فازڵ میرانى سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتى کوردستان، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ مامۆستایانی زانکۆ لە هەولێر ئاماژەى بۆ ئەوە کرد کە هەموو بنکە جەماوەرییەکانى کوردستان بنەماى دروستکردنى دەوڵەتێکن کە دەمێکە پارتى دیموکراتى کوردستان کارى بۆ دەکات.
سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتى کوردستان گوتیشى: “بۆ هەر پرۆسەیەکى سیاسی ئێمە پێویستمان بە حزب و بنەما و پرەنسیپەکان هەیە کە ئەوەش پارتى لە هەموو ڕووەکانەوە ڕابەرایەتى دەکات، ئەو پرۆسەیە کە بارزانیى نەمر لە سەرەتاى سەدەى بیستەمەوە ڕابەرایەتى دەکات و ئیمکاناتی ئەوتۆشی لەبەردەستدا نەبووە، بەڵام هەموو تواناکانى دابین کردووە، بۆیە پارتى 75 ساڵە بەپێوەیە و بەرگرى لە کورد و کوردستان دەکات”.
فازڵ میرانى باسی لەوەش کرد: “هۆکارى چوونى کاندیدانى پارتى دیموکراتى کوردستان بۆ بەغدا بۆ ئەوەیە، کە ئێستا ئێمە وەک پارتى و کوردستانیش سەرمایەى مرۆیی و میکانیزممان لەبەردەست دایە و بۆ تواناى ئەو پرۆسەیەى کە مانەوەى کوردە ئەوەیە کە دەبێ خۆمان بگونجێنین تاکوو ئەو قۆناغە سەختانەى هەن بیانبڕین، بۆیە ئێستا کۆمەڵێک ئومێدمان هەیە و بەدواى دەستخستنى تواناکانەوەین بۆ ئەوەى ئومێدەکانمان جێبەجێ بکەین”.
فازڵ میرانى سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتى کوردستان باسی لەوەش کرد: “ئەو قۆناغە مێژووییانەى پارتى بڕیونى هەر لە سەرهەڵدانى شۆڕشی ئەیلوول و رێککەوتنى11ى ئازارەوە بووە هۆی ئەوەى کە کورد بە ڕێبەرایەتى پارتى دیموکراتى کوردستان ببنە خاوەن درێژترین ماوەى حوکمڕانى کورد بۆ کورد، ئەوەش لە مێژوودا بێ هاوتایە. چونکە ئەوە لەسەر دەستی بارزانیى نەمر و سەرکردایەتیی شۆڕشی ئەیلوول بوو کە لە ساڵى 1975 پڕۆژەى فیدراڵیی بۆ کوردستان دانرا بۆ ئەوەى ئەگەر عیراق بیرۆکەى شەڕی هەبوو لەگەڵ کوردستان، کوردستان خاوەندارێتیى فیدداڵى بکات. بۆیەش دەبێ نەوەى ئێستا و کادیرانى پارتى ئەم قۆناغە بپارێزن”.
گوتیشی: “ئێمە وەک پارتی دیموکراتى کوردستان ماف بە خۆمان دەدەین کە باسی خۆمان بکەین، چونکە پشتمان بە مەرجەعییەت و سەرکردایەتیى خۆمان بەهێزە و هەموو پێکهاتەکانى کوردستان ئەو حزبەیان جێ نەهێشتووە، لە ساڵى 1947کە بارزانى چووە بۆ یەکێتى سۆڤیەتى ئەوسا، 500 کەسی لەگەڵدا بووە، لە ساڵى 1975 هەر بارزانى نەمر کە بەهۆی پیلانى نێودەوڵەتى چووە ئێران و زیاتر لە نیو ملیۆن خەڵکى کوردستانى لەگەڵدا بوون کە ئەوان لە سەرانسەرى کوردستانەوە لەگەڵ بارزانى بوون، ئەوە نیشانەى ئەوەیە پارتى هى هەموو خەڵکى کوردستانە بە هەموو پێکهاتەکانییەوە و سەرۆک مەسعود بارزانیش هەموو تواناى بۆ پاراستنى پارتى بووە بە هەموو پێکهاتەکانییەوە بۆ ئەوەى پارتى هەموو کوردستان بێ، نەک بەشێک و پێکهاتەیەک”.