نێچیرڤان بارزانی: چیرۆکی سەرکەوتنی زانکۆی ئەمەریکی-کوردستان پەیامی هیوایە بۆ گەنجان لە کوردستان و عێراق

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ئاهەنگی دەیەمین ساڵیادی دامەزراندنی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد کە، چیرۆکی سەرکەوتنی زانکۆی ئەمەریکا-کوردستان تەنها دەستکەوتێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو پەیامی هیوایە بۆ هەموو گەنجان لە هەرێمی کوردستان و عێراق.

یەکشەممە 1ـی کانوونی یەکەمی2024، لە ئاهەنگی دەیەمین ساڵیادی دامەزراندنی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکیدا بەو بۆنەوە گوتی: بەگەرمی پیرۆزبایی و دەستخۆشی لەو دامەزراوە ئەکادیمیە پێشکەوتووە دەکەم کە لەماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا بیرۆکەیەکی تازە بۆ گۆڕینی سیستەمی خوێندن و فێرکردن لە هەرێمی کوردستان و بەرەو پێشبردنی بەرجەستە کردووە، ئاماژەی بەوە کرد کە پەروەردە و فێرکردن تەنها ئامرازێک نییە بۆ پەرەپێدانی تاکەکان، بەڵکو هێزێکە دەتوانێت کۆمەڵگەکان بونیات بنێت و داهاتووێکی گەشاوە بۆ وڵاتان و میللەتان دروست بکات.

گوتی: ساڵی 2013  کە برای بەڕێزم مەسرور بارزانی بیرۆکەی دامەزراندنی زانکۆیەکەی لەگەڵ من باسکرد کە ئەو کاتە سەرۆکی حکوومەت بووم، بە خۆشحاڵی زۆرەوە پێشوازیم لە بیرۆکەی جەنابیان کرد، ئەوە لەگەڵ ئەو بڕوایەم تەواو کۆک بوو کە گرنگە دامەزراوەی فێرکردن و خوێندنی زانکۆ لە ئاستی جیهاندا بونیات بنێین، زۆر سوپاسی هەوڵە بەردەوامەکان و ڕوانگەی بەڕێزیان دەکەم، سوپاسی ئەنجوومەنی ئەمینداران، سەرۆکایەتی زانکۆ و ئەندامانی دەستەی وانەبێژیی دەکەم، لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا بە دڵسۆزیی و دیدێکی ژیرانە ڕووبەڕووی ئالەنگاری و  کێشەکان بوونەتەوە، بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامی کاروانی زانکۆ بۆ گەیشتن بە ئامانجە باڵاکانی.

نێچیرڤان بارزانی گوتی: ئامانجی دامەزراندنی زانکۆی ئەمەریکی-کوردستان لە سەرەتاوە ڕوون بوو، بریتی بوو لە بوونیاتنانی دامەزراوەیەک کە ببێتە نموونەیەکی باڵای ئەکادیمی و چرایەک بۆ زانست و داهێنان، ببێتە ئیلهامبەخش بۆ نەوەکانی داهاتوو، بەشدار بێت  لە ئامادەکردنی ئەو نەوەیەدا کە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ئالەنگارییەکانی هەبێت.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی: لەماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا زانکۆی ئەمەریکا-کوردستان دەستکەوتی بەرچاوی بەدەستهێناوە کە وای کردووە ببێتە نموونەیەکی دیار بۆ کوالێتی خوێندن لە کوردستان و لە عێراقدا، لەوانەش یەکەم دامەزراوەی خوێندنی باڵایە لە عێراق کە سەرکەوتووانە چەندین قۆناغی گرنگیی پرۆسەی  بەدەستهێنانی متمانەی ئەکادیمی نێودەوڵەتی تێدەپەڕێنێت.

نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بە قسەکانی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی کرد کەلە سەدا  70 ـی قوتابیانی زانکۆ بەجۆرێک لە جۆرەکان بەخشینیان بۆ کراوە، مایەی ڕێز و  دەستخۆشییە، ئاماژەی بە پشتیوانی سەرمایەداران کرد  کە وای کردووە دەرفەت بۆ قوتابیانی پێکهاتەکە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بڕەخسێت تاکوو لەو زانکۆیە پێشکەوتووە درێژە بە خوێندنیان بدەن.

نێچیرڤان بارزانی گوتی: لەڕێگەی پەروەردە و فێرکردنەوە دەتوانین کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو، ئابووریەکی بەهێز و داهاتووێکی ڕۆشن بوونیات بنێین کە شایستەی قوربانیدانی ئەم گەلە خۆڕاگرە بێت، گوتی: چیرۆکی سەرکەوتنی زانکۆی ئەمەریکا-کوردستان تەنها دەستکەوتێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو پەیامی هیوایە بۆ هەموو گەنجان لە هەرێمی کوردستان و عێراق، بۆیە سەرە ڕای ئەو دەستکەوتانە کار و هەوڵەکانی ئێمە لە هەرێمی کوردستان بۆ پەرەپێدانی سیستەمی پەروەردە و فێرکردن هێشتا کۆتایی نەهاتووە، لەوانەش پەرەپێدانی پرۆگرامەکانی خوێندن بۆ ئەوەی لەگەڵ پێداویستییەکانی سەدەی 21 بگونجێن و قوتابیان ئامادە بکەین بۆ تێکەڵ بوون لەگەڵ بازاڕی کاری ناوخۆ و جیهانی.

یەکشەممە 1ی کانوونی یەکەمی 2024، بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و  مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە شاری هەولێر ئاهەنگی دەیەمین ساڵیادی دامەزراندنی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان بەڕێوە چوو.

زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە دهۆک، لە ساڵی 2014 دامەزراوە و تاوەکوو ئێستا شەش خولی دەرچووانی بڕوانامەیان وەرگرتووە و زیاتر لە 700 دەرچووی لە بەشە جیاوازەکاندا هەیە، کە بەشێک لە دەرچووەکان لە زانکۆ بەناوبانگەکانی جیهان درێژە بەخوێندنی باڵا دەدەن، کە ڕۆژی یەکشەممە 2ـی حوزەیرانی 2024، زانکۆکە ئاهەنگی خولی شەشەمی دەرچووانی زانکۆی بەڕێوەبرد.

زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە دهۆک لە چوار کۆلێژ و 10 بەشی زانستی جیاواز پێکدێت، لەوانەش؛ بازرگانی کار، زانستی کۆمپیوتەر، دیزاینی ناوخۆ، سیاسەتی گشتی، میدیا و پەیوەندییەکان، پەرستاری و ئەندازیاری. ئەم زانکۆیە، لە لایەن هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق، بڕوانامەکەی متمانە پێکراوە و یەکێکە لە زانکۆ ئاستبەرز و ناسراوەکانی عێراق و ناوچەکە.