پێنجشەممە, كانونی یه‌كه‌م 5, 2024

مەترسییەکانی بەکارهێنانی مۆبایل لەکاتی نان خواردن

شارەزایان هۆشداری دەدەن لە مەترسییەکی تەندروستی کە لەوانەیە کاریگەری لەسەر ئەو کەسانە هەبێت کە مۆبایلی زیرەک بەکاردەهێنن لەکاتی نان خواردن.

دکتۆر گاریس نی، مامۆستای باڵای فیزیۆلۆژی لە زانکۆی چێستەر لە بەریتانیا ڕوونیکردەوە، مۆبایل ڕەنگە چەندین میکرۆبی زیانبەخشی هەڵبگرێت کە ڕەنگە بگوازرێتەوە بۆ سەر مێزی نانخواردنەکەت و کێشەی تەندروستی گەورە دروست بکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، مۆبایلە زیرەکەکان ژینگەیەکی گونجاون بۆ گەشەکردنی میکرۆبەکان، بەو پێیەی دەتوانن بەکتریا لەخۆبگرن، دەبنە هۆی ژەهراویبوونی خۆراک و هەوکردنی پێست و نەخۆشییەکانی هەناسەدان.

هەروەها ئەم بەکتریایانە لەوانەیە ببنە هۆی حاڵەتی تەندروستی مەترسیدار، وەک هەوکردنی سییەکان لەو کەسانی بەرگری لەشیان لاوازە.هۆکاری بوونی ئەم میکرۆبانە لە مۆبایلەکاندا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ڕۆژانە دەست لە چەندین ڕووکاری جیاواز دەدەین، کە ڕەنگە هەندێکیان بەکتریا زیانبەخشەکانیان هەڵبگرن.

ڕۆژانە دەست لە کەلوپەلی جیاواز دەدەین  وبەکتریا دەگوازرێتەوە بۆ مۆبایلەکانمان، بەتایبەت ئەگەر مۆبایلەکە دوای چوون بۆ تەوالێت بەکاربهێنرێت، ئەمەش مەترسییەکە زیاد دەکات لە گواستنەوەی میکرۆبەکان بۆ خۆراک.بۆیە پسپۆران ئامۆژگاری دەکەن کە مۆبایل لەکاتی نان خواردن بەکار نەیەت و زوزو مۆبایلەکان و کەڤەر خاوێن بکرێنەوە.