سه‌رۆکی حکومەت پێشوازی لە باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا دەکات

ئه‌مڕۆ یەکشەممە 12/1 مەسرور بارزانى، سه‌رۆكى حکومەتی هه‌رێمى كوردستان، پێشوازی له‌ ئەلینا ڕۆمەناوسکی، باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا له‌ عێراق كرد بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەدا، سەرۆکی حکومەت سوپاسی باڵیۆزی کرد بۆ کارکردنی لەپێناو پتەوکردنی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنە.
تەوەری سەرەکی گفتوگۆکان تایبەت بوو بە مووچە و ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان. لەمبارەیەوە سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە، کە هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییە دەستوورییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە، بۆیە پێویستە حکومەتی فیدراڵ مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان بێ دواخستن و لێبڕین بنێرێت.
هەردوولا هاوڕابوون لە سەر ئەوەی کە لە دوای یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، پێویستە لە زووترین کاتدا،حکومەتێکی نوێی یەکگرتوو و بەهێز پێکبهێنرێت.هەروەها لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا ، جەخت لە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ماوەیەکی نزیکدا کرایەوە.

باڵیۆزی ئەمەریکا سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی و خواستی وڵاتەکەی ، بۆ بەهێزترکرنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.