پێنجشەممە, كانونی یه‌كه‌م 5, 2024

هەولێر … لە زانکۆى کوردستان، گۆشەیەکى تایبەت بە کتێبى فەڕەنسى کرایەوە

 

ئەمرۆ دووشەممە، بە ئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و فەلاح مستەفا، ڕاوێژکارى سەرۆکی هەرێمی کوردستان و یان برێم، کونسوڵی گشتی فەرەنسا لە هەولێر و سەرۆکى زانکۆ و مامۆستا و قوتابیان و خوێنەرانى کتێب، لە کتێبخانەى زانکۆى کوردستان لە هەولێرى پایتەخت، لە پێناو بەهێزکردن و دەوڵەمەندکردنی کولتوور و فراوانکردنی بازنەی چالاکییە زانستى و ئەدەبیەکان، گۆشەیەکى تایبەت بە کتێبى فەڕەنسى (France Corner) کرایەوە.

دواى کردنەوەى لەلایەن ئامادەبووانەوە، پارێزگارى هەولێر، ویڕاى دەستخۆشى لە کردنەوەى ئەو گۆشەیە، هیواى خواست بۆ قوتابیان سود بەخش بێت و ڕۆڵى زانکۆى کوردستانیشى وەک دامەزراوەیەکى زانستى لە گرنگیدان بە کتێب و سەرچاوە زانستییەکان بەرز نرخاند.

جێگەى باسە، لەو بەشەى کتێبخانەکەدا، کە ئامانج لێ گەیاندنی زانیاری و بەخشینی سەرچاوەی زانستی و کۆرسی خوێندنە، وەک ناوەندێکی زانیاری دەیان کتێبى لە بوارە جیاکانى زانست و مەعرفى لە خۆ گرتووە، کە دەبێتە سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ قوتابیانى زانکۆکە.