ئەمڕۆ دووشەممە 9ی کانوونی یەکەمی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ شانشینی بەحرەین، لە شاری مەنامە، لەگەڵ نوور بنت عەلی ئەلخولەیف، وەزیری گەشەپێدانی بەردەوام و سەرۆکی ئەنجومەنی گەشەپێدانی ئابووريی بەحرەین کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا بیروڕا لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە ئاڵوگۆڕ کرا، بەتایبەتی لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابووری و سەرچاوەکانی داهات و برەودان بە وەبەرهێنان لە کەرتە جۆراوجۆرەکاندا.
سەرۆکی حکومەت ئەمڕۆ بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەحرەین و بڕیارە لەگەڵ شا و جێنشینن و سەرۆک وەزیران و بەرپرسە باڵاکانی بەحرەین کۆببێتەوە و گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی ناوچەکە بکات.