پێنجشەممە, كانونی یه‌كه‌م 5, 2024

سه‌رمایه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی بێوەی

سەرمایە سەرچاوەیەکی گشتییە کە تاك و گروپە کۆمەڵایەتییەکان و هەموو کۆمەڵگا بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانیان بەکاریدەهێنن. واتە ئەو ئامرازانەی کە کەسێک، گروپێک، دامەزراوەیەک یان کۆمەڵگایەک بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی بەکاری دەهێنن پێیان دەوترێت سەرمایە. بە بڕوای پییه‌ر بۆردیۆ، سەرمایە فۆڕمی جۆراوجۆری هەیە: سەرمایەی ئابووری (سەروەت و سامان)، سەرمایەی کولتووری (لێهاتوویی، زانین)، سەرمایەی ڕەمزی و سەرمایەی کۆمەڵایەتی (پەیوەندی کۆمەڵایەتی و متمانە).سەرمایەی کۆمەڵایەتی بە مانایەکی گشتی جۆرێکە لە وەبەرهێنان لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان.

بە پێی بۆچوونەکانیان، بیرمەندان پێناسەی جیاوازیان بۆ سەرمایەی کۆمەڵایەتی (Social capital) کردووە، کە دەکرێ خاڵی هاوبەش لەم پێناسانه‌دا جێگیر بكه‌ین: سەرمایەی کۆمەڵایەتی، پۆتانسێلێکی شاراوه‌یه‌ کە لە پەیوەندییەکانی نێوان مرۆڤەکان (و گروپەکان)ـی کۆمەڵگایه‌ك، کە به‌ هۆییه‌وه‌ کاروباری خۆیان ئەنجام بدەن. بیرۆکەی سەرەکی سەرمایەی کۆمەڵایەتی ئەوەیە کە خێزان و هاوڕێ و هاوکاران سەرمایەیەکی زۆر گرنگ پێک دەهێنن کە تاك دەتوانێت لە دۆخە مەترسیدار قه‌یراناوییەکاندا سوودی لێ وەربگرێت یان بۆ سوودی ماددی بەکاریان بهێنێت و بێگومان ئەمەش زیاتر گروپەکە دەگرێتەوە.
نیگەرانیی كاڵبوونه‌وه‌ی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان یەکێکە لەو بابەتانەی کە زۆرجار لە کۆمەڵناسی کلاسیک و هاوچەرخدا دەبینرێت. کۆمەڵناسانی هاوچەرخ چەمکی سەرمایەی کۆمەڵایەتییان بەکارهێناوە بۆ توێژینه‌وه‌ لە چەندایەتی و کوالیتی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان. پرەنسیپی ئەم چەمکە لە وتارێکی کەسێک بە ناوی هەنیفان (Lyda Judson Hanifan) لە ساڵی 1916 بەکارهێنراوە، لە ویلایەتی ڤێرجینیا لە ئەمریکا كه‌ لە بواری پەروەردەدا خزمەتێکی زۆری کردووە. بە بڕوای هەنیفان، سەرمایەی کۆمەڵایەتی ئەو سەروەت و سامانانە دەگرێتەوە کە لە ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤەکاندا بوونیان هەیە، وەک: هەستکردن بە لێکتێگەیشتن، هاوڕێیەتی، هەستکردن بە هاوسۆزی لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی نێوان تاکەکان و لە نێوان خێزانەکاندا کە یەکەیەکی کۆمەڵایەتی