پێنجشەممە, كانونی یه‌كه‌م 5, 2024

دیندار زێباری: لە ساڵیادی پەسەندکردنی جاڕنامەى جیهانیی مافەکانی مرۆڤ، کۆنفرانسێک ساز دەکەین

لە (76)ـەمین ساڵیادی پەسەندکردنی جاڕنامەى جیهانیی مافەکانی مرۆڤ، بڕیار وایە سبەینێ سێشەممە، 03-12-2024، نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کۆنفرانسێکی تایبەت ساز بکات. 

لەم بارەوە د. دیندار زێباری، ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند: “کۆنفرانسەکە دەبێتە دەرفەتێک بۆ گفتوگۆ دەربارەی هەماهەنگی و هاوکاری لەسەر ئاستی نێوخۆیى، نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی هەروەها ڕۆڵی حکوومەت لە پێشخستن و پەرەپێدانی پتەوکردنی مافەکانی مرۆڤ.”

بە گوتەی زێباری “کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی بایەخی داوە بە مافەکانی هاووڵاتییان و ئازادییەکانی بە گشتی، پەسەندکردنی پلانی حکوومەتی هەرێم بۆ مافەکانی مرۆڤ (2021-2025) ئاماژەی بایەخدانە بەم مەلەفە و جێبەجێکردنی ئەو ڕاسپاردە نێودەوڵەتیانەی کە ئاراستەی هەرێم کراون لە چوارچێوەی کۆماری عێراق، بە مەبەستی گونجاندنی یاسا بەرکارەکان لەگەڵ ڕێککەوتننامە و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکاندا، هەروەها بەشێکە لە پرۆسەی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم، لەم کۆنفرانسەدا بە داتا و ژمارە هەنگاوەکانی حکوومەتی هەرێم لەم ڕووەوە پێشکەش دەکرێن.”

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان هەروەها باسی لەوە کرد: “کۆنفرانسەکە، مینبەرێکە بۆ تێڕامان لەو پێشکەوتنانەی بەدی هاتوون بەپێی پابەندبوونمان بە پەیماننامە و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان لە بواری حوکمڕانیی باش و تیشک خستنە سەر هەوڵە بەردەوامەکان بۆ هێنانەدی دادپەروەری و یەکسانی، و دەرفەتێکە بۆ ئەوەى هەرسێ دەسەڵات یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەری هەڵسەنگاندنێکی گشتگیر بکەن لە پڕۆسەی بەرجەستەکردنی داواکارییە نێودەوڵەتییەکان.”

دەربارەی بەشداربووانی کۆنفرانسەکە، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتی: “لەم کۆنفرانسەدا نوێنەرانی دەسەڵاتی دادوەری، پەرلەمان، حکوومەت و فەرمانگە و دەستە سەربەخۆکان لەسەر ئاستی هەرێم، هەروها سەرۆکایەتیی کۆمار، وەزارەتی دەرەوە، وەزارەتی دادی فیدراڵی، بەشدار دەبن. لەلایەکی دیکەوە ژمارەیەک لە دیپلۆماتکاران، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان،  یۆنامی و ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی ئامادە دەبن بە مەبەستی تاوتوێ کردنی پێشهاتە سەرەکییەکان، ئالنگارییەکان و دەرفەتەکانی داهاتوو لەم بوارەدا.”