ڕائیب جادر – هەولێر
حوسێن سەبری، نوێنەری هەرێم لە وەزارەتی بازرگانی عێراق، لە دیدارێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “هەولێر” دەڵێت: لەمەودوا کارتی نیشتمانی دەکرێتە بنەما بۆ پێدانی بەشە خۆراکی مانگانە، واتە هەر کەسێک کارتی نیشتمانی نەبێت بێبەش دەبێت لە بەشە خۆراکی مانگانە و ناوی لە سیستەمی نوێ تۆمار ناکرێت. دەشڵێ: ئەو پسوولەی ئێستا هەیە دەبێتە ئەلیکترۆنی و دوای کەوتنەکاری ئەو سیستەمە، هاووڵاتی دەتوانێت لە ماڵەوە کاروباری خۆی بەڕێوەببات.
بریکارەکانی خۆراک ئاگادار دەکرێنەوە
وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی عێراق کۆمەڵێک ڕێنوێنی بۆ ڕێکخستنی کارەکانی بریکارەکانی خۆراک دەرکرد و جەخت کراوەتەوە لەوەی کە نابێت هیچ بریکارێکی خۆراک لە ٥٠٠ دینار زیاتر لە هاووڵاتییان وەربگرێت، ڕێنوێنییەکان ١٢ خاڵی لەخۆگرتووە، لەوانە پابەندبوون بە جێبەجێکردنی ئەو کۆنتڕۆڵ و ڕێنوێنیانەی کە لەلایەن وەزارەتەوە دەرچوونە، نەهێشتنەوەی پێداویستییە خۆراکییەکان بۆ ماوەیەکی زۆر لە کۆگاکان و داواکردن لە هاووڵاتییان کە وەریبگرن بۆ پاراستنی سەلامەتی خۆیان، لە هەمان کاتدا پاراستنی پاکوخاوێنی شوێنی بریکار و بەکارهێنانی پالێت بۆ پاراستنی خۆراک، ئاماژە بەوەشکراوە، دەبێت بریکارەکان پابەند بن بەو نرخە فەرمیەی کە بۆ پشکی هەر کەسێک دانراوە، کە بڕی ٥٠٠ دینارە، وەزارەتەکە جەختی کردووەتەوە لە پابەندکردنی بریکارەکان کاتی کردنەوەی دوکانەکانیان و ڕێکخستنی کارتەکان لە خشتەی کەرەستەکاندا و نەفرۆشتنی سەبەتەی خۆراک و شتومەکی چاودێری کۆمەڵایەتی، ئەگەرنا لایەنە کەمتەرخەمەکان لە ڕووی یاساییەوە لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت، هەروەها بریکارەکان ئاگادار کراونەتەوە کە لەبەر وەرزی زستان و گۆڕانی کەشوهەوا و بارانبارین، ڕەچاوی شوێنی داگرتنی کەلوپەلی خۆراکی هاووڵاتییان بن لە تەڕبوون و شێداربوونی کۆگاکانیان، لەبەربوونی مەترسی لەسەر خۆراکەکان، بەرپرسانی خۆراکیش ئاشکرای دەکەن، هەر بریکارێک سکاڵای لەسەر بێت و بەڵگە هەبێت، سزا دەدرێت، یەکەم جار ئاگادار دەکرێتەوە، پاشان بەپێی ڕێنماییەکان سزای ماددی دەدرێت، سزاکە ٢٥٠ هەزار دینارە، هەندێ جاریش لێسەندنەوەی بریکارییەکەیە.
