پێنجشەممە, كانونی یه‌كه‌م 5, 2024

ئەگەری دواخرانی کۆبوونەوەی پەرلەمان هەیە

بە گوێرەی کارنامەی ئەمڕۆ یەکشەممە 1ی کانوونی دووەمی 2024، پەرلەمانی عێراق بڕیارە کاتژمێر یەکی دوای نیوەڕۆ کۆ ببێتەوە، بەڵام بەهۆی ناکۆکییە سیاسی و تائیفییەکان لەسەر چەند تەوەرێک، ئەگەری زۆرە کۆبوونەوەکە لە کاتی دیاری کراودا بەڕێوە نەچێت.

لە نێو پەرلەمانی عێراق نزیک کاتژمێر 12ی نیوەڕۆ، ئەندامانی هیچ یەکێک لە فراکسیۆن و کوتلەکان نەگەیشتوونەتە پەرلەمان و جیا لەمەش سێ پرۆژە یاسای هەن کە جێی مشتومڕی نێوان فراکسیۆنەکانە و تاوەکوو ئێستا پێنج جارە دەخرێنە کارنامەی کۆبوونەوە، بەڵام بەهۆی ڕێکنەکەوتنی سیاسییەوە نە خوێندنەوە و نە دەنگدانیان لەسەر نەکراوە، هەربۆیە ئەگەرێکی زۆر هەیە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ دوا بکەوێت.

ئەو تەوەرانەی کێشەیان لەسەرە:

– دەنگدان لەسەر پێشنیازە یاسای باری کەسێتی، کە پرۆژەی دڵخوازی شیعەکانە، لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان جێگیر کراوە، هەرچەندە کورد و سوننەکان دژی نین، بەڵام ئەمەریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریان داوە لە تیپەڕاندنی.

– بڕگەی دووەمیش کە فراکسیۆنە کوردستانییەکان زۆر لەسەری مکووڕن بۆ دەنگدانە لەسەر هەڵوەشاندنەوەی هەشت بڕیاری سەرکردایەتیی حزبی بەعس و گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵی داگیرکراوی هاووڵاتییانە، کە نزیکەی 973 هەزار دۆنم زەوی لە سنووری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان دەگەڕێتەوە، تاوەکوو ئێستا پێنج جار خراوەتە کارنامەی کۆبوونەوە بەڵام دەنگی لەسەر نەدراوە و عەرەبی سوننەش بە تەواوی دژایەتیی هەڵوەشاندنەوەی هەشت بڕیارەکە دەکات.

– بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکەش تایبەتە بە دەنگدان بە هەمواری دووەمی پرۆژە یاسای لێبوردنی گشتییە، بەڵام 93% پەرلەمانتارە شیعەکان دژی ئەم پرۆژە یاسایەن و نایانەوێت پرۆژەکە بەم شێوەیەی هەیە تێپەڕێنرێت و جارێکی دیکە زیندانییەکانی دوای 2016 لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ بکرێت، کە بەشێکی زۆریان بە تۆمەت و تاوانی گرووپە تیرۆریستییەکان دەستگیر کراون.

بە گوێرەی زانیارییەکانی ئەم سێ پرۆژە یاساییە بەیەکەوە بەستراونەتەوە و بەبێ یەک تێ ناپەڕێنرێن.