پێکدەهێنن. تیۆری هەنیفان بۆ ماوەی نیو سەدە زاڵ بوو تا لە ساڵی ١٩٦١ جاکۆبس لە بەرهەمەکەیدا بە ناوی “ژیان و مردن لە شارە گەورەکانی ئەمریکا” باسی سەرمایەی کۆمەڵایەتی و ڕۆڵی لە پاراستنی پاکوخاوێنی و مامەڵەکردن لەگەڵ تاوانی شەقامەکاندا کرد. ئابووریناس گلێن لۆری(Glen Loury) و کۆمەڵناس ئیڤان لایت (Iven Light) لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا زاراوەی سەرمایەی کۆمەڵایەتییان داهێنا بۆ وەسفکردنی کێشەی گەشەسەندنی ئابووری ناو شار. یەکەم ڕوونکردنەوە و لێکدانەوەی یەکگرتوو بۆ ئەم زاراوەیە لەلایەن بۆردیۆ لە ساڵی ١٩٧٢ ئەنجامدرا. جەیمس کۆڵمان لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا بەشێکی گرنگی کتێبی “بناغەکانی تیۆری کۆمەڵایەتی”ی بۆ باسکردنی سەرمایەی کۆمەڵایەتی تەرخان کرد و توخم و پێکهاتەکانی بە درێژایی ئەم کتێبە ڕوونکردەوە. لە ساڵانی نەوەدەکاندا چەمکی سەرمایەی کۆمەڵایەتی بەهۆی بانکی نێودەوڵەتی و ڕۆبێرت پوتنامەوە بەناوبانگ بوو. لە ماوەی ساڵانی نەوەدەکاندا، چەمک و تیۆری سەرمایەی کۆمەڵایەتی لەلایەن بیرمەندان و توێژەرانی بوارە جیاوازەکانی زانستە کۆمەڵایەتییەکانەوە پێشوازییەکی بەرچاوی لێکرا.
بەهۆی فراوانبوونی چۆنایەتی و چەندایەتیی تیۆرییەکانی سەرمایەی کۆمەڵایەتی لە دەیەکانی ڕابردوودا، تەنیا پێداچوونەوە بە بۆچوونی ئەو پسپۆڕانەدا دەکەین کە باسەکانیان ئیلهامبەخش و لە فۆرمی ڕێبازە تیۆرییە سەرەکییەکان بوون:
1) پییه‌ر بۆردیۆ (1930-2002)؛ بە بڕوای بۆردیۆ، سەرمایەی کۆمەڵایەتی بریتییە لە کۆی سەرچاوە ڕاستەقینەکان یان پۆتانسێلەکان کە لە ئەنجامی تۆڕێکی بەردەوام لە پەیوەندییە کەم تا زۆر دامەزراوەییه‌كان، ئاشنابوون و دانپێدانانی یەکتر، یان بە واتایەکی تر، ئەندامێتی لە گروپێکدا دێتە ئاراوە. تۆڕێک کە پشتگیری سەرمایەی بەکۆمەڵ بۆ هەریەکێک لە ئەندامەکانی دەکات و وایان لێدەکات شایەنی کریدت بن. بە بڕوای ئەو، سەرمایەی کۆمەڵایەتی، وەک تۆڕێکی پەیوەندییەکان، وەبەرهێنانێکی سروشتی یان تەنانەت وەبەرهێنانێکی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکو شتێکە کە بە تێپەڕبوونی کات و بە هەوڵی بەردەوام بەدەست دەهێنرێت. بە واتایەکی تر، تۆڕی پەیوەندییەکان، بەرهەمی ستراتیژەکانی وەبەرهێنانی تاکەکەسی یان بەکۆمەڵی هۆشیار یان نائاگایانەیه‌ کە ئامانجیان دروستکردن یان بەرهەمهێنانەوەی پەیوەندی کۆمەڵایەتییە کە دەتوانرێت ڕاستەوخۆ لە کورتخایەن یان درێژخایەندا بەکاربهێنرێت.
