كتێبی گرفتی دەق لە ڕۆمانی كوردیدا. كتێبێكی ڕەخنەیی ئەدەبییە و تایبەتە بە ڕۆمان، لە نووسینی دڵشاد كاوانی یە، بەمزووانە پڕۆژەی ئاگا بۆیەكەمجار چاپ و بڵاوی دەكاتەوە و لە پێشەنگەی نێودەوڵەتی كتێب لە سلێمانی دەكەوێتە بەردیدی خوێنەران. ئەم کتێبە (146) لاپەڕەیە. لە دووبەش پێکهاتووە و بەشی یەکەمیان خوێندنەوە و توێژینەوەی ڕەخنەیین، لە چوار ڕۆمانی کوردیی، دوو قەڵەمی پێش ڕاپەرین و دوو قەڵەمی دوای ڕاپەڕین، لە كتێبەكەدا بە نموونە وەرگیراون.
بۆ ئەم مەبەستە دڵشاد كاوانی نووسەری كتێبەكە ڕایگەیاند: هەر چوار ڕۆمان لەپاڵ جوانییەكانیاندا كۆمەڵێك كەموكوڕیان هەن، كە نووسەرانیان درکیان پێ نەکردووە و لەم كتێبە وەك كاری ڕەخنەیی پەنجەی خراوەتەسەر.
ڕۆمانەكانیش پێكهاتوون لە ڕۆمانی هەیئەی سەلام عەبدوڵڵا. لەدایکبوونی دووەم. پێشڕەو عەبدوڵڵا. کانێ بچووکێ جوان عوسمان. خەونەکانی مەتڕان. زرار سەرتاش. بایۆڕۆمانی غهمبار. ئیبراهیم عومەر مەلازادە.
هەروەها گوتی: بەشی دووەمی کتێبەکە سێ نامەی ئەدەبین، نامەی یەكەم بۆ ئەو كەسانەنن كە دەیانەوێت بەشێوەیەكی زانستییانە ڕۆمان بنووسن و ڕەگەز و بنەما زانستییەكانی ڕۆمانی تێدا خراوەتە ڕوو. دوو نامەکەی دیکە بۆ ئەو ڕۆماننووس و کتێبانە نووسراوە کە بەر لە چاپبوونی کتێبەکان، بە مەبەستی پێداچوونەوەی ئاراستەی خاوەنەکانیان کراوە.
لە كتێبی گرفتی دەقدا هاتووە، گەورەترین هەڵەی ڕۆمان نووسین لەوەدایە کە دەقاودەق لاسایی ڕۆمانی جیهانیی بکرێتەوە. زۆربەی ڕۆمانە بەناوبانگەکانی دونیا، بەتایبەتیی ڕۆمانی ڕۆژاوایی کە بە زمانێکی سادە بابەتێکی قووڵ باس دەکەن. وەلێ ڕۆمانی کوردیی بە زمانێکی قووڵ و ئاڵۆز، شتێکی سادە دەگێڕێتەوە. ئەم شێوازە لە دەربڕینی دەقی ئەدەبیدا بۆ هەردوو لا ڕاستە. پەیوەندیی بە ئازادیی و پێشکەوتنی کۆمەڵگەکەوە هەیە، چونکە پانتایی ئازادیی و پێشکەوتن لە نووسیندا پەیوەستە بە نەریتە باوەکانی کۆمەڵگە و دۆخی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی ئەو گەلە کە ڕۆماننووس تێیدا لە دایک دەبێت.
كتێبی گرفتی دەق لە ڕۆمانی كوردیدا دووەمین كتێبی ڕەخنەیی نووسەرە لەبارەی ڕۆمانەوە. هەروەها یانزەمین كتێبی چاپكراویەتی كە بۆ یەكەمجار چاپ و بڵاو دەبێتەوە.