یەکشەممە, تشرینی دووه‌م 24, 2024

مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان و کوشتنی لەسەرخۆی نەتەوەیەک

وەیسی سەعید وەیسی

دیارترین مەترسی لەم سەردەمەدا بۆسەر مرۆڤایەتی بەگشتی و ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی دروستکردن و بڵاوبوونەوە و بازرگانیکردنە بە مادده‌هۆشبه‌ره‌كان و كارتێكاره‌ عه‌قڵییه‌كان،کە بەداخەوە ‌بە ھۆی چەند ھەلومەرجێكەوە بەتایبەتتریش ھاوسنوربوونی ھەرێمی كوردستان لەگەل چەند ولاتێك کار دەکرێت لەم پێناوەیەدا، ئەمەش بە‌ مه‌ترسیدارترین ئافاتی سەردەم دادەندرێت كە ھەڕەشە لەمرۆڤایەتی دەكات، تەنانەت بەپێی ئامارە رەسمیەكان لەسەرتاسەری جیھاندا(183)ملیۆن كەس ئالوودەی ماددەھۆشبەرەكان بوونە.
لە ڕابردوو و ئێستاشدا ھەمیشە ‌ دوژمنانی گەلەكەمان لەم رێگایەوە کاریانکردووە بۆ دوورخستنه‌وه‌ی تاكی كورد له‌ ڕاسته‌ڕێی ڕەسەنی خۆیی و بێ هێزكردنی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانی و رووخاندن و تێكدانی شیرازه‌ و شکۆی خێزان، تەنانەت ماددەی ھۆشبەر ھیچی لەمەترسی تیرۆر کەمتر نییە، ھەر ئەمەشە وای کردووە پارتی دیموکراتی کوردستان لەماوەی ڕابردوودا بابەتی رێگریکردن لەتەشەنەکردنی ماددەی ھۆشبەرە بکاتە دیارترین کارنامەی لیستەکەی لەھەڵمەتی بانگەشەی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ،بەبەردەوامیش سەرۆک بارزانی ھوشداری دەدات لە مەترسی تەشەنەکردنی ماددەی ھۆشبەر کەدواجاریش لە میانەی وتارەکەیدا لە پێنجەمین کۆڕبەندی ئاسایش و ئاشتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگەورەترین تەحەدای ئێستای دانا و بەکوشتنی نەتەوەیەک پێناسەی کرد تەنانەت داوای کرد لە هەموو دەوڵەتان، هەموو لایەنەكان و ئەوانەی خۆیان بە بەرپرسیار دەزانن، بە جیددی لەسەر ئەم بابەتە بوەستن و سنوورێک بۆدروستکردنی كارخانە و دروستکردنی مەوادی هۆشبەر و بازرگانیی پێ کردنی دابندرێت ،پێش ئەوەی ببێتە كارەسات و لە كۆنتڕۆڵ دەربچێت، ئەمەش واپێویست دەکات ھەموولایەنە پەیوەندیدارەکان ھەر یەکەیان بەپێی شێوازی کار کردنیان لەم پێناوەدا کار بکەن ،تاهه‌میشه‌ كوردستان ‌ له‌م جۆره‌ ماددە‌ مه‌ترسیدارانه‌ كه‌ به‌ پیلانی دوژمنان ئاودیووی ‌ ناو خاكی كوردستان دەكرێن، ھەربەپاكی بمێنێته‌وه، ھەرچەندە لەئێستادا لەھەرێمی کوردستان کار بە‌یاسای مادده‌هۆشبه‌ره‌كان و كارتێكاره‌ عه‌قڵییه‌كان دەکرێت، بەڵام دەکرێت لەداھاتوودا ھەمووار بکرێتەوە بەشێوازێک کە لەگەڵ ئێستای مەترسی بڵاوبوونەوەی ماددەکەدا بگونجێت .