شێرکۆ حەبیب
کورد بە هەموو شێوەک بەشداریکرد لە بونیادنانی دەوڵەتێکی دیموکراسی فرەیی و دابینکردنی مافە ڕەواکانی گەلی کورد لە چوارچیوەی عێراقێکی فیدراڵ کە سەرجەم پێکهاتەکانی لە نەتەوە جیاوازەکانی مافەکانیان دابین بێت هاوبەشبن لە بەرێوەبردنی وڵات، جگە لە شۆڕشی ئەیلوول کە لە پێناو دیموکراسی هەڵگیرسا و دروشمی دیموکراسی بەرز کردەوە و بەردەوام بوو، تا ئەمڕۆش سەرجەم هەوڵەکان لەو پێناوە بووە.
ئەوەی روویدا لە میانەی ساڵانی دوای ڕزگارکردنی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە نە خواستی کورد بوو و نە چاوەروان کراو بوو کورد دوای ئەو هەموو قوربانی و خەباتە هزرێکی شوڤێنی هیشتا بیر لە دژایەتی کورد بکاتەوە و یەکسان نەبێت لە ماف، بەڵکو بە پێچەوانە ئەرکەکانی زێدە کراوە بەبێ ماف، کورد هەردەم خوازیاری ئاشتی و تەبایی و پێکەوە ژیانە هەروەک ئێستا لە کوردستان لە ئارادایە لە بەر ڕۆشنایی و تێڕوانینی جەنابی سەرۆک بارزانی کە هەردەم هەوڵەکانی بۆ ئاشتی و برایەتی و ئارامییە.
هەندێ لایەنی دەسەڵاتدارانی بەغدا تاوەکو ئیستا تێڕوانینیان نەگۆڕاوە و کورد وەک هاووڵاتی پلە دووی ئەم وڵاتە سەیر دەکەن و بێ هاوبەش لە دەسەڵات مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن کە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ هزر و بیری دژایەتی و پەیڕەکردنی ئەجێندای دەرەکی.
لەگەڵ ئەوەی زۆرێک لەوانە ئیستا شوێنی حەوانەوەیان لە کوردستانە. هەروەک ساڵانی ئۆپۆزسیۆن کوردستان ئەوانەی لە خۆ گرت و پاراستنی بەڵام وەک دەڵێن ( ان اکرمت الکریم ملکتە، وان اکرمت اللئیم تمردا) ئەوە ڕاست لەسەر ئەمڕۆی عێراق جێبەجێ دەبێ.
لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ و بەناو دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقی نوێ، چەند لایەن هەر لەسەر هەمان ڕێچکەی ڕژێمی پێشوو دژایەتی کوردیان کرد لە هەوڵی دوورخستنەوەیاندا لە دەسەڵات بە بیانوو هزری شۆڤێنی، ئەوەی جێگای سەرسووڕمانە تێکەڵاوکردنی بژێوی ژیان بە ناکۆکییە سیاسییەکان تا کار گەیشتە ئەو ڕادەی بوودجەی کوردستان ببڕن لە ساتەوەختێکدا کوردستان دژی داعشی تیرۆریست دەجەنگا و پێشمەرگە نەک هەر کوردستانی دەپاراست بەڵکو عێراق و لە بری جیهانیش بەرەنگاری ئەو رێکخراوە تیرۆریستیە بووەوە، بۆ پادداشتی میللەتی کورد بودجە و مووچەی هەرێمیان بڕی، بەمەبەستی سەردانەواندن و خۆچەماندن بەڵام گەلی کوردستان ئەو ئاوات و خەونەی زیندە بە چاڵ کردن.
ئیستاشی لەگەڵدابێ مووچە و بودجە چارەسەر نەکراوە، هەر ڕۆژەی بە شێواز و بیانویەک یاری بە هەست و سۆزی هاووڵاتیانی کوردستان دەکەن.
کە دەیانەوێت بەو دژایەتیە کاریگەریان لەسەر لایەنێکی سیاسی کورد پەروەر هەبێت کە ناچێتە ژێر ڕکێفی ئەوان، بەڵکو مافەکانی نەتەوەی بەرژەوەندی میللەتەکەی لا گرنگە و داکۆکی لێدەکات.
گرنگە لێرەدا چیتر یاری بە هەست و سۆزی هاووڵاتیان نەکرێت نەک لە لایەن هەندێ دەزگای ڕاگەیاندن بەڵکو لەلایەن هەندێ بەرپرسی کورد لە بەغدا کە دوور لە هەموو ڕاستیەک لێدوان دەدەن بەبێ هیچ بنەمایەک بۆ ئەوەی لە ڕاگەیاندن دەرکەون بۆ ناوی خۆیان و لە ڕاستی میللەت دەزانێ ئەوان کێش و قەوارەیان چەندە.
گرنگە شاندی حکومەتی هەرێم بە روون و ئاشکرا گرفت و ناکۆکیەکان بخاتەڕوو تا میللەت ڕووی ڕاستی و ئەو هەواڵە چەواشانە ڕەت بکەنەوە کە هەندێ لایەن چ لە بەغدا یا کوردستان بۆ بەرژەوەندی تایبەتی باسی لێوە دەکەن.