بەکارهێنانی سەرمایەی کۆمەڵایەتی لە دیدی بۆردیۆدا لەسەر ئەو تێگەیشتنە دامەزراوە کە چۆن مرۆڤەکان لە فەزای کۆمەڵایەتی پلەبەندی (کۆمەڵگەی سەرمایەداری)دا بە وەبەرهێنان لە پەیوەندییە گروپییەکاندا پێگەی ئابووری خۆیان باشتر دەکەن. لەم ڕوانگەیەوە دەتوانرێت ڕه‌وت و ئاراسته‌ی ئه‌و بە ئامرازگه‌را، تاکگەرا و کاریگەری تیۆری سەرمایەی مارکس و ململانێ هەژمار بکرێت.

2) جەیمس کۆڵمان (1926-1995)؛ بە بڕوای کۆڵمان سەرمایەی کۆمەڵایەتی بە ئەرکەکەی پێناسە دەکرێت. سەرمایەی کۆمەڵایەتی تاكه‌ شتێك نییە، بەڵکو چه‌ند جۆرێكی جیاوازی شتەكانه‌ کە دوو تایبەتمەندی هاوبەشیان هەیە:
أ) هەموویان هەندێک لایەنی بینای کۆمەڵایەتی (ئەو توخم و بەستەرانەی کە ژیانی کۆمەڵایەتی دەپارێزن) لەخۆدەگرن.
ب- ئاسانکاری دەکات بۆ هەندێک کاردانەوەی ئەو کەسانەی کە لەناو بونیاده‌كه‌دان، جا کەسانی ڕاسته‌قینه‌ بێت یان لایەنی یاسایی، و وا دەکات بتوانرێت هەندێک ئامانج بەدەستبهێنرێت کە بەبێ ئەو ناتوانرێت بەدەستبهێنرێت.
سەرمایەی کۆمەڵایەتی هەندێک تایبەتمەندی هەیە کە لە کاڵا تایبەتەکان جیای دەکاتەوە، کە لە تیۆری ئابووری نیوکلاسیکیدا باس دەکرێن. ئەم تایبەتمەندیانە بریتیین لە:
1- بە ئاسانی ئاڵوگۆڕیان پێناکرێت، هەرچەندە ئەم سەرمایەیه‌ سەرچاوەیەکە شایەنی بەکارهێنانیشە.
2- سەرمایەی کۆمەڵایەتی مڵکی تاکەکەسیی هیچ کام لەو تاكانه‌ نییە کە سوودی لێ وەردەگرن و ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ کوالیتی ئەو بونیاده‌ کۆمەڵایەتییەی کە تاكه‌كه‌ی تێیدا دانراوە.
3- دەرئەنجامی لاوەکی چالاکیەکانی ترە و بەزۆری لەلایەن کەسێکی دیاریکراوەوە دروست نابێت.
4- ئەگەر سەرمایەی کۆمەڵایەتی زیاتر سوودی لێ وه‌ربگیردرێت، بە پێچەوانەی هەندێک جۆری تری سەرمایە، نەک هەر به‌كارناهێنرێت بەڵکو زیادیش دەکات.
کۆڵمان بە کاریگەری بەکارهێنانی تیۆری هەڵبژاردنی عەقڵانی لە ڕوونکردنەوەی ڕەفتاردا، جەخت لەسەر سوودە تاکەکەسییەکانی سەرمایەی کۆمەڵایەتی دەکاتەوە.
3) ڕۆبێرت پوتنام: پوتنام چەمکی سەرمایەی کۆمەڵایەتی باڵاتر و زیاتر له‌ ئاستی تاکەکەسی به‌كاریده‌هێنێت و به‌ چۆنیەتی کارکردنی سەرمایەی کۆمەڵایەتی لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نیشتمانی و جۆری کاریگەرییەکانی سەرمایەی کۆمەڵایەتی لەسەر دامەزراوە دیموکراتییەکان و دواجار گەشەسەندنی ئابوورییەوه‌ په‌یوه‌سته‌.
