حەیات مەجید
مەسەلەیەک هەیە دەڵی ( ئەگەر وەک شاژن سەیری خێزانت بکەیت تۆ دەبیتە شا). بە پێچەوانەوە ئەگەر بە چاوێکی کەم سەیرت کرد تۆ خۆت کەمتری لەوەی کە ئەوی پێ هەڵئەسەنگێنیت، هەر لەسەر ئەم بابەتە لە میدیا و سۆشیال میدیاکاندا لە لە زۆربەی تیڤیە پڕ بینەرەکانەوە تا پەیجە فەیکەکانی سۆشیال میدیا. هەندێکیان زۆر بە ئۆرگەنایزی و هەندێکیان چاولێکەری و هەندێکی تریان بە چاوی رق و گومان و تۆڵەوە کار دەکەن بۆ کەمکردنەوەی ئاستی ئافرەت و لێدان لە کەسایەتی و هەیبەت و پێگەی ئافرەت.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ئافرەتان بەشێکی گەورەی پێکێنەری کۆمەڵگا و کۆڵەکەی پێکهێنانی خێزان و پەروەردەکار وخزمەتکاری خێزان بە مانا پڕ بەهاکەی، نەک بە مانای کەمکردنەوەی، ئەمە جگە لە دەوری بەهيزی ئافرەتان لە پەرەسەندن و بەرەو پێش چوون و هەنگاو نانی جدیان و کاریگەریان لەسەر کۆمەڵگە. لە دونیای پووچگەرای ئێستا ماندا لەبەر ئەوەی وەسائیلی گەندیان ئەوەندە زۆر بووە زۆر بە ئاسانی هەموو تاکێک دەستی دەگات بەوەی بیەوەی بیبینت و بیبیسێت بیکات.
ئەم دونیای پووچگەراییە بە ئاسانی کەسە نەزان و مێشک پووچەکان بە هەرزانترین شێوە دەناسێنیت لە کەمترین کاتدا بە کۆمەلگە، لەبەر ئەوەی ئێمە لە هەرێمێکی بچوکین و بە ئاسانی هەموو شتێک بڵاو دەبێتەوە و خەڵک وەک ترێند کۆپی شتە هیچ بي ماناکان دەکەنەوە کە ئەمە نەک بۆ خەندە خستنە سەر ليوی ئەو هەموو بینەرەیە کە رۆژانە کويرانە تەماشایی سەدان ڤیدۆی بێ ماناو پڕ لە وشەی نەشیاو دەکات. زۆر جار مرۆڤ بە تەنهاش سەیر بکات و گوێ بگری هەست بە شەرم دەکات، بارام بەگ وتەنی ( رۆژی لەبری سەد کەس تەریق دەبمەوە) ئەوە مرۆڤی سەنگینە هەست بە کاریگەریە نەرێنیەکانی ئەو هەموو بابەتە هيچ ئامێزەی کە کاری تەواو دەکەن بۆ ڕوخاندن و لەکەدار کردنی کەسایەتی مرۆڤ بە تایبەتی ئافرەت دەکات. نمونەی ئەو نێرەی کە ڕیکلامی بۆ تێکچوونی خێزان و مردنی خاتوونی ماڵ دەکرد لە رێگەی کڕینی پیکابەوە، کە بە شێوەیەکی شۆکهێنەر تەواوی میدیاکان ئەم بابەتە لاوەکیەیان زۆر بارز کرد.
کە بەراستی جێگەی شەرم بوو شتێیەکی وا گرنگی پێبدرێت ئەوەندە ليبدرێتەوە ولە پێناو زیاد کردنی فۆڵو و ڤیووی کەناڵ و پەیجە نا مرۆڤ دۆستەکان ئەم بابەتانە و دەیان بابەتی بێ ماناتر بارز دەکریت لای بینەر.
خۆشی لە بنەمادا هەرزەی و ناکامڵییە بەرامبەر بە گەورەی و پێگەی ئافرەت، لێدانە لە کەسایەتی ئافرەت بە چەندان رێگەی جیاواز ئەمە رێگەیەکیانە.