بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی دارایی وەرگرتنی پارەی خوێندنی پارالێل و ئێواران دواخرا

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە گشتاندنێکدا بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی دارایی قوتابیان بڕیاری دواخستنی پێدانی پارەی خوێندنی پارالێل و ئێوارانی دەرکرد.

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گشتاندنێکی ئاراستەی سەرجەم زانکۆ حکوومییەکانی هەرێمەکە کردووە.
لە گشتاندنەکە هاتووە؛ بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی گشتیی و دۆخی دارایی قوتابییان، بڕیار درا بە دواخستنی وەرگرتنی پارەی خوێندنی پارالێل و ئێواران لە قوتابییانی سەرجەم قۆناغەکانی خوێندنی بەرایی و خوێندنی باڵا لە زانکۆ و دامودەزگەکانی سەر بە وەزارەت.
بە پێی بریارەکەی وەزارەت، پێویستە وەرگرتنی قستەکان بخرێتە مانگەکانی داهاتووی ساڵی ئاییندە، بەپێی خشتەیەکی ڕێکخراو کە ڕەچاوی بارودۆخی داهات و دارایی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بکات.