مرۆڤ لەخۆتەن شەڕانییە یان ژیان شەڕاوییە؟

گوھدار ئاكرەیی

دەتوانم بڵێم سروشتی مرۆڤ بەگشتی وایە، زۆر جار لە ناخیەوە کێشە بۆ خۆی دەنێتەوە، لە هەمان کاتدا بەهەمان ناخەوە کێشەکە دەڕووخێنێ، بێ ئەوەی ژیان ئاگای لە کێشەی ئەو هاوکێشەیە هەبێت، یا دەستی تێدا هەبێت. نەک هەر ئەمە بەڵکو زۆر جار لە بنەڕەتدا هیچ کێشەیەک نییە تەنیا شیکاری گریمانەکانی بەشێوەیەکی نادروست لەدایک بووە لەو چرکەساتە بەرامبەر بەو شتە! دەتوانین بڵێین، ئەمانەش هەمووی زیاتر بۆ ئەو بۆچوون و تێگەیشتنەی تاکەکە دەگەڕێتەوە کە لە هەمبەر ژیانەوە هەیەتی یا بۆی دروست بووە. چونکە شتێکی ئاشکرایە هەندێ لە کەسەکان لە زۆر لە لایەنەکانی ژیان بەپێی پێویست لێی حاڵی بوونە، بەپێچەوانەوە هەندێکی تریش تێگەیشتن و بۆچونێکی پڕ لە ترس و گوماناوییان بەرامبەر بە ژیان بۆ درووستبووە! ئەمەش لە دەرەنجامی جیاوازی شێوەی ئەقڵیەتەکەی، جۆری بیرکردنەوەکانی، لە هەمبەر تەواوی بابەتەکانی ژیان.
بەمەش تاک جۆرە تێگەیشتنێکی نەرێنی یا ئەرێنی لە رۆحدا بۆی دەنێژرێ لە هەمبەر ژیانەوە، دەبێتە شتێک لێی نابێتەوە! کەواتە یەک لە بەڵگەکان، ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێ کەوا مرۆڤ لەسەرەتادا کەسێکی شەڕانگێز نیە، بە شەڕانگێزی لەدایک نەبووە، بەڵکو بە سروشتی خۆی شارستانیە.
بەلام لێرەوە پرسیارێک دێتە ئاراوە ئەی ئەگەر مرۆڤ بە شەڕانخوازی لەدایک نەبووە، ئەی ئەم هەموو مرۆڤە شەڕانگێزانە لەکوێ دروست بوونە؟ یا لە کوێ لەدایک بوونە؟ جا بەر لەوەی وەلامی ئەم پرسیارە بدەینەوە.. هەروەکو لە سەرەتاوە ئاماژەم پێ کرد، لە بنەڕەتدا مرۆڤ بە سروشتی خۆی شارستانە، بەڵام بە چ کارێک کەسێکی شەڕانگێزی لێ دروست دەبێت؟ چونکە شتێکی روون و ئاشکرایە و یاسایەکی سروشتییە هەر کردارێک کاردانەوە و ئەنجامێکی لێ لەدایک دەبێت.
بۆ ئەم مەبەستەش، پێویستە ئەوە بزانین کێشەی سەرەکی کە ژیانی مرۆڤی بەگشتی تێک داوە، جیاوازی و روانینە ئاینی و زانستی و مەرام و حەز و، زەحمەتی پەیداکردنی بژێوی ژیان و دابینکردنی شوێنی حەوانەوەی مرۆڤ و هتد، ئاسان نەبووە، تا ئەم چرکەساتەی ئێمە، ژیان دەکەین.
بەپێچەوانەوە تادێت ئاستەنگ زیاتر بووە، هەر ئەم هۆکارانەن مرۆڤی دووچاری هەڵە کردووەتەوە یا پەلکێشی کاری نادروستی کردوون! ئیتر هەرئەوەندەیە کەسەکە لایەنی نەرێنیەکەی وەرگرت، تا ئەبەد لەگەڵ ئەو چارەنووسە نەرێنیە دەناڵێنی و هەڵسوکەوتی وەک کەسێکی شەڕانخواز بەدەر دەکەوێت، لەسەر ئەم هەڵسوکەوتە نامۆیە رادێت و تادێت کردەوەی نابەجێی تریش دەکات، دەبێتە خۆراکی زەمەن یا رۆژگار! کەواتە ئەمانەش ئاماژەن بۆ ئەوەی بیرکرنەوەیەکمان بۆ دروست ببێت کەوا هەرچی ئەقڵیەتی شەڕانگێزیە، ئەقڵیەتی خێرخوازیە، لە یەک شوێنی دنیادا هەیە! ئەویش لە ناخی خودی ئیرادەی مرۆڤە. لە دەرەنجامی جۆری ئەقڵیەتەکان و بیرکردنەوکانی مرۆڤ و باروودۆخی نالەبار دروست دەبن. ئەگەر نا هەر چەندیتر وورد بینەوە بەهیچ بارێک هیچ دژایەتی و ناتەباییەک نییە لەنێوان سروشتی ژیان و مرۆڤدا. هەموو ئەو رووداو و کارەساتە نەخوازراوانەی سروشتیش، هیچ مەبەستدار نیە، بەڵکو سۆزهێنەرە! هەرچەندە ئەم رووداوە سروشتیانە زۆر جار زەرەر و زیانیش لەگەڵ خۆیدا دێنێ، بەڵام لە بنەڕەتدا سوودی زیاترە بۆ ئێمەی مرۆڤ، بۆئەوەی ژیان بەردەوام بێت، مرۆڤ بتوانێت لەگەل سروشتی ژیاندا بگونجێت؛ کەواتە نە مرۆڤ، نە ژیان بە شەڕانگێزی لەدایک نەبوونە، هەموو بۆ ئەو جۆرە ئەقڵیەتەی مرۆڤ و زەحمەتی سروشتی ژیان، تاچەند گەڵ یەكتر دەگونجێن ، دەگەڕێتەوە

ھەواڵی زیاتر