پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبی ساڵی ٢٠٢٤ بەخشرایە هان کانگ، ژنە نووسەری کۆریای باشوور

لە فارسییەوە: ئەرسەلان حەسەن

ئەکادیمی سووید ڕایگەیاند، خاتوو هان “ئەم خەڵاتەی بەهۆی پەخشانە شیعرە چڕوپڕەکانی پێ بەخشرا کە بەگژ ئازارە مێژووییەکاندا دەچێتەوە و کولەمەرگی ژیانی مرۆڤ وێنا دەکات”.
لەپێدانی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبی لە ساڵی١٩٠١ەوە، ١٢١کەس نۆبڵی ئەدەبیان وەرگرتووە. چوارجار ئەم خەڵاتە بەهاوبەشی بەدوو کەس دراوە. ئاکادیمی سوویدی براوەی ئەم خەڵاتە دیاریدەکات. ئەم ئەکادیمیا بۆماوەی ٥٠ساڵ پاڵێوراوانی ئەدەبی نۆبڵ بەنهێنی دەهێڵێتەوە.
ئەم ئەکادیمییە لەڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت، هان کانگ هۆشیاری بێوێنەی لەپەیوەندی نێوان جەستە و ڕۆح، بوونەوەرە زیندوو و مردووەکاندا هەیە و بەشێوازی شاعیرانە و ئەزموونەکەی، شێوەیەک پەخشانی ئەدەبی هاوچەرخی داهێناوە.
هان لە ساڵی١٩٧٠ لە گوانجۆ لە کۆریای باشوور هاتووەتەدنیاوە. لەتەمەنی ٩ساڵی لەگەڵ خێزانەکەی چووەتە سیئۆلی پایتەختی کۆریای باشوور. باوکیشی (هان سیونگ وۆنە)، ڕۆماننووسێکی دیاری کۆریای باشوورە. هان لەگەڵ نووسینی ڕۆمان، لەمیوزیک و هونەریش چالاکە و بۆئەمەش سوودی لەبەرهەمە ئەدەبییەکانی وەرگرتووە.
ئەم نووسەرە تەمەن ٥٣ساڵە لە ساڵی٢٠١٦ بەهۆی ڕۆمانی “ڕووەکی”، خەڵاتی نێودەوڵەتی بووکەری وەرگرتووە و لە ساڵی٢٠١٥ وەرگێڕانە ئینگلیزییەکەی چاپکراو جێگای سەرنجێکی زۆر بوو.
هان کانگ لەمێژووی زیاتر لە سەدساڵەی ئەم خەڵاتە، هەژدەم ژنی براوەی نۆبڵی ئەدەبییە. هان یەکەم کەسە لەکۆریای باشوور، ئەم خەڵاتە وەردەگرێت.
“کتێبی سپی”، “کاری مرۆڤانە” و “چەند وانەیەکی یۆنانی”، ناونیشانی کتێبی دیکەی “هان”ە. سەرەتای کاری ئەدەبی بەنووسینی شیعر دەستپێکردووە و ژمارەیەک لەشیعرەکانی لە ساڵی١٩٩٣ لە گۆڤاری “ئەدەب و کۆمەڵگا”، لە کۆریای باشوور بڵاوکراونەوە.
لە ساڵی١٩٩٥، یەکەم بەرهەمی کورتەچیرۆکی “خۆشەویستی یوسو”، بەزمانی کۆریای باشوور و دواتر چەند کورتەچیرۆک و ڕۆمانی بڵاوکرانەوە. لەوانە ڕۆمانی “دەستە ساردەکانی تۆ”، پەیوەندی هان بەهونەر دەردەخات. ئەم ڕۆمانە، چیرۆکی پەیکەرسازێکی ونی شەیدای دروستکردنی قاڵبی گەچی جەستەی ژنانە. هان لە زانکۆی یۆنسێی ئەدەبی کۆری خوێندووە، لە ساڵی ١٩٩٨ هان لە پرۆگرامی نووسینی نێودەوڵەتی زانکۆی ئایۆوا ناوی تۆمار کردووە. لەئێستادا سەرقاڵی نووسینی شەشەمین ڕۆمانییەتی.
www.bbc.com