“منداڵان لە چاو گەورەكان زۆرتر لە مەترسی پەتا زستانییەكاندان و توشی ئەنفلۆنزای وەرزی دەبن”

كۆتایی پاییز و سەرەتای زستان، دووبارە بوونەوەی ئەو دیمەنانەیەكە باوك و دایك زۆر دەبینرێن كە منداڵەكانیان لە باوەش گرتووە و لە چاوەڕوانی بینینی پزیشكدان.

لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما، منداڵان لە چاو گەورەكان زۆرتر لە مەترسی پەتا زستانییەكاندان و توشی ئەنفلۆنزای وەرزی دەبن، پزیشكانیش نایشارنەوە كە پێویستە دایك و باوكان لە باشتر لە نەخۆشییەكان بگەن چیدیكە لە خۆڕا ئەو دەرمانانەی وەریدەگرن یانیش لای یارێدەدەری پزیشك دەیهێنن نەیدەنەمنداڵاەكانیان، چونكە ئەو دەرمانانە زۆر جار نەك سوودیان بۆ ئەو نەخۆشییانە نییە، بەڵكو زیانی هەیە.
لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان دایكان هەڵدەستن بە ئامادەكاریی بۆ چۆنیەتی پاراستنی منداڵەكانیان لە پەتا و نەخۆشیی زستانە، لەبەر ئەوەی منداڵان زیاتر تووشی پەتای زستانە دەبن. ئەویش بە هۆی ئەوەیە كە سیستمی بەرگرییان تەواو پێنەگەیشتووە، هەر بۆیە زۆر گرنگە دایك و باوك كار بكەن لەسەر بەرزكردنەوەی سیستمی بەرگریی منداڵ هەر بۆیە پزیشكان بۆ ئەو هەنگاوەش سێ پێشنیاریان هەیە:
یەكەم: برەودان بە سیستمی خۆراكی. چونكە زۆرجار سیستمی خۆراكیی خراپ دەبێتە هۆكاری كەمیی ڤیتامینەكان لەوێشەوە بۆ دابەزینی بەرگری لەش، بۆیە هەمەجۆری و هەمەچەشنیی خۆراك لە ژەمەكان و شەوچەرەكاندا هۆكارێكی باش دەبێت بۆ ئەوەی لەش كەموكورتی نەهێنێت لە ڤیتامینەكان و كانزاكان و ئەوانەش پاڵپشتیی باش دەبن بۆ بەرگری و تووشنەبوون بە نەخۆشی و پەتا وەرزییەكان بەتایبەتی.
دووەم: بایەخدان بە جلوبەرگ و ئەو پۆشاكانەی كە تایبەتن بە وەرزەكانی سەرما، چونكە پۆشاكەكان و جلوبەرگەكان هەردەم بەرگر و بەرگیرێكی باشن بۆ پاراستنی جەستە لە نەخۆشییەكان.
سێیەم: هوشیاریی تەندروستی، بەئاگابوون لە چۆنیەتی و كاریگەری و سیستمی خۆپارێزی لەمەڕ ئەو نەخۆشییانە، كە بێگومان خانەوادەكان لەم رووەوە ئەگەر رۆشنبیرییان زیاتر بێت، ئەوا منداڵ باشتر خۆی دەپارێزێت و كەمتریش تووشی ئەو نەخۆشییانە دەبێت.
پزیشكان ئاماژە بەوە دەدەن كە لەم وەرزەدا بەردەوام حاڵەتەكانی هەوكردنی هەوكردنی لەوزەتێن، رەبۆ، بۆریچكەكانی هەوا، كۆكەڕەشە، هەوكردنی سییەكان، زۆرن، هەر بۆیە ئامۆژگارییان بۆ دایك و باوك هەیە كە پێویستە لەو حاڵەتانەدا چەند هەنگاوێكی گرنگ هەیە بیگرنە بەر ئەوانیش بریتین لە: پشوودان و نووستنی پێویستی منداڵ، زۆر خواردنەوەی شلەمەنییەكان، میوەكان، فێنككردنەوەی منداڵ ئەگەر پلەی گەرمیی بەرزبوو.
د. سیما سابیر، پزیشكی منداڵان و خێزان دەڵێت: منداڵی تووشبوو بە هەڵامەت و پەتا تەنیا دەبێت دەرمانی دابەزێنەری پلەی گەرمی پێ بدرێت وەك پاراسیتۆڵ و پرۆفین و بە هیچ جۆرێك بەبێ ئاگاداریی پزیشك نابێت دەرمانی دژەزیندەی پێ بدرێت، چونكە زۆربەی ئەو حاڵەتانەی هەڵامەت و پەتا ڤایرۆسین و كاتێك كەسەكە تووشی دەبێت، دەرمانێكی تایبەت نییە كە ڤایرۆسەكان لەنێو ببات، بەڵكو ڤایرۆسەكە دەبێت هەر سووڕەكەی خۆی تەواو بكات.
لەكاتی توشبوون بە پەتا، ئەو خواردنەوانە كەم بكرێتەوە كە كافایین لە پێكهاتەیاندا هەیە.
نیشانەكانی پەتای وەرزی:

  • بێهێزی لە سەرەتای توشبوون بە ڤایرۆسەكە.
  • سەرئێشەو سووربوونەوەی چاو و قوڕگ ئێشە.
  • پژمین و دەردانی دەردراوەكانی لووت (هەڵامەت.)
  • بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای لەش.
  • ئازاری ماسوولكەكانی لەش بە شێوەیەكی گشتی و بەتایبەت لە نێوان جومگەكان.
    خۆپاراستن لە نەخۆشییەكە:
    1.دوركەوتنەوەی لە كەسی توشبوو، بەتایبەت لەناوماڵ و لە شوێنی كاركردن و قوتابخانەكان لە كاتی بوونی نەخۆش پێویستە كەسی توشبوو لەگەڵ كەسی بەرامبەر دووریی نێوانیان لە یەك مەتر زیاتر بێت.
  1. هەواگۆڕكێ، یان كردنەوەی پەنجەرە لەكاتی هەبوونی توشبوون بە ئەنفلۆنزا.
    3.لەكاتی پژمینی كەسی توشبوو، پێویستە دەستەسڕ بەكاربهێنێت بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی دەردراوەكانی پژمینەكە.
  2. خواردنی ئەو میوانەی (ڤیتامین سی)ی زۆری تێدایە، وەك پرتەقاڵ و لیمۆ و لالەنگی.
  3. خۆدوورخستنەوە لە خواردنەوەی گەرمیی وەك شیری كوڵاو كە ئەمە باوە لەكاتی تووشبوون بە ئەنفلۆنزا ئەم كارە زۆر دووبارە دەبێتەوە، بەڵام بەهۆی ئەو خواردنە گەرمەوە چالاكیی بەكتریا و ڤایرۆس لە قوڕگدا زیاتر دەبێت، هەروەها پلەی گەرمیی لەش زیاتر دەبێت.
  4. كوتان بە ڤاكسینی ئەنفلۆنزا كە لەم ساڵانەی دواییدا بڵاو بۆتەوە.
  5. بەكارهێنانی هەندێك جۆری دەرمانی دژە هەوكردن لەژێر چاودێریی پزیشكی پسپۆڕی ئەو بابەتە، ئەویش بە تەنیا بۆ كەمكردنەوەی هەندێك لە نیشانەكانی دەبێت.
  6. خۆپاراستن لە سەرما، بەتایبەت لەم وەرزەدا كە پلەكانی گەرما لە كاتەكانی رۆژا لەگەڵ شەو جیاوازن.
ھەواڵی زیاتر