پێشكه‌شكردنی پڕۆژه خزمەتگوزارییەکان لە هەولێر به‌رده‌وامه‌

 

چواس خالید – هەولێر

 

حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه‌ له‌ پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌كانی خزمه‌تگوزاری به‌ شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌ی دیكه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ شاری هه‌ولێر جێبه‌جێ ده‌كرێن.

سه‌رباری درێژبوونه‌وه‌ی كاریگه‌رییه‌ نه‌رێنییه‌كانی ته‌نگژه‌ی دارایی و نه‌ناردنی به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌ بیانووی بێ بنه‌ما له‌لایه‌ن به‌غدادەوه‌، پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌كانی خزمه‌تگوزاری له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه‌، له‌ چه‌ند فه‌رمانێكی وه‌زاریدا، وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕه‌زامه‌ندی نیشانداوه‌ له‌سه‌ر خه‌رجكردنی گوژمه‌ی ملیارێك و سێ سه‌د و سی و دوو ملیۆن و سه‌د و هه‌شتا و شه‌ش هه‌زار و هه‌شت سه‌د و بیست و یه‌ك دیناری عێراقی، بۆ جێبه‌جێكردن و ته‌واوكردنی چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كی خزمه‌تگوزاری له‌ چه‌ند شوێنێكی شاری هه‌ولێر.
گوژمه‌ی ئه‌و پڕۆژانه‌ كه‌ له‌سه‌ر ڕێژه‌ی ١٥% و ١٠٠% ی داهاتی سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی هه‌ولێره‌، بریتین له‌ پڕۆژه‌ی گه‌یاندنی خزمه‌تگوزاری بۆ گه‌ڕه‌كی مه‌ریوان، كه‌رتی هه‌شتی حه‌سارۆك. قیرتاوكردنی ژماره‌یه‌ك شه‌قام له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كۆگاكان له‌ سنووری به‌ڕه‌وه‌به‌رایه‌تی شاره‌وانی شه‌ش، نۆژه‌نكردنه‌وه‌ و كۆنكرێتكردنی چه‌ند شه‌قامێك له‌ ته‌نیشت قوتابخانه‌كانی مه‌هاباد، قه‌ره‌قۆپیلۆ، سوڵتان موزه‌فه‌رله‌ سنووری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شاره‌وانی سێ.
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا پڕۆژه‌ی دروستكردنی ژماره‌یه‌ك شه‌قام له‌ قه‌ره‌بووی تۆبزاوه‌ و پلانی پڕۆژه‌كانی ماسته‌رپلانی هه‌ولێر له‌ سنووری سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی هه‌ولێر جێبه‌جێ ده‌كرێت.
جیا له‌وانه‌ و هه‌ر له‌ شاری هه‌ولێر، به‌ گوژمه‌ی زیادتر له‌ دوو سه‌د و حه‌فتا و شه‌ش ملیۆن و شه‌ش سه‌د و په‌نجا هه‌زار دیناری عێراقی. له‌سه‌ر داهاتی ١٥%ی سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی هه‌ولێر، پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری بۆ شه‌قامه‌كانی ٢٠ مه‌تری و ١٥ مه‌تری له‌ كه‌رتی سێ هه‌زار سێبه‌ردان جێبه‌جێ ده‌كرێت.
پڕۆژه‌كه‌ پێكدێت له‌ دروستكردنی شه‌قام و تێكه‌ڵه‌ڕێژكردنی شه‌قام به‌ ڕووبه‌ری سی و یه‌ك هه‌زار مه‌تر دووجا و دانانی كێربستۆن به‌ درێژایی پێنج هه‌زار و پێنج سه‌د مه‌تر له‌ سنووری سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانی هه‌ولێر.
له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ش، له‌ چوارچێوه‌ی هه‌وڵه‌كانی پارێزگای هه‌ولێر بۆ گه‌یاندنی پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان و خزمه‌تكردنی زیادتری هاووڵاتیان، ده‌ستكرا به‌ قیرتاوكردنی چه‌ند كۆڵانێك له‌ گه‌ڕه‌كی ژیان به‌ ڕووبه‌ری نۆهه‌زار مه‌تر دووجا، له‌سه‌ر داهاتی ١٥%ی سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی هه‌ولێر.
له‌ ئێستادا هه‌ر له‌ شاری هه‌ولێر، پڕۆژه‌ی قیرتاوكردنی شه‌قامێكی سه‌د مه‌تری له‌ نێوان كه‌رتی پێنجی حه‌سارۆكان و هه‌شتی حه‌سارۆكان، به‌ گوژمه‌ی ملیارێك و حه‌فتا و چوار ملیۆن و حه‌وت سه‌د هه‌زار دیناری عێراقی جێبه‌جێ ده‌كرێت.
پڕۆژه‌كه‌ له‌سه‌ر بودجه‌ی پارێزگای هه‌ولێر و به‌ شێوه‌ی به‌ڵێنده‌رایه‌تی ده‌ست به‌ جێبه‌جێكردنی كراوه‌، كه‌ پڕۆژه‌یه‌كی گرنگه‌ له‌ بواری ڕێگه‌وباندا و مه‌وداكه‌ی دوو هه‌زار و دوو سه‌د مه‌تره‌، جیا له‌ به‌ستنه‌وه‌ی گه‌ڕێكی پێنجی حه‌سارۆكان به‌ دووسایدی شه‌ست مه‌تری هه‌شتی حه‌سارۆكان، هه‌ردوو گه‌ڕه‌كه‌كه‌ به‌ شه‌قامی سه‌ره‌كی كۆیه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌ و ئاسانكاریی و كه‌مكردنه‌وه‌ی مه‌ودا و كات بۆ هاووڵاتیان فه‌راهه‌م ده‌كات.
هاوكات له‌ ناحیه‌ی هیرانی سه‌ر به‌ پارێزگای هه‌ولێریش چه‌ند شه‌قامێكی نوێ ڕۆنران. له‌سه‌ر بودجه‌ی پارێزگای هه‌ولێر و له‌ چوارچێوه‌ی گه‌یاندنی پڕۆژه‌كانی خزمه‌تگوزارییه‌ پێویستییه‌كان به‌و جێگه‌ و شوێنانه‌ی پێویسته‌ ئاوڕی زیادتریان لێ بدرێته‌وه‌، له‌ سنووری ناحیه‌ی هیران چه‌ند شه‌قامێكی ناوخۆیی كۆنكرێت كران و خرانه‌ خزمه‌ت دانیشتوانی ناوچه‌كه‌وه‌.