عێراق و کوردستان چۆن ئیدارەی ئەم دوو رووبارە دەدەن؟

عێراق ھەر لە کۆنەوە بە دۆڵی دوو رووبار ناسراوە، بە ملیۆنان ساڵ شارستانییەت لەسەر ئەم دوو رووبارە بنیات نراوە، بە کۆنترین شوێنی ژیانی مرۆڤایەتیش ھەژمار دەکرێت.

دوو رووبارەکەش ئێشتا پێی دەڵێن دیجلە و فوورات. درێژی رووباری دیجلە دەگاتە(1718)کم. بەلام لە ناو خاکی عیراق درێژیەکەی دەگاتە(1418)کم.
ڕووباری فورات كە سەرچاوەكەی لە توركیاوە هەڵدەقوڵێت درێژییەكەی ٢٨٠٠ كیلۆمەترە و درێژترین ڕووباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە لەگەڵ ئەوەی ژیان بە بەشێكی زۆر لە دانیشتوانی وڵاتانی توركیا سوریا عێراق دەبەخشێت، بەڵام ئایندەی ئەم ڕووبارە بوەتە هەڕەشەی هەڵگیرسانی جەنگ و هەڕەشە لەسەر ئاسایشی ئاوی عێراق.
ئێستا زیاتر لە (٤٥%) رووبەری زەوی کشتوکالی لە ناوەڕاست و باشوری عێراق بوون بە بیابان و ئاویان پێناگات. لە ھەمان کاتدا کەمبوونەوەی بەرھەمی ئاوی دیجلە و فورات بۆتە ھۆی ووشک بوونی زۆنگاوەکانی باشووری عێراق، ئەمەش راستەوخۆ کاریگەری کردۆتە سەر ئاژەڵدارەکان کەوا زیاتر لە یەک ملیۆن کەس ژیانیان لەسەر بەخێوکردنی ئاژەڵە . ئامار و داتاکان لەسەر کاریگەری کەمبوونەوەی ئاوی ھەردوو روباری دیجلە و فورات لە ناوەڕاست و باشووری عێراق مەترسیدارن و زۆر کاریگەرن . لەھەموو حالەتێکدا چەند ئاوی دیجلە و فورات کەم دەکات ئەوەندە ئاوی کەنداوی عەرەبی _ فارسی ھەلدەکشێ و خاکە رەشەکەی عێراق شۆراو دەکات و لە کاری دەخات. بۆیە عێراق لە ئێستا و داھاتوو لە قەیرانێکی گەورەی کەمبوونەوەی ئاوە.ھەرکاتێک ئاوی دیجلە و فوڕات نەما کەواتە ژیانیش نامینێ لە شارەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق،ئەوکات تاکە سەرچاوە کە عێراق ھانای بۆ ببات و تێنوێتی خۆی پێ بشکێنێ و قڕنەکات لە بێ ئاوی ھەرێمی کوردستانە بتوانێ قوڕگی تەڕ بکاتەوە. بۆیە کوردستان دەبێتە نزیکترین و ئاسانترین شوێن سەرچاوەی ئاوی شیرنی عێراق.
رووباری فورات بۆ عێراق واتە شادەماری نیوەی جەستەی مرۆڤێک، چونکە رووباری فورات لە عێراق ئاوی خواردنەوە و کشتوکال بۆ ھەشت پارێزگای ئەم وڵاتە دابین دەکات، کەوا سەرووی (١٢)ملیۆن کەس لەم ھەشت پارێزگایە دەژین. ھەردوو شاری نەجەف و کەربەلا کە شوێن نزرگەی پیرۆزی مەزھەبی شیعەن دەکەونە سەر رێڕەوی ئەم رووبارە. ساڵانە بەملیۆنان کەس روو لەم دوو شارە دەکات. بۆیە نەمانی رووباری فورات واتە مردنی نیوەی جەستەی عێراق. لە کۆنیشەوە فورات بنەما گرنگەکەی شارستانیەتی میزۆپۆتامیا بووە. لە ئێستادا رووباری فورات رۆژ بەرۆژ رێژەی ئاوەکەی لە کەمی دەدات
بەپێی سەرچاوەکان لە بیست ساڵی داھاتوو رووباری فورات بە تەواوی وشک دەکات، چونکە ئەو رێژە ئاوەی پێدەگات ساڵانە ئەوەندە کەمە تەنھا بەشی ئەوە دەکات گەرمای عێراق بیکات بە ھەڵم، ئەگەر لە رابردوو ئاوی فورات ساڵانە (٢٧)ملیار مەتر سێجای بۆ عێراق بوو، ئێستا کەمبۆتەوە بۆ کەمتر لە (١٤)ملیار مەتر سێجا. لە ساڵی ٢٠٤٠ رێژەکە دەبێت بە کەمتر لە (٣)ملیار مەتر سێجا.
رووباری فورات ھیچ لق و پۆپێکی بە خاکی ھەرێمی کوردستاندا رەت نابێ، بەڵام زۆرترین ژمارەی دانیشتوانی باشووری عێراقی لەسەر نیشتەجێیە بۆیە کە ئاو نەما ناچار بە کۆچکردن دەبن. ئاسانترین شوێنیش بۆ ئەوان ھەرێمی کوردستان دەبێت. باشووری عێراق ساڵانە رێژەی باران بارین لە نێوان (١٠٠١٢٠) ملیمە. بەڵام لە کوردستان لە نێوان (٢٥٠١٤٠٠) ملیمە. ھەروەھا ھەموو لقەکانی رووباری دیجلە ھاوتەریب بە خاکی کوردستاندا دابەش بوونە. نزیکەی لە (٤٠%) بەرھەمی ئاوی رووبارەکە لە ھەرێمی کوردستانە بۆیە کوردستان وەک خۆی دەوڵەمەندە بە سەرچاوەی ئاو خۆی دووچاری کێشەی ئاو نابێت بە شێوەیەکی کاریگەر، چونکە بەرکەوتەی تاک تێیدا بەرزە وەک ستانداری جیھانیە. بەڵام ناتوانێ لە گێچەل و فشاری عێراق رزگاری ببێت.

ھەواڵی زیاتر