بۆ ئەم مەبەستە لە دوو توێژینه‌وه‌ی بەراوردکاری لە نێوان دەوڵەتە جیاوازەکانی ئەمریکا و هەروەها حکومەتە ناوچەییە تازە دامەزراوەکانی ئیتالیا لە باکوور و باشوور لە ساڵانی حەفتاکاندا کاریگەری سەرمایەی کۆمەڵایەتی لە بەهێزکردنی کۆمەڵگەی مەدەنی و کارایی دیموکراسی لە لایەک و گەشەکردن و گەشەسەندنی ئابووری لە لایەکی دیکەوە لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە.
پوتنام سەرمایەی کۆمەڵایەتی بەو توخم و تایبەتمەندیانەی سیستەمی کۆمەڵایەتی (وەک متمانەی کۆمەڵایەتی، نۆرمەکانی ئاڵوگۆڕی دوولایه‌نه‌ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان) دەزانێت کە هەماهەنگی و هاوکاری نێوان تاکەکانی کۆمەڵگایەک بۆ بەدەستهێنانی سوودی هاوبەش ئاسان دەکەن.
بۆ تێگەیشتن و هەڵسەنگاندنی سەرمایەی کۆمەڵایەتی، ئاماژە بە چوار لایەنی جیاواز دەکات. لەم ڕووەوە، پوتنام بەراورد ده‌كات لە نێوان سەرمایەی کۆمەڵایەتی فەرمی بەرامبەر بە نافەرمی (کۆمەڵەکان)، سەرمایەی کۆمەڵایەتی چڕ لە بەرامبەر سەرمایەی کۆمەڵایەتی پەرشوبڵاو و لاواز، سەرمایەی کۆمەڵایەتی ناوه‌وه‌ڕ‌وان بەرامبەر بە دەرەوەڕوان (بەپێی تەرخانکردنی سوودەکان بۆ کەسانی غەیرە ئەندام یان خەڵکی گشتی) و لە کۆتاییدا سەرمایەی کۆمەڵایەتی سنووردار (لە نێوان کەسانی هاوشێوە لە ڕووی نەتەوە، تەمەن و هتد) سه‌رمایه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیی پەیوەندیكراو (لە نێوان کەسانی نایەکسان) پێشنیار دەکات.
4) فرانسیس فۆکویاما؛ فۆکویاما هاوشێوەی پوتنام سەرمایەی کۆمەڵایەتی لەسەر ئاستی ماکرۆ (لە ئاستی وڵاتان و لە پێوەندی لەگەڵ گەشە و گەشەسەندنی ئابوورییان) تاوتوێ کردووە و ئەو پێکهاتانەی کە پوتنام باسی دەکات (تۆڕەکانی بەشداری مەدەنی، نۆرمەکانی متمانە و هاوکاری) لە کتێبەکەیدا دووبارە کردۆته‌وه‌: بە پێچەوانەی تیۆریستەکانی دیکە، جەختی لەسەر سروشتی بەکۆمەڵی سەرمایەی کۆمەڵایەتی دەکردەوە و بە مڵکی گروپ و کۆمەڵگاکانی دەزانی.
بە بۆچوونی ئەو، دەتوانرێت سەرمایەی کۆمەڵایەتی بە سادەیی وەک کۆمەڵەیەکی دیاریکراو لە نۆرم یان بەها نافەرمیەکان (ڕاستگۆیی، جێبەجێکردنی ئەرکەکان و پەیوەندی هاوبەش) پێناسە بکرێت کە لەلایەن ئەندامانی گروپێکەوە هاوبەشن. بە گوێرەی دیدی فۆكۆیاما گرنگترین سەرچاوەکانی سەرمایەی کۆمەڵایەتی بریتین لە خێزان و نۆرمە کۆمەڵایەتییه‌كان.
