دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

پارێزگارى هه‌ولێر پێشوازى لە کونسوڵی ڕوسیا لە هەولێر کرد

 

ئەمڕۆ دووشەممە 2024.11.25، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هه‌ولێر، له‌ دیوانى پارێزگا، پێشوازی ماکسیم ڕۆبین، کونسولی گشتیی روسیا لە ھەولێر کرد.

لە دیدارێکدا، بیروڕا لە بارەی پەیوەندیەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و وڵاتی روسیا ئاڵوگۆڕکران و جەخت لە بەردەوامی پەیوەندیەکانی نێوان ھەردوولا کرایەوە، لەوبارەیەشەوە پارێزگارى هەولێر تەئکیدى لە پەیوەندیە مێژوویەكانی نێوان هەردوو گەلی كوردستان و گەلی ڕووسیا کردەوە و ئومێدى خواست بەڕێزیان هۆکارێک بێت بۆ زیاتر بەرەوپێشبردنى پەیوەندییە مێژووییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و وڵاتەکەى.

لەبەرامبەردا کونسولی گشتیی ڕوسیا، پێزانینی بۆ پشتگیری و هەماهەنگیی پارێزگارى هەولێر لەگەڵ کونسولخانە دەربڕی و پێگەی هەرێمی كوردستانی بۆ وڵاتەكەی بە گرنگ وەسف كرد و ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمى کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا نیشان دا.

لە تەوەرێکی تری دیدارەکەدا، باس لە دەستپێکردنی میکانیزمی دەستەخوشکی هەولێر و شاری تولای ڕوسیا کرا، بۆ ئەو مەبەستەش هەردوولا جەختیان لە ئامادەکارییەکان کردەوە.