هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

گەشتە ئاسمانییەكان لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر ئاسایی بوونەوە

دوای ئەوەی لە درەنگانی شەوی رابردووەوە بەشێك لە گەشتە ئاسمانییەكانی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بەهۆی بوونی تەمومژ و خراپی كەشوهەوا دواخران، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی گەشتەكان دەستیان پێ كردەوە و هاتوچۆ لە فڕۆكەخانەكە ئاسایی بووەوە.

شەوی رابردوو دیاردەی تەمومژ و خراپی كەشوهەوا لە ئاسمانی شاری هەولێر دروست بوو، بەهۆیەوە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بەشێك لە گەشتە ئاسمانییەكانی دواخست.

سەرچاوەیەك لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بە (كوردستان تیڤی) راگەیاند: سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی لە كاتژمێر 10:00 گەشتە ئاسمانییەكان فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر دەستیان پێ كردەوە و هاتوچۆی فڕۆكە لە فڕۆكەخانەكە ئاسایی بوونەوە.

راشیگەیاند: بەهۆی تەمومژ و خراپی كەشوهەوا هیچ گەشتێكی ئاسمانی لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر هەڵنەوەشابوونەوە، بەڵكو تەنیا بڕیار لەسەر دواخستنیان درابوو تا ئاسایی بوونەوەی كەشوهەوا.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەش دا كە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینییەوە ئەو گەشتانەی دواخرابوون بۆ ئیستەنبۆڵ، عەممان و دۆحە و شاریقە، دەستیان پێ كردەوە.