سه‌باره‌ت به‌ ئەرکەکانی سەرمایەی کۆمەڵایەتی بیروڕای جیاواز هه‌یه‌، به‌ڵام بە بڕوای کۆڵمان، سەرمایەی کۆمەڵایەتی لە ڕووی نۆرمی و ئەخلاقییەوە بێلایەنە، واتە نە خوازراوە و نە نەخوازراوە و تەنیا بە دابینکردنی سەرچاوەی پێویست، ڕوودانی کردەکان چالاک دەکات. بە دیدی فۆكۆیاما، بەشداریکردن لە بەها و نۆرمەکاندا بۆ خۆی سەرمایەی کۆمەڵایەتی بەرهەم ناهێنێت، چونکە ئەم بەهایانە ڕەنگە بەهای نەرێنی بن. بۆیە دەکرێت ئەرکەکانی سەرمایەی کۆمەڵایەتی لە دوو پۆلی ئەرێنی و نەرێنیدا دابنرێت:
أ) ئەرکە ئەرێنییەکانی سەرمایەی کۆمەڵایەتی؛ ئەوەی کە بەشداری تاک لە کاروباری بەکۆمەڵدا ئەنجامێکی ئەرێنی بۆ تاک و کۆمەڵگاکەی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، هەر لەسەرەتاوە خەمی کۆمەڵناسەکان بووە. بە تایبەتی هەندێک لەم ئەرکە ئەرێنییانە لە خوارەوە ئاماژەیان پێکراوە:
1- زیادکردنی تەندروستی دەروونی مرۆڤەکان لەڕێگەی پێشکەشکردنی پاڵپشتی سۆزداری و دەروونی، کەمکردنەوەی هۆکارە سترێسەکان، کەمکردنەوەی ڕووداوەکانی ژیان (وەک لە دەستدانی کار).
2- بە گوتەی پوتنام؛ بەهێزکردنی نۆرمەکانی بەهێزی بەخشین و وەرگرتن (بە زیادکردنی تێچووی ئەگەری بەشدارینەکردن)، ئاسانکاریکردنی ڕەوتی زانیارییەکان، لەوانەش زانیاری دەربارەی ناوبانگی ئەکتەرەکان، و بینینی سەرکەوتنەکانی ڕابردوو کە یارمەتیدەرن بۆ بەدیهێنانی کردەی بەکۆمەڵ.
3- سەرمایەی کۆمەڵایەتی بەتایبەت لە فۆرمی بەکۆمەڵدا، نۆرمەکانی هاوکاری و متمانە، دەتوانێت یارمەتی ئەندامانی کۆمەڵگا بدات لە چارەسەرکردنی کێشەی کرده‌ی دەستەجەمعیدا و لەو حاڵەتەدا هەموو ئەندامانی کۆمەڵگا بەهرەمەند دەبن لە سووده‌كانی.
4- کاریگەری نێوخۆیی سەرمایەی کۆمەڵایەتی لەسەر کۆمەڵگای مەدەنی و فراوانبوونی دیموکراسی زیادبوونی هاووڵاتییانی پابەند بە یاسا کە هاوکاری باشتر لەگەڵ حکومەت ده‌كه‌ن.
5-ئەزموونەکانی بانکی نێودەوڵەتی دەریانخستووە کە سەرمایەی کۆمەڵایەتی کاریگەری بەرچاوی لەسەر ئابووری و گەشەسەندنی وڵاتانی جیاواز هەیە. زیادبوونی دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی جددی لە ئاستی تێچووی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا و هەروەها تێچووی کارکردنی ده‌زگاكان.

