەوانی دیکە کە لە ڕابردوو کران پەیەدە لێی پاشگەز نەبێتەوە، چونکە ھێشتا ڕۆژئاوای کوردستان لەژێر ھەڕەشەدایە.
بارودۆخی ڕۆژئاوا ڕۆژبەڕۆژ خراپتر دەبێت
ئەو سیاسەتمەدارە، ئاشکراشی کرد: دەبێت بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر خۆ لە پەکەکە جیا بکاتەوە و بە ئاشکرا بڵێ ھیچ پەیوەندییەکیان بە ئەوانەوە نەماوە، چونکە ھەتا پەکەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان بێت، بارودۆخی ڕۆژئاوا ڕۆژبەڕۆژ خراپتر دەبێت، ھەندێک وڵات و ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتەش ڕازی نابن و ھێرش دەکەنە سەر ڕۆژئاوا و بارودۆخی ئەو بەشەی کوردستان ئەو کات بە تەواوەتی تێکدەچێت، بۆیە دەبێت لایەنەکانی ئەو بەشەی کوردستان بە ھەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەکە بکەن.
ڕۆلی ھەرێمی کوردستان
ئەو سیاسەتمەدارەی ڕۆژئاوای کوردستان و مامۆستای زانکۆ، گوتیشی: ھەر وەکو چۆن لە ڕابردوودا سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێم و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەت بەردەوام لەسەر خەت بوونە و بەھانای خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستانەوە چوونە، ئێستاش دەبێت بە ھەمان شێوە لەگەڵ ھاوپەیمانەکانیان لەسەر خەت بن، بۆ ئەوەی بارودۆخی ڕۆژئاوا لەوەی کە ھەیە خراپتر نەبێت و ھەموو لایەنەکان بگەنە ڕێگەچارەیەک و ئەو خەڵکەی کە چەندین ساڵە ئاوارە بوونە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و دەست بە ژیانێکی نوێ بکەن.