پێنجشەممە، 5-12-2024، فەرماندەیی گشتیی سوپا و هێزە چەکدارەکانی سووریا بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتووە “لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێزە چەکدارەکانمان شەڕی توندیان بۆ بەرپەرچدانەوە و پووچەڵکردنەوەی هێرشی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان لە بەرە جۆراوجۆرەکانەوە کردووە.”
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە “لە ماوەی چەند کاتژمێری ڕابردوودا، لەگەڵ چڕبوونەوەی شەڕی نێوان سەربازەکانمان و گرووپە تیرۆریستییەکان و بەرزبوونەوەی ژمارەی کوژراوان لە نێو ڕیزەکانی هێزەکانماندا، ئەم گرووپانە توانیان بچنە ناو شاری حەما، سەرەڕای ئەوەی زیانێکی زۆریان پێگەیشتووە.”
ڕاشیگەیاند “بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیانی سڤیلی شاری حەما، ئەو یەکە سەربازییانەی لەوێ جێگیر بوون، گواسترانەوە بۆ دەرەوەی شار. فەرماندەیی گشتیی سوپا و هێزە چەکدارەکان دووپاتی دەکاتەوە کە بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی ئەرکی نیشتمانی خۆی بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ئەو ناوچانەی کە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان داگیریان کردووە.”
لەلایەکی دیکەوە، حەسەن عەبدولغەنی سەرکردەی بەشی ئۆپەراسیۆنەکانی گرووپە چەکدارەکان، لە پلاتفۆڕمی تێلێگرامدا ڕایگەیاند، “هێزەکانمان چوونەتە ناو زیندانی سەنتەری حەما و سەدان زیندانی ستەملێکراویان ئازاد کرد”.