ب) ئەرکە نەرێنییەکانی سەرمایەی کۆمەڵایەتی؛ پەیوەندی پێچەوانەی نێوان پەیوەندییە ئەخلاقییە بەهێزەکانی ناوخۆیی گروپ و متمانەی گروپ بە کەسانی ده‌ره‌وه‌ی گرووپ، هەندێک جار دەتوانێت هاوکاری کاریگەرانەی گروپەکە لەگەڵ کۆمەڵگادا کەم بکاتەوە. بۆ نموونە فۆكۆیاما وێڕای پشتڕاستکردنەوەی گرنگی خێزان وەک فۆرمێک لە سەرمایەی کۆمەڵایەتی، ئاماژەی بەو کۆمەڵگایانە كردووه‌ کە تیایدا هاوسەنگی لە نێوان پەیوەندی خێزانی و پەیوەندی ناخێزانیدا نییە و پەیوەندی خێزانیش لەسەر حیسابی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە جەختی لەسەر دەکرێتەوە)، بە شێوەیەکی سەرەکی بەهۆی بوونی پەیوەندییە ئەخلاقییەکانەوە. بە شێوەیەکی نافەرمی لە تۆڕەکاندا، بوونی دیاردەکانی وەک ئاشنابوون، یاریکردنی حزبی، لێبوردەیی و ڕەگەزپەرستی هەمیشە مومکینە، کە بێگومان دەبێ لە فۆرمەکانی ڕاستەقینەی سەرمایەی کۆمەڵایەتی جیابکرێنەوە.
وێڕای ئه‌وه‌ش، بە پێداچوونەوە بە ئەدەبیاتی پەیوەست بە سەرمایەی کۆمەڵایەتی، ڕوونە کە ئەم سەرمایە دوو پێکهاتەی هەیە:
ئە) پەیوەندی بابەتیی نێوان تاكه‌كان؛ ئەم پێکهاتەیە ئاماژەیە بۆ ئەوەی تاكه‌كان لە فەزای کۆمەڵایەتیدا بە یەکترەوە گرێدراون. ئەم بەستەرانە دەتوانن دوو جۆر بن:
1- تاكه‌كان دەتوانن لە ڕێگەی هەڵبژاردنی هاوڕێیەتی و لینکی تۆڕی جۆراوجۆرەوە بە شێوەیەکی نافەرمی پەیوەندی لەگەڵ یەکتردا ببه‌ستن.
2- جگە لە پەیوەندی نافەرمی لەگەڵ کەسانی تر، تاك دەتوانێت لە ڕێگەی ئەندامێتی فەرمی لە کۆمەڵە و گروپە خۆبەخشەکاندا، پەیوەندی بە کەسانی ترەوە هەبێت.
ب) پەیوەندی دەروونی و زه‌ینی؛ پەیوەندی نێوان مرۆڤەکان دەبێت سروشتی دوولایه‌نه‌ی هه‌بێت، لەسەر بنەمای متمانە و هەست و سۆزی ئەرێنی هەبێت. متمانە بەو مانایەیە کە تاكه‌كان بۆ بەرژەوەندی خۆیان سوود لە سەرکەوتنە گروپییەکان یان دامەزراوەییەکان وەرناگرن.
هه‌روه‌ها دەتوانرێت سەرمایەی کۆمەڵایەتی دابەش بکرێت بەسەر ڕه‌وتی دەستەجەمعی و ڕه‌وتی تاکەکەسییدا: سەرمایەی کۆمەڵایەتی بەکۆمەڵ دوو ڕەهەندی متمانەی کۆمەڵایەتی و سەرمایەی کۆمەڵایەتی لەخۆدەگرێت و ڕه‌وتی تاكه‌كه‌سی سێ ڕەهەندی کارلێکی کۆمەڵایەتی و پشتیوانی کۆمەڵایەتی و پێکهاتەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لەخۆدەگرێت. زۆر گرنگە سەرمایەی کۆمەڵایەتی وەک توانای تاکەکەسی لە سەرمایەی کۆمەڵایەتی وەک توانای کۆمەڵایەتی جیا بکرێتەوە، چونکە سەرلێشێواوی ڕه‌وتی تاکه‌كه‌سی و دەستەجەمعی سەرمایە دەبێتە هۆی ناڕوونی و بێتوانایی لە پێوانەکردنی سەرمایەی کۆمەڵایەتی وەک سەرمایەیەکی بەکۆمەڵ.