تەعریبێکی هەرە مەترسیدارلە کەرکووک

ئیدارە سەپێنراوەکەی کەرکووک، بە گواستنەوەی فۆڕمی خۆراک و نفووسی هەزاران عەرەب بۆ سەر کەرکووک، تەعریبێکی مەترسیداری دەست پێ کردووە، کە لەو رێگەیەوە دەیەوێت دیموگرافیای کەرکووک بگۆڕێت و رێژەی عەرەب زیاد بکات.

لە دوای 16ی ئۆکتۆبەر، ئیدارەی سەپێنراوی کەرکووک، بە ئارەزووی خۆی دەستی کردووە بە تەعریب و کەسیش رێگەیان لێ ناگرێت. بەرپرسێکیش دەڵێت گواستنەوەی فۆرمی خۆراکی عەرەب و هەروەها نفووسیان، مەترسییە و دەبێت رێی لێ بگیرێت.
رەسوول رەئووف، بەرپرسی مەڵبەندی کەرکووکی حزبی سۆسیالیستی کوردستان، ئاماژە دەدات کە گواستنەوەی فۆرمی خۆراک و نفووسی عەرەبەکان بەردەوامی هەیە و رۆژانە ئەو کارە دەکرێت و کەس قسەی لەسەر ناکات.
ئامانجی ئیدارەی سەپێنراوی کەرکووک ئەوەیە، لەو رێگەیەوە لە داهاتوودا رێژەی عەرەب لە کورد و تورکمان زیاتر بێت، بەڵام ئەوەی مایەی نیگەرانییە، هیچ بەرپرسێكی کورد لە بەغدا رێگەی لەو دیاردە ترسناكه نەگرتووە.
وەکوو ئەوەی رەئووف باسی دەکات، پڕۆسەکە بە شێوەیەكه کە زۆرجار لە رێگەی نووسینگەی مادەی 140ەوە ئەو کارە دەکرێت، تا شەرعییەت لە کارەکە بدەن، بەڵام پڕۆسەکە زۆر مەترسیدارە و بە پلان و بەرنامە بۆ داڕێژراو ئەو کارە دەکرێت.
ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگاری کەرکووک، پێیوایە هەر پڕۆسەیەک ئەنجام بدرێت و جیاوازی لە نێوان پێکهاتەکاندا دروست بکات مەترسیدارە.
کامەران کەرکووکی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگاری کەرکووک، دەڵێت ”گواستنەوەی فۆرمی خۆراکیان لە کەرکووک ئاسان کردووە، ئەمەش وا دەکات ئەوانەی فۆرم دەگوازەنەوە، بتوانن لە کەرکووکیش دەنگ بدەن“
یەکێک لەو مەترسیانەی لە رێگەی گواستنەوەی فۆرمی خۆراکەوە روو دەدات ئەوەیە، ئەو عەرەبانە دەتوانن لە داهاتوو لە کەرکووکیش دەنگ بدەن، بەمەش ئەنجامی هەڵبژاردن گۆڕانی بەسەردا دێت و ئەوان دەیانەوێت بە هەڵبژاردن و زۆرکردنی رێژەی عەرەب، پارێزگاری کەرکووک بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن.
تورکمانەکانی کەرکووکیش بەهەمان شێوەی کورد، لە گواستنەوەی فۆرمی خۆراکی عەرەب بۆ شارەکەیان نیگەرانن و دەڵێن زیانی گەورەی بەدوادا دێت.
شوکر نەجاڕ، دانیشتووی کەرکووکە و دەڵێت ئێمە هەستی پێ دەکەین کە عەرەب بە بەرنامە دەیەوێت دیموگرافیای کەرکووک بگۆڕێت.
باسی لەوە کرد، لە کەرکووک ئەوەی زۆرینەیە و هەموو لایەک هەستی پێ دەکات، کورد و تورکمانە و پاشان عەرەب دێت و پاشان مەسیحی، بەڵام بەداخەوە بە هۆی گواستنەوەی فۆرمی خۆراکی عەرەبەکان، کە هیچ پەیوەندییەکیان بە کەرکووکەوە نییە، وا دەکات لە داهاتوودا رێژەی عەرەب لە کورد و تورکمانیش زیاتر بێت و ئەمەش مەترسییە.

ھەواڵی زیاتر