فۆرمی خۆراک دەبێتە ئەلیکترۆنی
نوێنەری هەرێمی کوردستان لە وەزارەتی بازرگانی عێراق، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، بەبڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم کاروباری هەموو فەرمانگەکانی حکوومەت دەکرێتە ئەلیکترۆنی، ئەو بابەتە لە پاسپۆرت و کارتی نیشتمانی سەری گرت و ئەنجامیشی هەبوو، لە چوار پارێزگا کە یەکێک لەو پارێزگانە دهۆک بوو بەشێوەی تێست تاقی کرایەوە، باش و خراپەکانی سیستەمەکە بەدەرکەوتن، گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەکی گەورە کراوە لەسەر ئەلیکترۆنیکردنی هەموو دیکۆمێنتەکان، ماوەی هەفتەیەکە ئەزموونێکیان لە پارێزگای واست وەرگرتووە، ئەو تێستەی کراوە سەرکەتوو بووە و لە ئایندەیەکی نزیکدا دەست بە ئەلیکترۆنیکردنی پسوولەی خۆراک لە پێنج پارێزگا دەکەین یەک لەو پارێزگایانە لە هەرێمی کوردستانە، ئەویش پارێزگای هەولێر دەبێت.
سوودەکانی کارتی ئەلیکترۆنی
نوێنەری هەرێم لە وەزارەتی بازرگانی عێراق، زیاتر گوتی: یەکێک لە سوودەکانی ئەو ئەلیکترۆنییە ئەوەیە ئەپلیکەشنێکمان دروست کردووە، هاووڵاتی لە ڕێگەی ئەو ئەپلیکەیشنە ناوی خۆی و خێزانەکەی تۆمار دەکات لەگەڵ بریکاری خۆراک و ژمارەکەی و ژمارەی بریکاری ئارد و پارێزگاکەی، ئێمەش کۆد و وشەی نهێنی پێ دەدەین.
ئەو هاووڵاتییانە خۆراک وەرناگرن
حوسێن سەبری، نوێنەری هەرێم لە وەزارەتی بازرگانی عێراق، جەختی لەوەشکردەوە: لەمەودوا کارتی نیشتمانی دەکرێتە بنەما بۆ پێدانی بەشە خۆراکی مانگانە، واتە هەر کەسێک کارتی نیشتمانی نەبێت بێبەش دەبێت لە بەشە خۆراکی مانگانە و ناوی لە سیستەمی نوێ تۆمار ناکرێت.
هەموو مامەڵەیەک ڕاگیراوە
نوێنەری هەرێم لە وەزارەتی بازرگانی عێراق، گوتی: چل و سێ ملیۆن کەس لە سیستەمی خۆراک ناویان هەیە، هاووڵاتی لە ماڵەوە لە ڕێگەی کارتی نیشتمانی دەتوانێت داخیلی سیستەم بێت و هەر لە موبایل کار بکات و هەر مامەڵەیەک هەبێت دەتوانێت بکات بێ ئەوەی سەردانی فەرمانگەکانی خۆراک بکات و نووسراو پێشکەش بکات، هاووڵاتی لە ڕێگەی ئەو کۆد و وشەی نهێنی بۆ مۆبایلەکەی دەگەڕێتەوە، سەرجەم زانیارییەکان پڕ دەکاتەوە، دوای تۆمارکردنی بە ماوەیەکی کەم، پسوولەی خۆراکی بۆ دەگەڕێتەوە، کە ئێستا هەموو مامەڵەیەک لە فەرمانگەکانی خۆراک وەستاوە، بۆ نموونە گواستنەوەی فۆرمی خۆراکی مانگانە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە، یان زیادکردنی کەسەکان لەگەڵ مامەڵەی هاوسەرگیری، هەتا سیستەم لە پارێزگاکان نەکەوێتە کار، هاووڵاتییان ناتوانن هیچ مامەڵەیەک بکەن.
کوالیتی کەلوپەلی خۆراک خراپە
حوسێن سەبری، نوێنەری هەرێم لە وەزارەتی بازرگانی عێراق، ئاشکرای کرد: وەکو حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام داوامان کردووە کەلوپەلی خۆراک بە کوالیتییەکی باش بدرێتە هاووڵاتییان، بەتایبەتی برنج، تێبینی هاووڵاتییان لەسەر کەلوپەلی خۆراک لە هەموو کۆبوونەوەکانی خۆمان باس کردووە، لەگەڵ ئەوەی داوامان کردووە هەر جارێک خۆراک دابەشدەکرێت ماددەکان بگۆڕن و جۆراوجۆر بن، بەتایبەتی نیسک، نۆک و ماش.