كارزان گلی – ههولێر
شەش ساڵ لەمەوبەر، بەهۆی كوشتنی جەمال قاشقچی، لەلایەن چەند كەسێكی سەر بە شازادە سەلمان لە توركیا، پەیوەندی دیپلۆماسی و ئابووریی نێوان توركیا و سعوودیا كۆتایی پێ هات، بەڵام ماوەی ٢ ساڵ دەبێت پەیوەندییەكانیان پێی ناوەتە ناو بەهارێكی خۆشەوە.
لە ٢٠١٨ قاشقچی، كە رۆژنامەنووسێكی سعوودی ئۆپۆزسیۆن بوو، بەشێوەیەكی دڕاندانە لە توركیا كوژرا و تەرمەكەشی بە تیزاب توێنرایەوە، حكوومەتی توركیا، شا سەلمانی تۆمەتبار كرد كە بە فەرمانی ئەو خاكی توركیا بەكار هاتووە بۆ كوشتنی قاشقچی و بە توندی دژی سعوودیا وەستانەوە، بۆیە سعوودیا هەموو پەیوەندییەكی دیپلۆماتیک و ئابووریی لەگەڵ توركیا بچڕاند.
ماوەی ٢ ساڵ دەبێت، پەیوەندی توركیا و سعوودیا بەرەو باشی دەڕوات، ئەم باشی پەیوەندییەش وای كردووە كوشتنی قاشقچی بیر بچێتەوە و هیچ لایەك باسی ناكات.
توانەوەی بەستەڵەكی نێوان ئەو ٢ وڵاتە لە ٢٠٢٤ بوو، كاتێك دەزگای وەبەرهێنانی هەردوو وڵات لە ئیستانبۆل كۆ بوونەوە و بڕیاریان دا ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوانیان برەو پێ بدەن. ئەوكات محەمەد شیمشەك لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی: ”توركیا راستەڕێ بووە بەوەی لەگەڵ سەرمایەدارانی جیهانیدا كار دەكات، سعوودیاش یەكێكە لەو وڵاتانەی دەیەوێت لەگەڵ كۆمپانیاكانی توركیا كار بكات.“ بەگوێرەی زانیارییەكان، لە كۆبوونەوەی لوتكەی وڵاتانی ئیسلامی لە ریازی پایتەختی سعوودیا لە ١١/١١/٢٠٢٤ كە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا بەشداری تێدا كرد، محەمەد شا سەلمان، شای سعوودیا و ئەردۆغان، لە یەكێك لە هۆتێلەكانی ئەو شارە كۆبوونەتەوە، بەڵام تەیانهێشتووە میدیاكان بیزانن، بۆیە پەیوەندی نێوان ئەو دوو وڵاتە لەوكاتەوە زۆر بەرەو باشی دەڕوات.
ئاڵۆگۆڕی بازرگانیی نێوانیان گەیشتووەتە لووتكە
ئەگەرچی لە نێوان ئەو ٦ ساڵەدا ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ئەو دوو وڵاتە لەوپەڕی خراپیدا بوو، بەڵام لە ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ بەرەو لووتكە هەنگاو دەنێت. بەر لە رووداوی قاشقچی، ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان توركیا و سعوودیا ساڵانە ٥ملیار دولار بووە، بەڵام دوای ٢٠١٨، ئەو رێژەیە بۆ ٢٦٥هەزار دۆلار كەم بووەوە، كە لە توركیا بە سفر ناوی دەهێنن. لە ٢٠٢٢، هەوڵ درا ئەردۆغان و شازادە شەلمان لە یەكتری نزێك ببنەوە، ئەمەش كاریگەریی لەسەر ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوانیان كرد، بۆیە لەو ساڵەدا ئاڵوگۆڕی بازرگانی گەیشتە ملیارێک و ٥٠٠هەزار دۆلار.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەزگای ئاماری توركیا بڵاوی كردووەتەوە، لە ٢٠٢٤، ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات گەیشتووەتە ٢ملیار و ٩٠٠هەزار دۆلار، چاوەڕوان دەكرێت بۆ ٢٠٢٥ ئەو رێژەیە زۆر بەرزتر ببێتەوە.
نزیكەی ٢٠٠ كۆمپانیای توركی لە سعوودیا وەبەرهێنان دەكەن
دامەزراوەی پەیوەندییەكانی ئابووریی دەرەوەی توركیا بڵاوی كردووەتەوە، ٢٠٠ كۆمپانیای توركیا لە سعوودیا وەبەرهێنان دەكەن، وەبەرهێنانەكانیش لەو بوارانەدایە: دروستكردنی باڵەخانە، تەندروستی، وزە، مۆبیلیات و، گەشتیاری. بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی ئاژانسی (DW)ی توركی بڵاوی كردووەتەوە، لەوكاتەوەی ئەردۆغان و شا سەلمان كۆبوونەتەوە، كۆمپانیاكانی توركیا، لە سعوودیا بەرێژەی ١٠ملیار دۆلار وەبەرهێنانیان وەرگرتووە و ئێستا كاری لێ دەكەن. بەگوێرەی ئەو پلانەی سعوودیا دایناوە، بەنیازە تا ٢٠٣٠ بەرێژەی یەك ترلیۆن دۆلار، لە ١٢ شاردا وەبەرهێنان لە كەرتی گەشتیاری و ژێرخاندا بكات، تا بتوانێت ساڵانە پێشوازی لە ١٠٠ملیۆن گەشتیار بكات.
بەگوێرەی زانیارییەكان، كۆمپانیاكانی توركیاش پشكیان بەر دەكەوێت لە وەبەرهێنان لەو پلانەی سعوودیا، كە باس لەوە دەكرێت بەرێژەی ٢٠ملیار دۆلار كۆمپانیاكانی توركیا وەبەرهێنان لەو پلانە ستراتیژییەی سعوودیا وەربگرن.