هاتوچۆی هەولێر سەبارەت بە ڕێکخستنی شەقام و کەم کردنەوەی جەنجاڵی و ڕووداوی هاتووچۆ لە شەقامەکان چەند بڕیارێکی نوێی دەرکرد.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 24-11-2024، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، “لەپێناو ڕێکخستنی شەقام و کەم کردنەوەی جەنجاڵی و ڕووداوی هاتووچۆ لە شەقامەکان و نەهێشتنی حاڵەتی بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا، ئەم بڕیارانەی دا:-
1- قەدەغە بوونی هاتووچۆی پایسکیل و مۆتۆرسیکل بەهەردوو جۆری دووتایە و سێ تایە لەسەر شەقامی خێرای 120م و 150م.
2- قەدەغەبوونی هاتووچۆکردنی ئۆتۆمبێلی قورس کەلەبواری بیناسازی و کشتوکاڵی بەکار دەهێنرێن کەخێرایەکانیان لە 80کم لە کاتژمێرێک کەمترە، لەسەر هەردوو شەقامی 120م و 150م خێرا، بەڵکو دەبێت لەسەر فلات بگوازرێنەوە.
3-قەدەغەبوونی بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا لەسەرجەم شەقامەکانی شاری هەولێر.
هاتوچۆی هەولێر ئاماژەی بەوەش دا، هەرشوفێرێک سەرپێچی ئەم بڕیارە بکات ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتە بەر و ئۆتۆمبێل یان ماتۆڕسکیلەکی دەستی بەسەر دادەگیرێت.